سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەلا ئەنوەر مائی(١٩١٣-١٩٦٣)ز

تەمەنی دوو ساڵان بووە محەمەدتاهیری باوكی مردووە؛ دایكی بەخێوی كردووە، ناردوویەتی بۆ دێی بامەڕنێ تا لە قوتابخانەكەیدا بخوێنێت، سەرەتایی تەواو دەكات، ئەو حەلە ناوەندی هەر لە مووسڵدا هەبووە، بۆ بێوەژنێك ئەمە سەخت بووە، بۆیە دەچێتە لای مەلا لە مزگەوتەكانی دهۆك، زاخۆ، ئامێدی…تاد. خوێندنی زانستە شەرعییەكان لە لای مەلا محەمەد شوكری ئەفەندی ئامێدیدا تەواو دەكات لە ساڵی 1936ز، بەرگی مەلایەتی لەبەر دەكات.

لە زەمانی عەبدولكەریم قاسم دەوڵەتی عێراقی بڕیاری دا مەلاكان بكاتە مامۆستای قوتابخانە، ئەمەیش لە ڕێگەی خولێكی تایبەتەوە، مامۆستا ئەنوەر مائییش یەكێك دەبێ لەو مەلایانە و لە ساڵی 1938ز دەكرێتە مامۆستا لە دێی “شێروان”… بەڵام بەوە ڕازی نەبووە وەك مامۆستایەكی دوورخراوەی ناو لادێكان ئەمدیو ئەودیو بكات… كۆشاوە بكرێتە كارمەندی دەوڵەت لە قەزای شێخان و ئامێدی، مامۆستا لە وەزع و گوزەرانی وڵاتەكەی ورد بووەتەوە، دەبینێ لە چ تاریكستانێدا دەژین، چەند مەزڵووم و بێپشتوپەنان، بە ئەركی خۆی دەزانێ لەمە بێدەنگ نەبێت بۆ ڕزگاری و چارەسەری دەكەوێتە تەقالاوە، زۆر ناكێشێت ناوی دەكەوێتە ناوانەوە، دەزگای ئەمنی بەغدای سەردەمی پاشایەتی دەیگرن و دوو ساڵی زیندانی بۆ دەبڕنەوە لە ساڵی 1945ز… دوای دوو ساڵ زیندانی بەر دەدرێت…ئەمجارە بۆ بژێویی ژیان خۆی بە كشتوكاڵەوە خەریك دەكات و لەگەڵیدا ئاڵووێڵێش دەكات.

شۆڕشی چواردەی گەلاوێژ ڕوو دەدا، ئەنوەر مائی یەكێك بووە لە قوربانیانی زڵم و جەبری دەوڵەتی پاشایەتی لە شاری مووسڵدا لەگەڵ پارێزەر جەرجیس فەتحوڵڵا لە مووسڵدا ڕۆژنامەی ڕاستی 1959ز، دەردێنن. دوای ڕووداوەكانی ناو مووسڵ و كودەتا، مامۆستا ئەنوەر مائی دیسان دەگیرێت و دوور دەخرێتەوە بۆ خوارەوەی عێراق، شاری “قەلعە ساڵح” ئەو زانیارییەم بەلاوە نییە چەندێك لەو خوارە دەبێ…

بەندە بۆ یەكەمین جار بە خزمەتی گەیشتم ساڵی شەست بوو، یان شەست و یەك بوو لە ڕۆژنامەی برایەتی، ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام جلوبەرگە ڕیڕیەكانی بوو. مامۆستا ئەنوەر مائی زمانی عەرەبی بەهۆی خوێندنی مەلایەتییەوە زۆر باش زانیوە، گرنگییەکی زۆری بە بواری مێژوو داوە، بە زمانی عەرەبی شیعری نووسیوە، هەڵبەستی “مەلكەی مەلەكەكان” پڕە لە هەستی قووڵ، پڕە لە ژان و مەحروومیەت، ئاخ و تەنهایی و دەستبەسەری… ئەو هەڵبەستەی لە زینداندا نووسیوە، ئیتر زۆر هەڵبەستی ئایینی، نیشتمانی و، كۆمەڵایەتیی نووسیوە. بڕێك لە شیعرەكانی تێكەڵەیەكە لە ئەشق و دەروونێكی گڕگرتوو، ئەشقی ئەنوەر مائی پڕ بووە لە مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی و وڵاتپارێزی و مەحروومیەت، ڕۆژانی سەختی زیندان و زڵم و زۆری بێبشتوپەنایی، ناخی برژاندووە، بۆ خۆی وەكو مۆمێک لە قوژبنی زینداندا تواوەتەوە.

ڕۆژ هات و چوو، دامودەزگای عەبدولكەریم قاسم هەڕووژا و بەعس و دەوڵەتەكەی هاتنە سەر كار، بەعس نەیتوانی لەگەڵ كورددا بسازێت، ئیتر خوێنگەرمەكانی كورد بڕكەبڕكە دەبوونە پێشمەرگە… منیش یەكێك بووم لەو كەسانە لە ساڵی 1963ز بوومە پێشمەرگە.. یەشتا شەڕ هەڵنەگیرسابوو، بارەگا و بنكەكانی پێشمەرگە یەشتا لە دەوروبەری شارەكاندا بوون، من و چەند كەسێك گەیشتینە بنكەی پێشمەرگە كە ناسرابوو بە بنكەی جاف، ئەو دەم زۆربەی عەشیرەتەكان بنكە و هێزیان بە ناوی عەشیرەتەكانەوە ناو دەنران، لە ڕاستیشدا نان و ئازووقە و خواردنی ئەو بنكانە بەسەر عەشیرەت و لادێكانەوە بوو. وردەوردە لێرەولەوێ شەڕ دەستی پێ كردەوە، بنكە سەرەكییەكان هەڵكشانەوە سەرەوە بۆ ناو شاخ و دەربەندە سەختەكان… باس لەو ڕۆژانە ناكەم، ئەوە بۆ خۆی باسێكی ترە. بنكە سەرەكییەكەمان لە كەلی پەیكووڵیدا بوو، لە خوارەوە شاری دەربەندیخان لەنێوان شاخی گوڵانی پشتی بانیخێڵان و چیای سەرسەختی زەردەی بەرز و بڵند… خەوەرم زانی مامۆستا ئەنوەر مائی لە بنكەی چیای پەمۆیە، شاخی پەمۆ لەوبەری ڕووباری  سیروانەوەیە، ئێمە و بنكەكەمان لەمبەری سیروانەوە بووین، ئەگەرچی دوو چیای ڕووبەڕووی یەكترن بە چاو لە یەكەوە دەبینرێن، بەڵام بە پێیان دوو ڕۆژ ڕێگە بوو.

بڕیارم دا بچمە خزمەت مامۆستا ئەنوەر مائی، شەش پێشمەرگەم لەگەڵ خۆمدا برد و كەوتینە ڕێ، ئەو دەم من یاریدەدەری سەرلق بووم، بە هەر فەلاكەتێك بوو لە سیروان پەڕینەوە، دوای ماندووبوونێكی زۆر گەیشتمە خزمەتی، ئەو بابمی دەناسی، بابم یەكێك بوو لە چواركەسە هەڵسووڕێنەرەكەی ڕۆژنامەی برایەتی، شەوێك لەوێ مامەوە، بۆنی گۆشت كەپوومانی پڕ كردبوو، گۆشتیان هێنا هەر سنگی عەلەشیش بوو، نە باڵ، نە ڕان، هیچی تر نەبوو، گۆشتمان خوارد یا ئێمە تامەزرۆ بووین یان گۆشتێكی خۆش بوو، بە سبەینێدا پێش ئەوەی بكەومە ڕێ، مامۆستا ئەنوەر مائی وتی: “گۆشتەكەی دوێنێ خۆش بوو؟

وتم: وەڵا زەمانێكە گۆشتی عەلەشیشم نەخواردووە، وا زانراوە گۆشتی عەلەشیشیش باڵەكانی خۆشترن، من باڵم نەدی… مامۆستا دەستی بە پێكەنین كرد و وتی:

گوێ بگرە من مەلام، حەڵاڵ و حەرام باش دەزانم، وەك دەبینی داڵی بۆگەن