بۆ یادی مامۆستا زرار… پێویستە حکوومەتی هەرێم خانووەکەی بکڕێ و بیپارێزێ لە ڕەواندز

عبدالرقیب یوسف – هه‌ولێر

لە شاری ڕەواندز دووەم پایتەختی میرنشینی سۆران پاش حوسەین حوزنی موکریانی مرۆڤێکی دیکەی بیر تەڕ و زیرەک پەیدابو واتە لە ماوەی سەد ساڵدا کە (مامۆستا زرار محەمەد مستەفا) بو کە بیری لە پەیدابوون و پێشکەوتنی هەموو بابەتانی ڕۆشنبیری کرد لە شاری ڕەواندز.

باسی لە هەر پڕۆژە و بابەتێکی ڕۆشنبیری و مێژووی بهاتە کردن مامۆستا زرار کلیلەکەی بو، مامۆستای گەورەی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران بو لە قەزای ڕەواندز کە دوو قەزای دیکەی لێ پەیدا بوە قەزای سۆران و چۆمان. لەبەر گرنگی دەوری مامۆستا هەر زوو (سەنتەری نما) پەیکەری بۆی دروست کرد ساڵی (٢٠٠٢). مامۆستا لەدایکبووی (١٩٣٧)بوو و مخابن لە (٧ کانونی یەکەم ٢٠٢١) کۆچی دوایی کرد.
لە ساڵی (١٩٥٧)ەوە بووەتە مامۆستای سەرەتایی و هاوینان بە خۆبەخشی خولی مۆسیقا و هونەری شێوەکاری و خەتخۆشی بۆ قوتابیەکان دەکردەوە، وەختێک بەرپرسی بەشی مۆسیقا بووە و ساڵی (٢٠٠٩) (ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێب)ی دامەزراند و دەوری زۆری هەبوو لە دروست کردنی شازدە کتێبخانە لە قەزاکانی ڕەواندز و سۆران و چۆمان و شەقڵاوە. مامۆستا زرار شەست (٦٠) ساڵ خزمەتی ڕۆشنبیری کردووە و هۆشیاری ڕۆشنبیری بڵاوکردەوە. دادیار ئازاد نامیلکەیەکی لە بارەوە نووسیوە بە بۆنەی چلەی ماتەمینی.
من خۆم زۆر سودم لە زانیاریەکانی مامۆستا زرارم وەرگرتوە کاتێ دەچوم بۆ ڕەواندز بۆ کاری شوێنەواری و کەلەپوری، لەگەڵم دەگەڕا شوێنەکانی شوێنەواری و کەلەپوری پیشانمی دەدا وەک شوێنی بەشی باشوور لە شورەی (قەڵاتگە) یانی (قەڵا ڕەواندز)ی تەمەن دەوری دوو هەزار (٢٠٠٠) ساڵەییکەیێ کاتی دەوڵەتی ئەشکانی یە وەک بۆم مەعلوم بو لەشێوەی بەردەکانیو خەڵک بەردەکانی بردبوو و ئەساسەکەی لە شاخە بەرد دا هەڵکەنراوە. هەر مامۆستا زرار لە (٢١/١١/٢٠٠٨) بە من وت دەرگایەکی شورەی قەڵا دەچونێو (دۆڵی خەرەند)ی سەرسام و پێکەوە لە شوێنی دەرگاکەی گەڕایین.
مامۆستا زرار وەسفی (ڕێگای فارس)ی بۆمن کرد کە ڕێگا لە پێش ئیسلام تا جەنگی یەکەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهاتە ڕەواندز و لەوێوە دەچوو نک (قەڵای فارس) لەسەر شاخی راسەی (بێخاڵ) و لەوێوە دەهات بۆ پشتی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لای شوێنی (بارەگای هاملتۆن)کە خەڵکی ناوچەی خەلیفان و کۆچەری عەشیرەتی (بالەکیان) ئێستاش پێێ دەبێژن (ڕێگەی کۆسپە) واتە ڕێگە پلەکان کە پلە لە شاخدا هەڵکندراون و لە چەندین کات دا ڕێگا نەبوە لە نێوان هەردوو بەری گەلی عەلی بەگ وەک بە درێژیم نووسیوە لە ڕۆنوسی کتێبە دەستنوسەکەمدا (گەلی عەلی و ڕێگا و پردە مێژوویەکانی).
بۆ یادی مامۆستای گەورەی ڕەواندز (مامۆستا زرار) پێویستە خانووەکەی و کتێبخانەکەی وەک خۆی بمێنێ کە خانویەکی دووقاتی جوانە و بە کەرپوچی خاو:- کەپێی دەوتری (قوڕ) ئاواکراوە و بانەکەی (دارەڕا)یە، واتە ئەم خانوە سیفاتی کەلەپوری و مێژووی تێدا هەیە و بە گوێرەی یاسا دەبێتە خانوێکی کەلەپوری و هەموو خانویێکی کەلەپور و بەڵکو هەمو(گەڕەک)ێکی کەلەپوری لە هەرێمی کوردستان دەبێ وەک خۆی بیپارێزێت بە پێێ ماەی (٦) لە (یاسای شوێنەوار و کەلەپور) کە ساڵی ٢٠٢١ دەرچوە.
ساڵی ١٩٨٢- وێنەی هەندێ لە خانووە کەلەپوریەکانی ڕەوانزم گرتوە و لە هەندێ لە وتارەکانمدا و لە کتێبەکەم(بانگەوازێک….)دا بڵاوم کردوە پاش ساڵی (٢٠٠١)یش و کاتی ڕاوێژکار بوم لە سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێم بۆ کاری شوێنەوار کەلەپوری شارستانی کوردستان دیسان وێنەی کۆمەڵێک خانوو گەڕەکی کۆنی ڕەواندزم گرتوە و نوسیومە بۆ حکوومەت کە دەبێ بیپارێزن و ڕاپۆرتی تایبەتیشم نووسی لە بارەی خانوی بنەماڵەی وەستا رەجەب تاحکوومەت ئیستملاکی بکات.
داوا دەکەم لە برای دڵسۆز و شوێنەوار ناس (عبدالوهاب سلیمان) بەڕێوبەری شوێنەوارەکانی هەر سێ قەزای ڕەواندز و سۆران و مێرگەسور، خانوی مامۆستا زرار بە نوسراوێکی ڕەسمی بکاتە خانوویەکی کەلەپوری و هەروەها ڕوپێوی گەڕەکە کۆنەکانی ڕەواندز بکات و دەستنیشانیان بکات و ناویان بنێرێ بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی شوێنەوارەکانی هەرێم و لە ڕۆژنامەی ڕەسمی دا بڵاو بکەن کە گەڕەکی کەلەپورین و دەبێ وەک خۆیان بمێنن.

ھەواڵی زیاتر