خەمەکانی لێپووکی سێرک-ی دانا ڕەئووف

نوێترین بەرهەمی نووسەر و شانۆکار “دانا ڕەئووف” کتێبێکە بەناونیشانی “خەمەکانی لێپووکی سێرک” کە هەڵبژاردەیەکە لە چەند دەقێکی شانۆیی، کە نووسەر هەم کاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجامداون و هەم بەشێک لە دەقەکان ئامادەکردنن بۆ شانۆ. ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە مانگی ئایندەدا بڵاو دەکرێتەوە.

نووسەر سەبارەت بە کتێبە دەڵێت “ئەم کتێبە بریتییە لە چەند دەقێکی شانۆیی، کە ستایل و شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکییان تەواو لە یەکتری جیاوازە و جگە لە (کچە فیلم گێڕەرەوەکە) کە لە ڕۆمانێکەوە، بە هەمان ناوەوە ئامادە کراوە، ئەوانیتر لە عەرەبی و سویدییەوە کراون بە کوردی.”

کتێبەکە کۆمەڵێک دەقی شانۆنووسانی دونیای لە خۆگرتووە کە دەقی هەڵبژاردەی ئەو شانۆنووسانەشن و وەرگێڕ و ئامادەکار بە وردبینییەوە ئەم دەقانەی بۆ زمانی کوردی هەڵبژاردووە.

دانا ڕەئووف؛ یەکێکە لە نووسەر و شانۆکارە چالاکەکانی کوردستان و زیاتر لە 30 کتێبی شانۆیی لە نووسین و وەرگێڕان بە چاپ گەیاندووە و ساڵانە خەڵاتێکی شانۆیش بەناوی خۆیەوە بە تێکستێکی شانۆیی کوردی دەبخشێت. ئێستا لە وڵاتی سودی دەژی.

ھەواڵی زیاتر