مەزنترین بەرهەمی پێر لاگەرکڤیست بە کوردی بڵاو دەکرێتەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

نووسەر و وەرگێڕ کەریم تاقانە لە نوێترین بەرهەمیدا ڕۆمانێکی نووسەری سویدی پێر لاگەرکڤیست دەکاتە کوردی کە خۆی بە مەزنترین کاری خۆی دەزانێت.

“زەردەخەنەی ئەبەدی” ناونیشانی ئەو رۆمانەیە کە “کەریم تاقانە” کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی کەپر لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاوی دەکاتەوە.
وەک وەرگێڕ ئاماژەی بۆ کردووە “پێر لاگەرکڤیست” لە پاییزی ساڵی ١٩١٩ دەست بە نووسینی “زەردەخەنەی ئەبەدی” دەکات و لە مانگی حەوتی ساڵی ١٩٢٠دا لە نووسینی دەبێتەوە.
بەپێی ڕای نووسەران و ڕەخنەگران لاگەر کڤیست بەم کارەی، پێ دەنێتە قۆناغێکی تازەی هونەری گێڕانەوەوە. خۆیشی لە نامەیەکدا کە ساڵی ١٩٢٠ بۆ بڵاوکارەکەی نووسیوە، ئاماژە بەم ڕاستییە دەکات و دەڵێت: “ئەم چیرۆکە مەزنترین کاری منە کە تا ئێستا کردبێتم. ئەمە سەرەتای قۆناغێکی تازەی نووسەریی منە، ئەگەر بۆم هەبێ هێندە بە شکۆوە بدوێم…”
زەردەخەنەی ئەبەدی بەم جۆرە دەست پێ دەکات: “هەبوو نەبوو، چەند مردوویەک هەبوون، پێکەوە لە شوێنێکدا لەنێو تاریکایی دانیشتبوون؛ لە کوێ، نەیاندەزانی؛ ڕەنگە لە هیچ کوێیەکدا، دانیشتبوون و قسەیان دەکرد، بۆ ئەوەی ئەبەدییەت تێبپەڕێ.”
مردووان کە ڕۆژگارێک لەسەر ئەم دنیا خاکییەدا ژیاون، ئێستا لە شوێنێکدا کە بۆ خۆیشیان نازانن کوێیە، دانیشتوون و باسی ژیان و تاسە و ئەوین و سەربردەی خۆیان دەکەن، ئەو دەمەی کە لەسەر خاک بوونە. پرسیار لە ناخیاندا دەورووژێ: ئێمە بۆ زیندووین؟ ژیان و مەرگ چین؟ ئەوین چییە؟ بۆچی خواوەند وەڵامێک ناداتەوە؟
دەگەڕێن و دەگەڕێن، بە دوای خواوەنددا.
کارەکانی دیکەی ئەم نووسەرە ئاسان نین، بەڵکو خوێنەر دەخەنە کەڵکەڵەی وردبوونەوە و سەرنجدانی چڕ لە چیرۆک و تێمەکانی، سەبارەت بەم بەرهەمەش وەکو وەرگێڕ پێداگریی دەکات ئەم کارەش کارێکی ئاسان نییە، بەڵام پێشنیاری دەکات بە خوێنەران.
ئەم نووسەرە بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی سویدی دادەنێرێت و کتێبەکانی بۆ زۆرێک لە زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون و چەند کتێبێکی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.

ھەواڵی زیاتر