جەرجیس فەتحوڵڵا (1921-2006)ز

چەندان كتاوی مامۆستا جەرجیسم خوێندبوویەوە، لە دوورەوە خۆشم دەویست، دەمزانی لە دوای هەڕووژانی حوكمی عەبدولكەریم قاسم لە مووسڵ گیراوە بە ئیعدام بڕیاری لەسەر دراوە…. پارتی گەلێك گرنگیی پێ داوە، كە لەسێدارە نەدرێت و سەرەنجام بەرەڵا كراوە، من ئەو دەم وەكو كوردێك، وەك پارتییەك، بە ڕزگاربوونی خۆشحاڵ بووم….

ساڵی 1963ز بووە بە پێشمەرگەی ئەیلوول، لە پێشمەرگایەتیدا بە خزمەتی نەگەیشتووم، دوای پیلانە دوور لە ئەخلاقەكەی جەزائیر و شێواندنی شۆڕش، جەرجیس فەتحوڵڵا وەك هەزاران شۆڕشگێڕ ڕوو لە ئێران دەكات، ئەوانەی لە شۆڕشدا كاربەدەست بوونە لە شاروچكەی عەزیمیەی كەرەجدا نیشتەجێ كران، بڕێك لەو خانووانەی ماڵی خاوەنی شاروچكەكەیە كە ناوی ئاغای عەزیمی بوو، من نەخشەكەیم كێشابوو، وەك ئەندازیاری تەلارسازی… ماڵی باوكیشم ئەویش وەك دەربەدەرێكی كورد لە یەكێك لەو خانوانەیدا نیشتەجێ كرابوو.

بەندە هەفتەی جارێك ملم دەنا بۆ شاری كەرەج، كە ئەو شارۆچكەیە كەوتبووە باكووری كەرەجەوە. هەر لەو هاتوچوویەیدا بڕێك لە ناسراوانی شۆڕشی ئەیلوولم كە لەمێژدا دۆست و پێشمەرگە بووین بە دەیانم دی. لە یەكێك لەو دانیشتنانەیدا لەگەڵ مامۆستا جەرجیسدا ئاشنا بووم، ئیتر یەكترمان دەدی، وای لێ هات داوەتم لێ دەكرد بۆ تاران و شەوانی تاران لەگەڵ دكتۆر حەسەن جافیشدا لە من زۆتر یەكتریان دەدی، ئاخر من بە كاروباری هەندەسییەوە سەرقاڵ بووم، بەڵام بەسەر ئەوەیشدا ناوەناوە مامۆستا جەرجیسم دەدی، جەرجیس لەگەڵ كچە مەسیحییەكی ئێرانیدا بووبووە هاوڕێ و جاروباریش دەعوەتم دەكرد، ئەویشی دەهێنا، من زۆر هانم دەدا تا ببنە ژن و مێرد و دەیوت: ڕاست دەكەیت خۆم لەم تەنهاییەوە وەدەر دێنم، بەڵام تا مرد هەر بە ڕەبەنی مایەوە، بێ ماڵ و منداڵ بوو، برادەرانی كوردی عەزیمیە دەیانوت: لە ڕەزیلیان و پیسكەیی ژن ناهێنی، بەوە زۆر تووڕە و قەڵس دەبوو.. بۆ خۆیشی هەر پیاوێكی تووڕە و ئاڵۆز بوو، كە ئەمەی دەبیست بە تووڕەبوونەوە دەیوت: “قابل آني عثمان پاشا جاف؟” مامۆستا جەرجیس كوردی نەدەزانی و هەڕی لە بڕ نەدەكردەوە، جاروبار من و چەند كەسێك لەو برادەرانە لە ماڵی جەرجیسدا گەمەی “كۆنكەن”مان دەكرد، هەر بۆ سەرگەرمی زۆر حەزی لە كۆنكەن دەكرد. 

ڕۆژ هات و ڕۆژ چوو، خۆپێشاندان لە ئێران و تاراندا دەستی پێ كرد، تا دەبوو ئاڵۆزتر و بیگرە و بەردە بەربڵاوتر دەبوو، لەوەیدا نەما كەوتە تەقە و كوشت و كوشتار. ئیتر بێكارەبایی، بێئاوی، بێبەنزینی، تەنانەت ئازووقە و نان كەوتە تەهەلووكەوە… من ناچار بووم ماڵەكەم لە تاران بەجێ بهێڵم و بگوێزمەوە كەرەج و ماڵی باوكم. ئەو ڕۆژە هی ئەوە نەبوو دوور لە یەك بین، ئیتر ڕۆژانە مامۆستا جەرجیسم دەدی، جەرجیس ئینگلزییەكی ئەكادیمیانەی ئۆكسفۆردی دەزانی بە وردەكارییەوە، زمانی عەرەبی و هەڵدێرگاكانی زمانەوانییەكەی دەزانی وەك نووسین، نەك تەنها دوان، بەڵام یەك وشەی نە كوردی دەزانی نە فارسی. جا سەرم دەنا سەری و دەموت: “هلا بالپارتی؟ ولاطگە كوردی”.

ئەیوت من لە دەورمدا عەرەبێك نابینم، دەوروبەرم پڕن لە كورد و هەرهەموویان عەرەبیزانن، جاروبار برادەرانی ناو عەزیمیە تووڕەیان دەكرد، دەستی بە جنێودانی خۆی دەكرد، دەیوت من مستەهەقی ئەو جنێوانەم، منیش هانم دەدا تا بڕوات بۆ وڵاتانی ئەورووپا… شۆڕش دەستی پێ كردەوە و بگەڕێرەوە ناو شۆڕش تۆ لە ئێرانا، سبەی ئەم ئاخوندانە بێنە سەر كار، خەڵك ئەگەر یەك گرفتی هەبێت تۆ دوانت هەیە، هەم لەسەر شۆرشی كورد دەژمێردرێیت و هەم مەسیحیەت، بەو وتانەی منە ڕازی بووبوو… 

بەندە جگە لە مامۆستا جەرجیس لەگەڵ مامۆستا هەژاریشدا نێوانمان گەرم بوو، ” لە باسی خۆیدا لێی دواوم” سەرجەم سیوهەشت ڕۆژ لە عەزیمیەیدا مامەوە، بەڵام ئێمەی خانەوادەی جاف وەك لێقەومانەكەی “بەرمەکی”ـەکانی سەردەمی هاڕون ڕەشیدمان لێ هات.. سالار جاف بێتاوان ئیعدام كرا، خۆیشم نازانم لەسەر چی ماڵەكەم تاڵان كرا، ئیتر خزمانی تریشم وەك من وابوون، بە هەر فەلاكەت و چەرمەسەرییەك بوو، گەڕاینەوە بۆ عێراق، ئیتر لە برادەرانی ناو عەزیمیە دابڕام، لەگەڵ دكتۆر حەسەن جافدا پێكەوە سەفەرێكمان كرد بۆ ئەڵمانیا لە شاری “یون”دا ئاپارتمانێكمان گرت و دكتۆر حەسەن ژمارەی جەرجیسی هەبوو، وابزانم ئەو لە سوێد بوو قسەم لەگەڵ كرد، داوەتم لێ كرد تا بێت بۆ لامان بۆ ئەڵمانیا، هەروای كرد و هات چەند ڕۆژێك پێكەوە بووین، ڕۆژێك وتی: سەرم چاك كە…

وتم چیت وت؟

وتی: دەڵێم سەرم هاتووە بۆم هەڵقاچە…

وتم كاكە جەرجیس من ئەندازیاری ساختمان و تەلارسازیم، من و سەرچاككردن؟

وتی: نەء تۆ شێوەكاری سەرچاككردنیش دەزانی…

وتم: كاك جەرجیس سەرتاشخانە لە خوارەوەیە لەگەڵتا دێمە خوارەوە، تۆ مێوانی منی… قبووڵی نەكرد و نەكرد… مەقەسمان نەبوو، ڕۆیشتمە خوارەوە، مەقەسم كڕی و لە حەمامدا كورسییەكم بۆ دانا و دەستم کرد بە چاككردنی سەروقژی؛ كە تەواوم كرد ڕوانیم سەرتاشی دەزانم و بە خۆم نازانم! ڕۆیشتە بەر ئاوێنە و

وتی: “بقی أشقد ملیح” دەی دكتۆر حەسەن گەڕایەوە بۆ بەغدا منیش بڕیارم دابوو نەگەڕێمەوە عێراق، ڕۆیشتم لە لەندەن داوای پەنابەریم كرد و لەگەڵ برادەرێكدا كۆمپانیایەكم دانا، كەوتمە بیری جەرجیسەوە داوەتم لێ كرد بۆ لەندەن؛ هات نزیكەی دە ڕۆژ مایەوە، ڕۆژێك وتی: تۆ لەیرایت بۆ پێوەندی بە موعارەزەوە ناكەیت؟

وتم: من جارێك منداڵەكانم لەوێن، بڕێكی زۆری موعارەزەش لە ژێرەوە پێوەندییان بە عێراقەوە هەیە، خۆم ناخەمە ئەو گۆبەنەوە. 

وتی: كاكە كەمیان وان، كەسێك بە ناوی “سەعد ساڵح جەبر” زۆر ڕەفیقمە دەتبەم بۆ لای ئەو.

وتم: من لەگەڵ عەلاویدا دانیشتووم، ئەمەی تۆ دەیڵێی نایناسم، ترسم هەیە گۆبەنم بۆ دروست كەن.

وتی: شتی وا نییە، لەسەر من. بەهەرحاڵ بردمی بۆ لای سەعد، زرووفێكی قورس و گرانم بەسەردا هات، چەندان هەڕەشەی دەوڵەتی عێراقم پێ گەیشت، یان گەڕانەوە، یان حجزی ماڵ و منداڵەكانت…

تازە كۆمپانیام خستبووە گەڕ بە ناچاری هەموو شتم جێ هێڵا و گەڕامەوە، دواتر بۆم دەركەوت خزمان دەستیان لە گەڕانەوەمدا هەبووە، چۆن چوومە لای سەعد ساڵح جەبر هەمووی بە لای موخابەراتی عێراقەوە بوو، دوایی بۆم دەركەوت كچە سكرتێرەكەی چاوساغی موخابەراتی عێراقی بووە. 

جا لە دوای هەڕووژان بەندە وەك ئەندام پەرلەمان هەڵبژێردرام، “جەمعیەی وەتەنیە” سەعد ساڵح جەبریشی لێ بوو، یەخەیم گرت و وتم: كاكە قاوەیەكی تاڵم لات خوارد بیست رۆژ هێنامیان و بردمیان، ئەگەر فڵان و فڵان نەبووایەن، ئەوە پێستمیان بردبوو بۆ دەباغخانە…

دەی دیسانەوە لە جەرجیس دابڕام، دەعوەت كرام بۆ چلەی شێخی شاعیران “حەسیب قەرەداغی” پەخشانێكی گەلێك زەریفم خوێندەوە، ئاخر من بە لای شێخ حەسیبەوە ناوی نابووم خەلیفە هەتاوەكو جەنابی نێچیرڤان بارزانیم بۆ یەكەم جار لەو چلەیەدا دی. دیسانەوە من و جەرجیس یەكمان گرتەوە، ئیتر پێوەندییەكانمان گەرم كردەوە، هەفتەی جارێك یەكترمان دەدی، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دەورەی دووهەم پەرلەمان گەڕامەوە و نیشتەجێی هەولێر بووم، دوو هەفتە جارێك سەرم لێ دەدا، تەنها خوشكێكی هەبوو، ئەویش نیشتەجێی بەغدا بوو، لەم دوادوایەیدا نەخۆش كەوتبوو، كتاوخانەیەكی مامناوەندی هەبوو، پرسیم چی لێ دەكەیت دوای خۆت؟

وتی: گوێت لێم بێت من بە كەسی نادەم، ئەوی دەیبا پیرۆزی بێت، زۆری نەكێشا كۆچیدوایی كرد، ماڵ و حاڵەكەی لە لایەن پارتییەوە پارێزرا…تا ئەوەی من بزانم بڕێك

پارەی لە یەكێك لە بنكەكانی شاری لەندەندا هەبوو، كەوتە گیرفانی كێ؟ نازانم!

ئەو پیاوە مەزنە بە ڕەگەز كورد نەبوو، پێنووسی، فكری، تەواوی كاتەكانی بۆ خزمەتی كوردایەتی تەرخان كردبوو، بە تایبەت پارتی.

جێگەی داخە كە مرد لە دەرەوەی وڵات بووم، گەڕامەوە ڕۆیشتمە سەر گۆڕەكەی لە عەینكاوە. 

جەرجیس لە ساڵی 1921ز لە شاری موسڵدا هاتووەتە دنیاوە، سەرەتایی و ئامادەییەکەی هەر لە مووسڵدا تەواو كردووە، لە زانكۆی بەغدا كۆلیژی مافی لە ساڵی 1939 تەواو كردووە. لە شاری مووسڵدا بووە بە پارێزەر و ناوی دەركردووە.

لە پەنجاكاندا ڕۆیشتووەتە ناو سیاسەتەوە، بووە بە ئەندامی حزبی شەعب كە ئەو دەم تێكۆشەر عەزیز شەریف سەرۆكایەتیی كردووە، زۆری نەكێشاوە لەو حزبە دەرچووە و بووە بە ئەندامی حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لای مەلا مستەفا بارزانییەوە زۆر ڕێزی لێ گیراوە، لە بواری ڕۆشنبیریدا كاری كردووە. بووە بە مامۆستای كەوادیری حزب، ڕۆژنامەی “ڕەوافید”ی لە مووسڵدا دەركردووە، هەروەها ڕۆژنامەی “رائید”ی دەركردووە، لەگەڵ مامۆستا ئەنوەر مائی ڕۆژنامەی “ڕاستی”یان بە كوردی و عەرەبی دەركردووە؛ كە بووە بە مینبەرێكی ڕاستەقینەی كورد. كۆدەتای بەعس كرا و عەبدولكەریم قاسم كوژرا، مامۆستا جەرجیس لە ساڵی 1963 گیرا و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، پارتی زۆر هەوڵی دا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت.

پێنج ساڵ لە قەفەسی مەرگدا بووە، سەرەنجام لەسەر سووربوونی پارتی بەرەڵا كرا و یەكسەر دەڕواتە ریزی پێشمەرگایەتی لە ساڵی 1968.

كتاوی “مهد البشریة”ی كردووە بە عارەبی. 

لە كۆنگرەی هەشتمدا بووە بە ئەندامی ناوەندی یەدەگ.

پڕۆژەی فیدراڵی نووسیوەتەوە، بەڵام شەڕ هەڵگیرساوە، دوای پیلانە بێشەرمانەكەی 1975ی جەزائیر ڕۆیشتووە بۆ ئێران، لەگەڵ شۆڕشگێڕاندا بووە بە پەنابەر، دوای هەڕووژانی شا و هاتنە سەر كاری جمهوریەتی ئیسلامی ڕۆیشتووە بۆ وڵاتی سوید و بووە بە پەنابەر.

لە ساڵی 2000 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، كاروباری شۆڕش و ناو شۆڕشی كردووە، وەك مینبەرێكی ڕۆشنبیری لەناو شۆڕش و دەستەڵاتی فیدراڵیدا. تا مردووە بەو كارەوە خەریك بووە. 

لە ڕۆژی 23ی مانگی تەمووزی 2006دا كۆچیدوایی كردووە.

جەرجیس یەكێك بووە لەو نووسەرانەی هەموو كوردێكی خوێندەوار و وشیار شانازیی پێوە دەكات و بەرهەمەكانی ناوازەن.

ھەواڵی زیاتر