حەیدەر عەبدوڵڵا
ئێمەی كورد وەک زۆر لە گەلانی دیكەی گێتی، درەنگ دەستمان بۆ نووسین بردووە؛ مێژووی ئەدەبیمان قۆناخ دوای قۆناخ لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە، بەشێوەی زارەكی و پچڕپچڕ گواستراوەتەوە، هەربۆیە گێڕانەوەكانمان جوداوازییان تێ كەوتووە و هێندێك جار دژ بە یەكیش وەستاونەتەوە. ئێستا دوای پێشكەوتن و دەركەوتنی چەندان شێوازی نووسین و هەڵگرتن و پاراستنی دەق، هێشتا زۆر پێویستیمان بە ئەدەبی زارەكی ماوە و لە سۆراخكردن و پشكنین نەگوزەراوین.
لە مێژوودا، دەیان شاعیری بلیمەتان هەبوون، دوایی ناو و سەدایان ون بووە، كەچی ئێستایش شیعرەكانیان بەسەر زاری خەڵكەوەیە، هەر ڕۆژە و بە ناوێك گوزارشیان لێ دەكەن و دەیاننووسنەوە. یاخود شیعرگەلی چەندان شاعیری گومناو ڕژاونەتە نێو دیوانی شاعیرێك و بە ناوی ئەوەوە تۆمار كراون. لە شارەكاندا ئەگەر دەرفەتی پاراستنی دەق ڕەخسابێت، لە لادێكاندا وەك كارێكی بێهودە تەماشا كراوە.
حاجی قادری كۆیی بە شیعر پەسندی حاجی قادری شێخوەسانی دەكات و دەڵێت:
یەکێ هەمنامی خۆم بە خۆم دیبووم
شێخوەسانی بوو مەردەکی مەعلووم
وەکو من بوو بە زاهیری جاهیل
باتینەن شاعیرێکی زۆر کامیل
لێرەدا حاجی قادری كۆیی بە ڕاشكاوی باسی حاجی قادری شێخوەسانی دەكات و بە شاعیرێكی كامڵی لەقەڵەم دەدات، كەچی نەك دیوانەكەی، بەڵكو تاكە شیعرێكیشی دیار نییە! لە دێیەكی دوورەدەستی وەک شێخوەسانان حاجی قادری شێخوەسانان گوم دەبێت و لە شارێكی وەك كۆیەش حاجی قادری كۆیی بۆ هەتاهەتا بە گەشی دەمێنێتەوە! لە كاتێكدا هەردووكیان لە شیعر و ئەدەبیاتدا هاوتای یەك بوونە! مەسعوود محەمەد پێی وایە شیعرەكانی حاجی قادری شێخوەسانی تێكەڵ بە دیوانی حاجی قادری كۆیی بووە، بەتایبەت غەزەلەكانی؛ ڕاستییەكەی ئەمەیش لێكۆڵێنەوە و سمكۆڵی مێژوویی و ئەدەبیی دەوێت.
ئەمەم وەك نموونە هێنایەوە، بۆ ئەوەی بڵێم تا ئێستایش كەسانێك ماون سینەیان وەک دیوانی شاعیران و دەفتەری ئەدیبان و كەشكۆڵی خوێنەران ئاوەدانە، یەک لەوانە حاجی حسێنی شێخوەسانییە، كە بە داخەوە لەم ڕۆژانەدا وەفاتی كرد و بەشێكی زۆری گەنجینەی ئەدەبی زارەكی لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچی گۆڕ كرد.
حاجی حسێن، بە قەد بەرگێكی ڕشتەی مرواری، بگرە زیاتریش، قسەی نەستەق و نوكتەی خۆشكەڵەی لە هەگبەدا بوو. بارتەقای دیوانێك شیعری شاعیرانی لەبەر بوو. یەك دنیا ئەدەبی فۆلكلۆری لەبن زماندا خەوتبوو، دەیان مەتەڵ و بەیت و بالۆرە و سەردوولكە و پەسندی ئایینی ئەزبەر بوو. لە حیكایەت و ئەفسانە و ڕووداوی مێژووییدا، هەر دەتگوت تاڤگەیە هەڵدەڕژێت. ئەگەرچی چەند نووسەرێكی میللی وەک مەرجەعێك سوودیان لێ بینی، بەڵام هێشتا وەك كتێبێكی نەكراوە وابوو. من باوەڕم وایە بەشێك لە شیعرەكانی حاجی قادری شێخوەسانی پەڕیونەتەوە سەر زمانی ئەو. بەهەرحاڵ، ڕۆژانە دەیانی وەک حاجی دەمرن و بەشێك لەو مێژووە دەستلێنەدراوەش دەبەنەوە ژێر خاك، كەچی ئێمەی بێباكیش نە بامان دیوە و نە باران!
زمانی كوردی، كە هێشتا سەتا حەفتای زیاتر لەنێو فۆلكلۆر و بەیت و ئەدەبی زارەكیدا قەتیس ماوە و نەهاتووەتە نێو كێڵگەی نووسین، بە مردنی ئەوانە، زیانێكی زۆری لێ دەكەوێت.
بیرمە لە سەردانی عەزیز گەردیدا، باسی ئەدەبی زارەكی و زمانی كوردیمان كرد، زۆر بە شانوباڵی خەڵكی گوندیدا هەڵدا، گوتی كاتی خۆی بۆ كۆكردنەوەی وشەی كوردی، چەندان گوند و دوند گەڕاوم، لەوانە چوومەتە گوندی شێخوەسانان، لەوێ ” مام حاجی لاس”ـم بینیوە، چەندان وشەی كوردیی لێوە فێر بوومە، بێگومان دیدەنی حاجی حسێنیشی كردووە و چەندان وشەش لەوەوە فێر بووە.
كەسانێك عەزیز گەردی سوودی لێ بینیبن، شایانی ئەوە نین كونبەكون بە دوایاندا بگەڕێین و وتە شیرینەكانیان بە ئاوی زێڕ بنووسینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە ئەم كارە نەكەین، سبەی نەوەی نوێ باری سەرشانی قورستر دەبێت و دۆ و دۆشاو تێكەڵ دەكات، هەر ئەوە نا، بەڵكە خلیسكەش بە بەچكەپیاز ناو دەبات!