بەدیع باباجان(1923-1996)ز

بەدیع  باباجان یان “باوەجان” لە تیرەی باوەجانی عەشیرەتی جاف بووە، لە ساڵی 1923ز لە شاری كەركووك هاتووەتە دونیاوە. بۆ خوێندن هاتووەتە سلێمانی و لە ماڵی ئامۆزاكانی نیشتەجێ دەبێت و دەست بە خوێندن دەكات، قۆناغی ناوەندی لەوێ تەواو دەكات.

بەدیع تەبع و هەوەسی هەر لە منداڵییەوە بەلای هونەرەوە بووە.

لە ساڵی 1945ز پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا تەواو دەكات لە بەشی شێوەكاری، ئەگەرچی تەوحی بەلای مۆزیكدا زۆرتر كشاوە، بەتایبەتی مۆزیكی ڕۆژئاوایی، بەڵام لەبەر ئەوەی نۆتەی  هەڕەی لەبڕ نەكردووە. لەوێش وەرنەگیراوە.

لە ساڵی 1950ز سەركەوتووانە پەیمانگا تەواو دەكات… ئیتر ئەوە وەزعی هونەرە لە عێراق و زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكاندا.. لە ناخەوە دەوڵەوت و دەستەڵات هونەر لە فكر و زیكریانا نییە، ئەوی بواری هونەرییە فەرامۆش كراوە. هونەرمەند بەدیع باباجان بەناچاری لە بەڕێوەبەرایەتیی مەساحەدا دەبێتە كارمەند، سەرەنجام دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانگای هونەر، لەوێڕا دەكرێتە بەڕێوەبەری بەشی خۆشنووسی و زەخرەفە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەوێ بەڕێوە دەبات.

بەدیع بەو شێوە كارە ڕازی نەبووە، زانیویە كار بۆ دەوڵەت یانی مەرگی هونەر و سنوورداركردنە، بۆیە لەگەڵ هاوڕێكەیدا مەكتەبێكی هونەری لە شەقامی ڕەشیدا دەكەنەوە، بەناوی ” مەهدی جبووری” مەكتەبەكەشیان بەناوی خەتی عارەبی بووە.

بەدیع باباجان دەستی بە هاوكاری لەگەڵ ڕۆشنبیرانی كورد و گۆڤارە كوردییەكاندا كردووە، بۆ یەكەم جار وێنەی لە گۆڤاری “گەلاوێژ”دا كێشاوە. لەوەدا سەرنەكەوتووە. 

هەروەها لە گۆڤاری “نزار” دیسان جێگەی پەنجەی هونەری ئەو دیارە.

بەدیع لە ساڵی 1970ز لە یەكێتیی نووسەرانی كورددا دامەزراوە، دروشمەكەی كێشاوە و بەرگی زۆر پەرتووكی جۆراوجۆری دیزایین كردووە، وەك پەرتووكی مارف خەزنەدار لە ساڵی 1972ز شەهیدانی قەڵای دەدەم كە كۆمەڵە چیرۆكی مستەفا ساڵح كەریم بووە، هەروەها بەرگی دیوانی بێخود، دیوانی سەلام، وێنەكانی پەرتووكی كوردی ئەلفوبێی نوێ…

ئەوە حاشاهەڵنەگرە مامۆستا بەدیع خۆشنووسێكی دەستڕەنگین بووە، بڕێك بە خەت نووسیوە.. 

ئەم هونەرمەندە بەلای منەوە شاكاری زیندەگییە، من و خەڵك بەگشتی شانازیی پێوە دەكەین… ئەو پۆرتەرەی شاعیرانی كوردی كێشاوە كە لە مێژووی ئەدەبی كوردی مامۆستا عەلائەدینی سوجادی بەرچاو دەكەون. با ئەوەیش بڵێم مامۆستا عەلائەدین لەگەڵ هونەرمەند بەدیع باباجان بۆ ئەو پۆرتەرانە كاری كردووە، وەسفی ڕوخسار و جۆری جلوبەرگی شاعیرەكانی بۆ كردووە، هەروەها شێوە و شەمایلی بۆ دەرخستووە.

بەهەرحاڵ، ئەو كارە بۆ ئەو كاتە شاكار بووە، هەر نەبێت لە پێشدا لەو بابەتە كارە نەكراوە..

بەدیع باباجان لە رۆژی 15تشرینی دووهەمی ساڵی 1996لە شاری بەغدا كۆچیدوایی كردووە، هەر لەوێش نێژراوە.

ڕیچی گەڕیدە  لە ساڵی 1820ز دێتە كوردستان، لەوێڕا لەسەر دەعوەتی باپیرە گەورەم كەیخوسرەوبەگی گەورە دەڕواتە ناو جاف، لەوێڕا وێنەی كەیخوسرەوبەگ دەكێشێ. ئەو وێنە لەناو كتاوەكەیدا بڵاوكردووەتەوە، خوالێخۆشبوو باوكم ئەو وێنە خەتیەی دەبا بۆ لای بەدیع باوەجان و گەورەی دەكاتەوە، ئەو وێنە گەورەكراوە و ئێستا لای من پارێزراوە.

ئەوی ئازارم دەدا ئەم هونەرمەندە “بەدیع باباجان” كە یەكەمین كەسە لە شاری كەركووكدا لە پەیمانگای هونەرەجوانەكاندا وەرگیراوە و لەگەڵ زۆربەی زۆری ئودەبا و شوعەرای كورددا هاوكاری كردووە. .. كەچی مافی ڕەوای خۆی پێ نەدراوە و ناوی نەهێنراوە و هیچ دەستگایەكی رۆشنبیری نە یادێك نە ڕێزلێنانێك، هەتاوەكوو كۆڕكیشیان بۆ نەكردووە