مەهاباد قەرەداغی. ژنێک لە ڕەنگی چیا

دوێنێ ٩/١٠/٢٠٢٢ی زایینی، دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شاعیر و نووسەر و ڕۆماننووس مەهاباد قەرەداغی تێپەڕی کە بە هۆی پەتای کۆڕۆنا گیانی لەدەست دا. مەراسیمەکە لە لایەن هاوڕێکانییەوە ڕێک خرابوو و چەندین کەسی حزبی و حکومی تێیدا بەشدار بوون.

مەراسیمی دوو ساڵەی کۆچی مەهاباد:

سەرەتای مەراسیمەکە، بە بەڵگەفیلمێک دەستی پێ کرد لەسەر ژیان و بەسەرهات و کار و کردەوە نیشتمانی و ڕۆشنبیرییەکانی مەهاباد قەرەداغی. فیلمەکە کە ناوی لێنرابوو (مەهاباد قەرەداغی ـ ژنێک لە ڕەنگی چیا)، تیایدا بە وردی تیشک خرابووە سەر بزاوت و چالاکییە سیاسی و ڕۆشنیرییەکانی ئەم خاتوونە نووسەرە کە ساڵێک لە زیندانەکانی بەعسدا ئەشکەنجە دراوە و ئازارێکی زۆری چێشتووە بەدەست سیاسبوونەوە و دواتریش لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد، یەکەم بانگەوازی ڕاپەڕین و ڕووخانی بەعس لە زمانی مەهاباد و لە بڵیندگۆی ئامبوڵانسێکەوە بە گوێی گەڕەک بە گەڕەکی شاری کفری دراوە.

دواتر وتاری یەکێتی نووسەرانی کورد ـ مەڵبەندی گشتی، لە لایەن ئازادی عەبدولواحید جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە خوێندرایەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر نووسین و مەزنی کاری ڕۆشنبیری مەهاباد قەرەداغی، بەڵام لەبەر نەبوونی کات وتارەکەی لە نیوەدا بڕی.

پاشان نۆرە هاتە سەر ڕوانگەی هاوڕێکانی مەهاباد قەرەداغی و یەکەم کەس حەمە سەعید حەسەنی نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگر قسەی کرد و بە وردی تیشکی خستە سەر جیاوازی زمانی شیعری مەهاباد کە زمانی کەس نەدەچوو و ژنانەی دەنووسی، هەروەها باسی ئەو زمانە ڕۆحیەی کرد لە شیعرەکانی مەهاباد کە هەمیشە جیاواز بوو و ڕەنگێکی مێنیەی بە باڵای شیعرەکانی دادووریبوو. هەروەها دوانامەی مەهابادیشی (ئە کاتەی بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە لە نەخۆشخانە بووە) خوێندەوە کە بۆی ناردبوو و باسی لەوە کردبوو کە ئەو دەمەی ئۆکسیجینەکەی گەیشتووەتە ٤٠ ئاسمانی بینیوە بە گەلەئەستێرەیەکەوە و پێی گوتراوە تۆ لێرە چی دەکەیت، تا ئەوە چاک دەبێت و ئۆکسیجیی دەگاتەوە سەرووی نەوت و بەمەش نە بەعس و نە کۆڕۆنا نەیتوانیوە بیبەزێنن.

پڕۆفیسۆر دکتۆر شوکریە ڕەسوڵ، یەکێکی دیکە بوو لە هاوڕێکانی مەهاباد قەرەداغی کە باسی تایبەتمەندی و ژنیەتییە بوێرییەکەی مەهابادی کرد لە نێو ڕۆمان و بیرەوەرییەکانی بەتایبەت بیرەوەرییەکانی ئەو ساڵەی کە لە زیندانەکانی بەعس ئەشکەنجە دراوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە مەهاباد نووسەرێکی ماندوونەناس بووە و ئەو بیرەوەرییانەی لە ماوەی ١٠ ڕۆژ نووسیوەتەوە کە نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە بووە و گوتی: “بەداخەوە ئەم ژنە زۆر ئازار درا و ئازارەکەشی نەبڕاوە بوو”. پاشان باسی لەو خەونەی مەهاباد کرد بۆ پرسی سەربەخۆیی کە چۆن بوێرانە و ئازایانە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی گەلی کوردستان، بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کۆڵان بە کۆڵان گەڕاوە بۆ ئەوەی خەڵکی هان بدات تا بچنە سەر سەندووقەکانی دەنگدانی سەربەخۆیی کوردستان.

دواتر دکتۆر سالار عوسمان وتارێکی خوێندەوە و باسی لەوە کرد کە مەهاباد لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و لە لایەن کەسانی سیاسی و ئایینییەوە غەدری گەورەی لێ کراوە و گوتی: ” مەھاباد قەرەداغی، کە مرد، ئازادیخوازەکان بۆی گریان و تاریکپەرست و ڕقنەکانیش جنێویان پێ دا، ژنێک کە تا توانیان بوختانیان بۆ ھەڵبەست، بەڵام ئەو ھەر گەورە و گەورەتر بوو، لە بەرچی؟!. لەبەر ئەوەی ئەو خۆی بوو، بڕیاری دابوو لە پێناو گەلەکەیدا سڵ لە وتنی ڕاستییەکان نەکاتەوە، ڕاست ژیا و ڕاست بیری کردەوە و راست نووسی و ڕاستیش چووە نێو مێژووەوە. تەنانەت بەشێک لە ژنەکانیش دژی مەهاباد بوون، کەچی مەهاباد بۆ ئازادبوونی ژنان کاری دەکرد”.

پەیامی پۆلێک لە ژنە هاوڕێکانی مەهاباد قەرەداغی کە لە دەرەوەی وڵات و لە شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بوون، لە لایەن دکتۆر شەوم حاجی خوێندرایەوە. لە کۆتاییدا پەرتووکی “مەهاباد قەرەداغی ـ ژنێک لە ڕەنگی چیا”، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

پەرتووکی مەهاباد ـ ژنێک لە ڕەنگی چیا:

 هەر لە دووەم ساڵی کۆچی دوایی مەهاباد قەرەداغی شاعیر و نووسەر و ڕۆماننووسیدا، کتێبێک ئامادە کرابوو لە لایەن دکتۆر سالار عوسمان و چەند کەسێکی دیکەوە کە نووسینی تایبەت لەسەر مەهابادی تێدا کۆ کرابووەوە. کتێبەکە کە ٥٠٠ نووسخەی لێ چاپ کرابوو، لە لایەن شۆڕش غەفوورییەوە دیزاینی بەرگ و ناوەرۆکی بۆ کرابوو. کتێبەکە پێک هاتبوو لەم بەشانەی خوارەوە:

ـ لەبری پێشەکی

ـ ساڵژمێری ژیانی مەهاباد قەرەداغی

ـ بەرهەمە چاپکراوەکانی: (شیعر، چیرۆک، ڕۆمان، بیرەوەری، لێکۆڵینەوە، وەرگێڕان و پەرتووکی پەروەردەیی)

ـ پرسه‌نامەکان کە لە پرسنامەی ئەم شوێنانە پێک هاتبوو: (پرسەنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، پرسەنامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

پرسەنامەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ـ لقی هەولێر، پرسەنامەی یەکێتی ئافرەتانی

شەمزینی، پۆڵا سه‌عید، فه‌رحان جه‌وهه‌ر، شۆڕش غەفووری، بەهار عەلی، نەزەند بەگیخانی، شەنگە هاوار، سیروان ڕەشید، ناسک سەعید، فرمێسک مستەفا، ستار ئەحمەد، ساسان عەونی، لەیلا ساڵحی، شاخەوان برایم عەبدوڵا)

ـ لە فەیسبووکەوە کە لە نووسینی ئەم نووسەرانە پێک هاتبوو: (چۆمان هەردی، بەرزان هەستیار، ئاری هەرسین، فەرهەنگ غەفوور، ئاسۆ عوسمان، سروشت بارانی، نەرمین سندی، رێدار سابیر، خانزاد سەعدی)

ـ ئەو شیعرانەی بۆ مەهاباد نووسران بە قەڵەمی (هودا سابیر زەنگەنە، شەنگە هاواری، فرمێسک مستەفا، ئازا حەسیب قەرەداخی، زانا خەلیل)

ـ وتارێکی مەهاباد قەرەداغی

ـ ئەفۆریزم ـ مەهاباد قەرەداغی

ـ بەرەنگاری لە شیعری ژنانی کورددا ـ (مەھاباد قەرەداغی) بە نموونە بە قەڵەمی دکتۆر سالار عوسمان

ساڵژمێری ژیانی مەهاباد قەرەداغی:

ـ ساڵی ١٩٧٨ی زایینی، لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر کردووە.

ـ ساڵی ١٩٨٠ی زایینی، لە ئاداری ئەو ساڵەدا یەکەمین بەرهەمی شیعری لە هەفتەنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە.

ـ ساڵی ١٩٨٠ی زایینی، لە ٢٧ی نیسانی هەمان ساڵ لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لە سۆنگەی شیعری بەرگری زیندانی دەکرێت. لە ئەشکەنجەخانەکانی ئەمنی کفرییەوە بۆ بەعقوبە و لەوێشەوە بۆ زەعفەرانییە و دواتر بۆ ئەمنی عامەی بەغدا دەگوێزرێتەوە.

ـ ساڵی ١٩٨١ی زایینی، لە دادگای سەورە لە بەغدا حوکمی ساڵێک زیندانی بەسەردا دەدرێت.

ـ ساڵی ١٩٨٢ی زایینی، لە ڕێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان درێژە بە تێکۆشانی سیاسی دەدات. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ناو شاردا بە ناوی مەهاباد قەرەداغی شیعر و نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە، لە گۆڤارەکانی شاخیش بە ناوی خوازراوی هەتاو گەرمیانی، ژاڵە، بەردەوام، ئاڵا و هتد.

ـ ساڵی ١٩٨٤ی زایینی، لە پەیمانگای هونەری کەرکوک، بەشی ژمێریاری وەردەگیرێت و لە ١٩٨٧ تەواوی دەکات.

ـ ساڵی ١٩٨٥ی زایینی، یەکەمین کۆڕی شیعری لە هەولێر و سلێمانی پێشکەش دەکات و بۆ یەکەمین جار لە تەلەفیزیۆنی کوردی کەرکووک چاوپێکەوتنێکی ئەدەبی لەگەڵ دەکرێت.

ـ ساڵی ١٩٩١ی زایینی، بەشداری کارا لە ڕاپەڕین و کۆڕەودا دەکات. یەکەمین موژدەی ئازادکردنی شاری کفری لە ١٠ی ئازاردا بە بڵندگۆ دەدا بە گوێی خەڵکی شارەکە.

ـ ساڵی ١٩٩١ی زایینی، لە کۆنگرەی ڕاپەڕیندا دەبێتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

ـ ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، لەگەل مستەفا گەرمیانی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری دەکات.

ـ ساڵی ١٩٩٣ی زایینی، ڕوو لە سوێد دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

ـ ساڵی ١٩٩٤ ی زایینی، دەست بە چاپکردنی بەرهەمەکانی دەکات کە چەندین کتێبی شیعر و چیرۆک و لیکۆڵینەوە و ڕۆمان بوون و لەسەردەمی بەعسدا لەبەر سانسۆر ڕێگەی چاپکردنیان پێ نەدەدرا.

ـ ساڵی ١٩٩٨ ی زایینی، بەرنامەی پانۆراما لە تەلەفیزیۆنی میدیا ئامادە و پێشکەش دەکات.

ـ ساڵی ١٩٩٩ ی زایینی، لە یەکی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا کچە تاقانەکەی شاکار لە دایک دەبێت.

ـ ساڵی ٢٠٠١ ی زایینی، لەگەڵ دوو خانمی تردا شنە هیدایەتی و مونیرە موفتیزادە، ڕێکخراوی پرۆژەی ژنی کورد دادەمەزرێنن و داخوازینامەی ژنی کورد بەرهەم دەهێنن و چەندین کۆنفڕانسی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بۆ دەگرن کە سەرەتا و ڕاگەیاندنەکەی لە هۆڵیکی پەرلەمانی بەریتانیا دەبێت.

ـ ساڵی ٢٠٠٣ ی زایینی، دەبیتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی سوید.

ـ ساڵی ٢٠٠٤ ی زایینی، لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان کۆنفڕانسی «داخوازینامەی ژنی کورد» ساز دەکەن و داخوازینامەکە پیشکەش بە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ـ ساڵی ٢٠٠٤ ی زایینی، کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی ستۆکهۆڵم تەواو دەکات، لێکۆلینەوەکەی دەربارەی دەروونناسی پەروەردە دەبێت لە ژێر ناوی زمان، ڕامان و ناسنامە›.

ـ ساڵی ٢٠٠٥ ی زایینی، لەسەر داخوازی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئافرەتان و یەکسانی. بە پرۆژەی سیاسەتی یەکسانی و دامەزراندنی دەزگای یەکسانی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەست بە کار دەبێت.

ـ ساڵی ٢٠٠٨ ی زایینی، دەبێتە ئەندامی لیژنەی باڵای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.

ـ ساڵی ٢٠١٠ ی زایینی، دەبێتە ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتی نووسەرانی کورد.

ـ ساڵی ٢٠١٢ ی زایینی، دەبیتە بەڕێوەبەری پەیمانگای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

ـ ساڵی ٢٠١٣ ی زایینی، دەست بە پڕۆژەی گۆڤاری هزری وەرزی شیکار دەکات و لە هەمان پەیمانگا ژمارە سفری لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

ـ ساڵی ٢٠١٣ ی زایینی، بەشی ئینگلیزی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سابیس تەواو دەکات.

ـ ساڵی ٢٠١٨ ی زایینی، دەبێتە ئەندامی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ـ لە ڕۆژی ٩/١٠/٢٠٢٠ بە نەخۆشی کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد.

ھەواڵی زیاتر