هێمن خه‌لیل – هه‌ولێر
مامۆستا رووناک، ساڵی 2014 ماسته‌رنامه‌ی له كۆلێژی په‌روه‌رده به‌ده‌ست هێناوه له‌ژێر ناونیشانی هونه‌ری فه‌نتازیا له چیرۆكی نوێی كوردی (به نموونه‌ی چیرۆكه‌كانی سابیر ره‌شید و شێرزاد حه‌سه‌ن) قوتابی دكتۆرایه، مامۆستایه لە بەشی زمانی كوردی كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین، تایبه‌ت به فانتازیا له چیرۆكی كوردی دیدارێكمان له‌گه‌ڵیدا كرد.
مامۆستا رووناك له‌باره‌ی چه‌مكی فانتازیاوه گوتی: “چه‌مكی فانتازیا له‌لایه‌ن توێژه‌ران و نووسه‌رانی ئه‌م بواره هه‌ڵگری چه‌ندین چه‌مك و واتایه. به‌شێك له توێژه‌ران پێیان وایه فانتازیا هه‌مان خه‌یاڵه، به‌شێكی دیكه پێیان وایه كه فانتازیا و خه‌یالأ دوو چه‌مكی جیاوازن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ندێ پێیان وایه جۆرێكی چیرۆكه و به‌شێكی دیكه پێیان وایه شه‌كل و شێوازێكی جیاوازی نووسینه. ئه‌م فره بیروڕایه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه فانتازیا هه‌ڵگری چه‌ندین چه‌مكی جیاواز بێت. له كۆی هه‌موو بیروڕا جیاوازه‌كان ده‌توانین بڵێین فانتازیا، ئه‌و یاسا و رێسانه كه باون و ده‌بنه كۆسپێك له سه‌ر رێگای به‌دیهاتنی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی نووسه‌ر و خوێنه‌ر ده‌شكێنێ و له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌وڵی بنیادنانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی یاسا و رێسای تایبه‌ت به دنیای خۆی ده‌دات كه تێدا یاسا و لۆژیكی تایبه‌ت به خۆی ره‌نگده‌داته‌وه. فه‌نتازیا واته تێكه‌ڵكردنی واقیع له‌گه‌ڵ وه‌هم و خه‌یاڵدا و له ئه‌نجامدا خوڵقاندنی دنیا واقیعێكی نوێ، واته فه‌نتازیا لێكدانه‌وه و شرۆڤه و ته‌فسیری سه‌ر له نوێی واقیعه.”
سه‌باره‌ت به جۆره‌كانی فانتازیا مامۆستا رووناک ده‌ڵێ: “روانگه جیاوازه‌كانی چه‌مكی فه‌نتازیا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له ده‌ستنیشانكردنی جۆره‌كانی فه‌نتازیاش چه‌ند جۆری جۆراوجۆر ده‌ستنیشان بكرێت. وه‌ك (فه‌نتازیای سه‌فه‌ر، فه‌نتازیای سیحر و جادوو، فه‌نتازیای تاریك: مه‌به‌ست لێی ئه‌و چیرۆكه‌یه كه له‌یه‌ك كاتدا هه‌م فه‌نتازی و هه‌م ترسناك بێ، فه‌نتازیای باڵا، فه‌نتازیای هه‌وڵدان، فه‌نتازیای ته‌مسیلی و چه‌ندین جۆری دیكه. ئه‌م جۆرانه كه ده‌ستنیشان كراون به زۆری له‌ڕوانگه‌ی ناوه‌رۆكی چیرۆكانه‌وه ده‌ستنیشان كراون. ده‌كرێ له روانگه‌ی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه ئه‌م چیرۆكه‌یان پێشكه‌ش ده‌كرێت جۆره‌كانی فه‌نتازیا ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌وانیش:
فه‌نتازیای مندڵان: به‌شێكی هه‌ره زۆری چیرۆكی منداڵان له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌یاڵ و فه‌نتازیا نووسراوه و مه‌به‌ست و ئامانجیكی جیاوازتری هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و چیرۆكانه كه بۆ ته‌مه‌نه‌كانی دیكه ده‌نووسرێن.وه‌ك ئه‌و چیرۆكه فه‌نتازیانه‌ی كه گیانداران تێدا رۆڵ ده‌بینن.
فه‌نتازیای مێردمنداڵان: كه ئه‌ویش کۆمەڵێك خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه جیاوازه له خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی دوو جۆره‌كه‌ی دیكه.
فه‌نتازیای گه‌نجان به‌ره‌و سه‌ره‌وه: كه ئه‌م جۆره تا راده‌یه‌كی زۆر جیاوازه له‌دوو جۆره‌كه‌ی دیكه. چونكه كێشه و گیروگرفتی ئه‌م چینه‌ی كۆمه‌ڵگا و هه‌ستكردنیان به واقیع جیاوازه.”
سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی چیرۆكی فانتازیا ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ ئاماژه‌ی دا: “چیرۆكی فه‌نتازیای كۆمه‌ڵێك خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه كه له رێگایانه‌وه ده‌توانین چیرۆكی فه‌نتازیای له چیرۆكی دیكه جیا بكه‌ینه‌وه. یه‌كێك له گرنگترینی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانە (سه‌رسوڕمانی)یه، واته ده‌بێت كه خوێنه‌ر چیرۆكه‌كه‌ی خوێنده‌وه تووشی سه‌رسوڕمان بێته‌وه. سه‌رسوڕمانی كاتێك دروست ده‌بێ كه چیرۆكنووس شتێكی باس كردبێ واقیعی نه‌بێت و له‌گه‌ڵ عه‌قڵی واقیعدا نه‌گۆنجێ، تووشی شۆكی بكاته‌وه. ده‌بێت ئه‌و رووداو و كاره‌كته‌ر و شوێن و…هتد كه چیرۆكنووس باسی ده‌كات له واقیع نه‌بێت و له‌گه‌ڵ واقیع نه‌گۆنجێت. له‌هه‌مان كات ده‌بێت چیرۆكنووس ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت كه بتوانێ ئه‌و جیهانه دوور له واقیعه‌ی كه خوڵقاندووه وه‌ك جیهانێكی واقیعی پێشكه‌شی خوێنه‌ره‌كه‌ی بكات و باوه‌ڕی پێ بهێنێت، كه‌واته یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی دیكه چیرۆكی فه‌نتازیای باوه‌ڕ پێهێنانه، هه‌روه‌ها (دوو دڵی و شك و مه‌راق له‌سه‌ر ئاستی كارلێك و قبووڵكردن و كاردانه‌وه، ململانێ له نێوان یاسا سروشتی و ناسروشتییه‌كان یاسا سروشتییه‌كان وه‌ك (عه‌قڵ و لۆجیك و باو و…) و ناسروشتییه‌كان وه‌ك (خه‌یاڵ، وه‌هم، نالۆجیك، سه‌یروسه‌مه‌ره…).”
به‌و پێیه‌ی مامۆستا رووناك ماسته‌رنامه‌كه‌ی له‌باره‌ی فانتازیایه له چیرۆكی كوردی، بۆیه باسی له‌فانتازیا كرد له چیرۆكی كوردی و گوتی:”فه‌نتازیا به یه‌كێك له سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چیرۆكی نوێی كوردی به‌تایبه‌تی چیرۆكه‌كانی دوای راپەڕینی ساڵی 1991 داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نییه كه له پێش راپەڕین هیچ به‌رهه‌مێك نه‌بووه كه به‌م شێوازه نه‌نووسرابێت، به‌ڵكو به‌شێك له چیرۆكنووسانی ده‌یه‌ی هه‌شتاكان له چیرۆكه‌كانیان هه‌وڵی دامه‌زراندنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ناواقیعی و فه‌نتازیای به به‌كارهێنانی زمانی شیعری و ده‌ربڕینی نامه‌ئلووف و دوور له واقیعییان داوه، چیرۆكنووسانێك وه‌ك (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، شێرزاد حه‌سه‌ن، ره‌ئووف حه‌سه‌ن، جه‌لیل كاكه‌وه‌یس و سەلاح عومه‌ر و، هتد) له دوای ئه‌م چیرۆكنووسانه‌وه لاوانی دوای راپەڕین به شێوازێكی نوێتر و هونه‌ریتر گرنگیان به فه‌نتازیا داوه و مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاوازتریان له‌گه‌ڵ رووداو و بابه‌ت و كاره‌كته‌ره‌كان كردووه. ده‌توانین بڵێین له ساڵانی هه‌شتاكان چیرۆكنووسان فه‌نتازیایان وه‌ك ره‌مزێك بۆ پیشاندانی واقیعی ئه‌و كات به‌كار هێناوه، به‌ڵام دوای ساڵی 1991 به هۆی ئازادی له نووسین و راده‌ربڕین فه‌نتازیا به زۆری وه‌ك ئیستاتیكا و ته‌كنیكی هونه‌ری به‌كار هاتووه.”
هه‌ر له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌كانی فانتازیا له چیرۆكی كوردیدا مامۆستا رووناک رای وایه: “بێگۆمان چیرۆكنووس بۆ نووسینی به‌رهه‌مه‌كانی سوود له چه‌ندین سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێ و له رێگایانه‌وه دنیایه‌كی جیاواز پێشكه‌شی خوێنه‌ر ده‌كات. له چیرۆكی فه‌نتازیاییدا چیرۆكنووس سوود له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێ بۆ خۆڵقاندنی جیهانێكی فه‌نتازیایی، یه‌كێك له گرنگترینی ئه‌و سه‌رچاوانه (ئه‌فسانه)یه. جا چ ئه‌فسانه‌ی كوردی چ ئه‌فسانه جیهانییه‌كانی.ئه‌فسانه به هۆی ئه‌و رووداو و كاره‌كته‌ره پڕ له خه‌یاڵ و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی كه تێدایه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌سووده بۆ فه‌نتازیانووس كه سوودی لێوه وه‌ربگرێت. ئه‌م رووداوه سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی ناو ئه‌فسانه‌كان سه‌رچاوه‌یه‌كی باشن بۆ داڕشتنی چیرۆكێكی فه‌نتازیای. بۆ نموونه چیرۆكنووس سوود له توانا و هێزه له راده‌به‌ده‌ری پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌فسانه وه‌ك فڕین، نه‌مربوون، به شتبوون و…هتد وه‌رده‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئاماژه به سوود وه‌رگرتنی چیرۆكنووسان له حه‌قایه‌ت و چیرۆكی فۆلكلۆری و خورافه و.. هتد بكرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ داڕشتنی چیرۆكی فه‌نتازیای. یه‌كێكی دیكه له‌و سه‌رچاوانه كه چیرۆكنووس ده‌توانێ سوودی لێوه‌ربگرێت ئه‌و چیرۆكه فه‌نتازیانه‌ن كه له ئه‌ده‌بیاتی جیهانیدا نووسراون و نموونه‌ی هه‌ره باوی ئه‌م شێوازی نووسینه‌ن، چیرۆكنووسانی ئێمه‌ش سوودییان لێ وه‌رده‌گرێنه‌وه.”
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی وه‌سفی كاره‌كته‌ر له چیرۆكی فانتازیدا ده‌ڵێ: “چیرۆكێك كه له‌سه‌ر شێوازی فه‌نتازیای نووسراوه، توخمه‌كانی چیرۆك جیاوازتر به‌كار دێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ چیرۆكێك كه فانتازیای تێدا به‌كارنه‌هاتبێ. یه‌كێك له‌و توخمانه‌ی كه جیاوازه كاره‌كته‌ر یا كه‌سایه‌تییه، كه له‌ناو چیرۆكدا ئه‌ركی به‌رێوه‌بردنی رووداوه‌كانی له‌سه‌ر شانه.كاره‌كته‌ر له چیرۆكی فانتازیایی دابه‌شی سه‌ر دوو جۆر ده‌بن:
أ. كاره‌كته‌ر له جۆری مرۆڤ: واته ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی له شه‌كل و شێوه مرۆڤێكی ئاسایین وه‌ك ئه‌وه‌ی له دنیای واقیعدا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م كاره‌كته‌رانه به‌وه له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری ناو واقیعی جیاده‌كرێنه‌وه كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی و هێزی سه‌رووی واقعین وه‌ك: (خۆبزركردن، مردن و زیندووبوونه‌وه، تێپه‌ڕین به ناو دیوار و ماده و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی دیكه).
ب. كاره‌كته‌ر له جۆری به‌ده‌ر له مرۆڤ: ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ی كه كاره‌كته‌ره‌كان مرۆڤ نین به‌ڵكۆ ده‌كرێ ئاژه‌ڵ یان رووه‌ك یان روح یان تابلۆیه‌ك یان هه‌رشتێكی دیكه جگه له مرۆڤ بن و رۆڵی كاره‌كته‌ر بگێرن و هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی مرۆڤی ناو واقیعیان هه‌بێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری چیرۆكه فانتازیه‌كانی كوردی بكه‌ین، ده‌بینین كاره‌كته‌ره‌كانیان جیاوازه به به‌راورد له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانی دیكه. بۆ نموونه له لای (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)ـی چیرۆكنووس و رۆماننووس (تابلۆیه‌ك) ده‌بێته كاره‌كته‌ر یان له لایه‌ن (سەلاح عومه‌ر) ته‌رمێك زیندوو ده‌بێته‌وه و باسی رابردووی پێش مردنی خۆی ده‌كات، هه‌روه‌ها له لایه‌ن (شێرزاد حه‌سه‌ن)ـه‌وه مرۆڤێكی ئاسایی به بیستنی ناوی (لۆزان) په‌یماننامه‌ی (لۆزان)ـی به بیر دێته‌وه و جه‌سته‌ی خۆی، پارچه‌پارچه‌کراو له‌سه‌ر مێزی كافتریاكه ده‌بینێته‌وه، گه‌لێك نموونه‌ی دیكه كه له چیرۆكی فه‌نتازیای كوردیدا هه‌نه.”
له دوا پرسیاردا ئه‌و مامۆستایه باسی له پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی چیرۆكی كوردی كرد‌و گوتی: “هه‌روه‌ك پێشتر باسمان كرد، چیرۆكی فانتازیایی به به‌راورد له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانی دیكه خاسیه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه وا له خوێنه‌ر و توێژه‌ری ئه‌و بواره ده‌كات كه بریار له‌سه‌ر فانتازیایی بوونی چیرۆكه‌كه بدات. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه هه‌موو پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی چیرۆك وه‌ك: توخمه‌كان، ته‌كنیكه‌كان، زمانی چیرۆكی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه ده‌گرێته‌وه. كه لێره‌دا به كورتی به‌شێكیان ده‌خه‌ینه‌روو. توخمه‌كانی چیرۆكی له‌م شێوازه‌دا ده‌بێت فانتازیایی بن واته دوور له واقیع بن، بۆ نموونه رووداو له چیرۆكی فانتازیایی رووداوێكه كه روودانی له دنیای واقیعدا مومكن نییه و مه‌حاڵه به‌ڵكو ته‌نیا خستنه‌روویانه له‌سه‌ر كاغه‌ز. ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ش كه به‌كاردێن ئه‌و شوێنانه‌ن كه زۆر دوورن له واقیع و تاراده‌یه‌ك به‌رگی ئه‌فسانه‌یی ده‌پۆشن وه‌ك: (پشت قولله‌ی قاف و ناو ده‌می نه‌هه‌نگێگ و…هتد). زمان له‌م جۆره چیرۆكانه جیاوازه، لێره‌دا چیرۆكنووس ده‌بێ بتوانی داهێنه‌رانه لایه‌نی روانبێژی و شێوازگه‌ری به‌كاربهێنێت تا وا له خوێنه‌ر بكات بڕوا به‌و جیهانه خه‌یاڵییه بهێنێت. لایه‌نی زمانی وه‌ك (دووباره‌كاری، خواستن، به‌كارهێنانی رسته‌ی هه‌واڵدان كه رێژه‌ی بڕواپێكردنی زیاتره). به‌كارهێنانی ته‌كنیك له‌م جۆره چیرۆكه گۆرانی به‌سه‌ردا دێت، بۆ نموونه (وه‌سف).ئه‌ركی وه‌سف له چیرۆكی فه‌نتازیایی ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵبدات خوێنه‌ر بڕوا بهێنێت كه رووداو و كاره‌كته‌ر و شوێنه‌كانی ناو ئه‌م جۆره چیرۆكه له دنیای واقیعدا بوونیان نییه و مه‌حاڵیشه بوونیان هه‌بێت.له هه‌مان كات ده‌بێت خوێنه‌ریش به وه‌سفه‌كانیه‌وه تووشی سه‌رسوڕمانی بكاته‌وه.”