کتێبێک سەبارەت بە مێژووی بەعسیزم لە عێراق بڵاوکرایەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ لەنوێترن کتیبی چاپکراویاندا کتێبێک سەبارەت بە مێژووی بەعسیزم لە عێراق بە چاپ دەگەیەنن. ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی «د.هیوا عەزیز»ـە و لە دوو توێی ١٦٠ لاپەڕەدا لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی بەچاپ گەیەنراوە.

کتێبەکە لە سێ بەش پێکهاتووە و لە مێژووی دروستبوون و سەرهەڵدان و گەشەسەندنی بەعسیزم دەکۆڵێتەوە لەنێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٨٠، کە بە قۆناغی گەشەسەندن و دەسەڵاتگرتنە دەستی بەعسیزم دادەنرێت لە عێراقدا.
نووسەر سەبارەت بە کتێبەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە “مێژووی بەعسیزم لە عیراق جگەلەوەی بە قۆناغێکی گرنگ و پڕ ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی عیراق ئەژمار دەکرێت، هاوکات بەرهەمهێنەری کولتوور و پاشخانێکی ڕۆشنبیریی بوو، کە تاکەکەسی عیراقی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەو کولتوورە بارگاوی بوون، چونکە وەک پەروەردە تێکەڵ بەژیان و بیرکردنەوەی تاکی عیراقی کرا، وەک کولتوور و شێوازێک بۆ ژیان و بیرکردنەوە، کرایە مۆدێلی باو، ئەوانەش کە لە چوارچێوەی بەرەنگاریی و ڕەتکردنەوەدا، ویستی کۆتاییهاتن و شکستپێهێنانی ئەم ئایدیۆلۆژیایەیان کردە هەوێنی خەبات، لە پەرچەکرداردا کەوتنە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی بەعسیزم بەرهەمێنەری بوو.”
نووسەر سەبارەت بە لێکچوونەکانی بەعسیزمیش ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەگەرچی زۆرجار هەوڵی دژایەتی ئەم ئایدۆلۆژیایە دراوە بەڵام لە هەمان خولگەو مەیدانی بەعسیزمدا کاریاندەکرد، لەبەرئەوە ئاساییە کە لە کات و شوێنی جیاوازدا هەمان دید و ئایدیای بەعسییەکان لە ژێر ناو و ڕەنگ و دەنگی جیادا خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، بۆیە هەڵەیە گەر پێمانوابێت وەک بابەت بەسەرچووە، یاخود لێیکۆڵراوەتەوە.”
توێژینەوەکە زیاتر دەیپەرژێتە سەر بەعسیزمی عێراقی و ئەو کار و ماڵوێرانیانەی کە بۆ گەلی عێراقیان هێناوە و بوونەتە هۆی دواخستنی کاروانی ئاوەدانی و رۆشنبیریی لە عێراقدا.

ھەواڵی زیاتر