پەڕجووی کتێب چییە؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

بە ڕوونی نازانم سەرەتاکانی ئاشنابوونم بە کتێب چۆن بوو، یان چی عەشقی منی بۆ کتێب زیاد کرد، بەڵام لەوە دڵنیام هیچ عەشقێک وەکو عەشقی کتێب گیرۆدەی نەکردووم، کتێب حەزی ژیانکردنی تێدا بووژاندمەوە و کردمییە مرۆڤێکی ژیاندۆست. کتێبی منی لە بوونەوەرێکی شەرمن و ترسنۆکەوە کردە بوونەوەرێکی چاوکراوە. ئەوەی کتێب بۆی کردووەم کەم نییە، دەشێ هەر ئەمەش بێت عەشقی کتێبی لای من زیندووکردووەتەوە. هەینییەک بە خوێندنەوەی کتێبەوە لە ژوورە تەنیا و ماڵە تەنیاکەم گەشتێکی گەلێک چێژبەخشم لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانێکدا کرد، کە ئەو ئاوێزانبوونەی من و پاڵەوانەکە ناتوانم لە هیچ جێگەیەکی دیکە بیدۆزمەوە. خوێندنەوە جۆرە چێژ و سروتێکی ڕۆحییە وەسف ناکرێت. مرۆڤ ناتوانێت ئەو کەسانە تێبگەیەنێت کە ناخوێننەوە و بەو چێژ و سرووتە ڕۆحییە نەگەیشتوون.
پرسیاری ئەوەی پەڕجووی کتێب چییە وا بەو شێوەیە بەخۆیەوە گیرۆدەمان دەکات؟ پرسیارێکە دەمێک ساڵە بیری لێ دەکەمەوە بە زۆر وەڵام گەیشتووم، بەڵام هیچیان وەڵامە ڕاستەقینەکە نین و هەست دەکەم هەمیشە کورت دەهێنێت. ئەوەی کتێبت خۆش دەوێت شتێکە و ئەوەی عەشقی کتێب بیت شتێکی دیکەیە. دەشێ ئەوەی کتێب وەڵامی بەشێک پرسیارەکانی منی تێدایە ئەوە یەکێک لە سەرچاوەکانی عەشقی من بێت بۆ کتێب، بەڵام ئەمە هەمووی نییە، چونکە کتێب خۆی سەرچاوەی پرسیاری دیکەشە؟ واتە کتێب هەم وەڵامە و هەم پرسیار.
خۆرخێ لویس بۆرخیس؛ یەکێک لە عاشقە گەورەکانی کتێب ئەو تا لەدەستدانی هەردوو بینایی وازی لە خوێندنەوە نەهێنا. ئەم نووسەرە ئەرجەنتینییە لە کتێبی “ئەم هونەری شیعرە”دا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش گوزارشت لەو عەشقەی دەکات بۆ کتێب و خوێندنەوە و دەنووسێت: “هەندێكجار كە تەماشای ئەو هەموو كتێبە دەكەم لە ماڵەوە، هەست دەكەم دەمرم پێش ئەوەی بگەمە كۆتایییان. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانم بەرگەی فریوی كڕینی كتێبی نوێ بگرم.” دواتر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کڕینی کتێب لای ئەو خولیایەکی هەمیشەییە و دەنووسێت: “هەر كاتێك دەڕۆمە كتێبفرۆشییەكەوە و كتێبێك دەبینم كە ئارەزووم لێ بێت ــ بۆ نموونە شیعری ئینگلیزیی كۆن یان سكەندناڤیی كۆن ــ بە خۆم دەڵێم: جێی داخە كە ناتوانم ئەو كتێبە بكڕم، چونكە كۆپییەكیم لە ماڵەوە هەیە.”
عاشقە گەورەکانی کتێب هەمیشە خەم لەو ژمارە کتێبە زۆرە دەخۆن، کە تەمەن دەرفەتیان نادات بیخوێننەوە. بۆرخیس لەو نووسەرانە بوو، کە عەشقی ئەو بۆ کتێب وای کرد دوای لەدەستدانی بینایشی تکا لە هاوڕێی و هاوکارانی بکات بۆ ئەوەی کتێبی بۆ بخوێننەوە و لە خوێندنەوە دوا نەکەوێت.
ساڵانێکی زۆرە منیش خەم بۆ ئەو ژمارە زۆرەی کتێب دەخۆم کە بەهۆی کەمکاتییەوە ناتوانم بیانخوێنمەوە و ژیانم بەشیان ناکات. هەمیشە تامەزرۆییم بۆ خوێندنەوە دە هێندە زیاتر بووە لە تامەزرۆییم بۆ نووسین. نووسین لای من کردەیەکی ئارەزوومەندانەیە و دەکرێت بە خواستی خۆم و دوور لە بانگەشە و منەتکردن کەی ویستم وازی لێ بهێنم. بەڵام خوێندنەوە لای من عەشقە و ناتوانم وازی لی بهێنم. بۆیە هەمیشە خۆم لە نووسین دەدزمەوە بۆ ئەوەی بخوێنمەوە، بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر لەوە تێبگەم ئەم دونیایە بەبێ کتێب چەندە نوقسانە. لەم دونیایەدا کتێب تاکە شتێکە دەتوانێت جوانییەکانی ڕزگار بکات. دەشێ هەر ئەمەش بێت پەرجووی کتێب و ئەوەی کتێب لە دەوری خۆی کۆماندەکاتەوە، ڕووناککردنەوەی ڕۆح و دەروونمانە.

ھەواڵی زیاتر