چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان مێژوو و به‌رده‌وامی

كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

له‌ یادی دامه‌زراندنی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستاندا، چاپی دووه‌می كتێبی (ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان مێژوو و به‌رده‌وامی) له‌ ئاماده‌كردن و نووسینی (سه‌فه‌ر كه‌ریم هاواری) و بیرۆكه‌ی (د. حەمید ئاكره‌یی) بڵاو كرایه‌وه‌.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌ی “هه‌ولێر” نووسه‌ر سه‌فه‌ر كه‌ریم هاواری ڕایگه‌یاند: كتێبی (ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان مێژوو و به‌رده‌وامی) چاپی دووه‌م، له‌ ئاماده‌كردن و نووسینی خۆمه‌ كه‌ بیرۆكه‌ی خودا لێیخۆشبێت “دكتۆر حه‌مید ئاكره‌یی” بووكه‌ پێكه‌وه‌ كتێبێك له‌سه‌ر مێژووی ڕادیۆی ده‌نگی كورستان بنووسین”.
هه‌روه‌ها سه‌فه‌ری گوتی”له‌ 28ی 9 ساڵی 2017 ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ لامان گه‌ڵاڵه‌ بوو، له‌كاتی ئاماده‌كردنی فیلمێكی به‌ڵگه‌نامه‌یی بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان تیڤی، پاش په‌خشكردنی فیلمه‌كه‌، ئه‌ندازیار حه‌مید ئاكره‌یی داوای كرد پێكه‌وه‌ كتێبێكی هاوبه‌ش بنووسین له‌سه‌ر مێژووی ئه‌م ڕادیۆیه‌، بۆیه‌ به‌نده‌ راسته‌وخۆ ده‌ستبه‌كار بووم سه‌ره‌تا نزیكه‌ی 50 لاپه‌ڕەیه‌كم ئاماده‌ كرد و ناردم بۆ دكتۆر حه‌مید، به‌ داخه‌وه‌ دكتۆر نه‌خۆش كه‌وت و بۆ چاره‌سه‌ر چووه‌ نه‌مسا، ته‌نها به‌ ته‌لەفۆن ئاگامان له‌یه‌ك بوو، مخابن له‌21ی شوباتی 2020 كۆچی دوایی كرد”.
له‌ كۆتاییدا سه‌فه‌ر هاواری گوتی: “وه‌ك وه‌فاداریه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆحی د. حه‌مید ئاكره‌یی و ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه‌ دابوومان بۆ نووسینی كتێبێك له‌سه‌ر مێژووی ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان، به‌ هاواكاری ئه‌ندازیار ماجید ئاكره‌یی كه‌ ده‌كاته‌ خوشكه‌زای دكتۆر حه‌مید ئاكره‌یی، كتێبه‌كه‌مان له‌چاپ دا؛ چاپێكی ساڵی پاره‌ بڵاو كرایه‌وه‌، چاپی دووهه‌میش ئه‌مساڵ له‌ یادی رادیۆدا بڵاو كرایه‌وه‌”.
شایانی باسه‌ كتێبه‌كه‌، پێك دێت له‌ 211 لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، ناوه‌رۆكی باسی مێژوی ڕادیۆ ده‌كات هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ران و كارمه‌ندانی ئه‌م ڕادیۆیه‌، تایپ و هه‌ڵه‌چنەکەی، لاڤین سه‌فه‌ر هاواری كردوویەتی، دیزاینی ناوه‌وه‌ی كتێب له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دۆستانی ئاگرین بۆ پێشمه‌رگه‌ناسی ـ ئارمان هاواری كراوه‌؛ دیزاینی به‌رگەکەی، خه‌لیل هیدایه‌ت مام شێخ و سه‌روه‌ر سامان محه‌مه‌د كردوویانە؛ له‌ چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات له‌ هه‌ولێر چاپ كراوه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كتێبخانه‌كان ژماره‌ی سپاردنی (665) پێ دراوه‌.