نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر یەکەم کتێبی ئەریک فرۆمم بەناونیشانی “بەناوی ژیانەوە” بە وەرگێڕانی “ئازاد بەرزنجی” خوێندنەوە. کتێبێک کە بۆ من دەروازەیەک بوو بۆ ئەوەی ئیدی هەر بەرهەمێکی دیکەی ئەم نووسەرەم بینی بێ هیچ دوودڵییەک بیخوێنمەوە. ئەریک فرۆم لەو بیرمەندانەیە کە هەم بە زمانێکی (تاڕادەیەک) سادە دەنووسێت، هەم سەرچاوە مەعریفییەکانی ئەم هزرمەندە جۆراوجۆرن و لە یەک سەرچاوەوە ڕێچکەی نەبەستووە. ئەو لە کتێبی “لەودیو زنجیرەکانی وەهمەوە” بە ڕوونی باس لە ئاشنابوونی خۆی دەکات بە “مارکس و فرۆید” و ئەو کاریگەریانەی لەسەر نووسین و بیرکردنەوەی هەیانە. ئەگەرچی لە هەندێک خاڵدا لەگەڵیاندا کۆک نییە، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو نەتوانێت هزری خۆی لەڕێی بەرهەمی ئەم دوو نووسەرە و بیرمەندە گەورەیەوە دەوڵەمەند نەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندی ڕەهەند و کتێبخانەی رۆمان دوو کتێبی نوێی ئەم بیرمەندەیان بڵاوکردەوە، کە لەم نووسینەدا ڕانانێکی کورت بۆ یەکێکیان دەکەم، کە ئەویش کتێبی “زمانی لەبیرکراو؛ تێگەیشتن لە لێکدانەوەی خەون، چیرۆکی منداڵان و ئەفسانەکان”، کە “ئاری ڕەشید” کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی “320” لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
فرۆم خۆی لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت “ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك وانه دانراوه، كه به‌درێژایی خولێكی سه‌ره‌تایی بۆ خوێندكارە باڵاکانى دامه‌زراوه‌ی ده‌روونپزیشكیی ویلیا‌م وایت و هه‌روەها خوێندكارانی بێنینگتن پێشكه‌شم كردووه.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم وانانە، بۆ كه‌سانی هاوشێوه‌ش گونجاوە، وه‌ك خوێندكارانی ده‌روونپزیشكی و ده‌روونناسی، هه‌روه‌ها بۆ ئەو كه‌سه ئاساییانه‌ش گونجاوه، كه په‌رۆشییان بۆ ئه‌م بابه‌تانه هه‌یه. هه‌روه‌ك له خواره‌وه‌ی ناونیشانی كتێبهکەدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەشەوە فرۆم ئەوە دەڵێت: “ئه‌م كتێبه پێشه‌كییه‌كه بۆ تێگه‌یشتن له زمانی سمبولی؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ زۆرێك له كێشه ئاڵۆزه‌كانی ئه‌م بواره‌دا نه‌رم ناكات، چونكه ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه له‌گه‌ڵ ئامانجی كتێبێكی ده‌روازه‌یی له‌م شێوه‌یه‌دا ناسازه.”
هەر لە پێشەکی کتێبەکەوە نووسەر باس لەو پاشەکشە مەعریفییە دەکات کە مرۆڤ لەم سەردەمە نوێیەدا لە دەستی داوە، چونکە توانای سەرسامبوون و هەستی کونجکاوی لەدەست داوە. فرۆم لەم دەروازەیەوە دەچێتەوە بۆ لێکدانەوەی خەون لەم سەردەمە نوێیەدا و لەوێشەوە دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونەکانی دوو لە دەروونناسە گرنگ و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم کە فرۆید و یۆنگن. لەگەڵ باسکردنی لێکدانەوەی خەوندا ئەو دەیەوێت باس لە چییەتی خەونیش بکات و لەوێشەوە چییەتی زمانی سیمبۆلی. پرسیاری ئەوەی زمانی سیمبۆلی چییە؟ پرسیارێکی گەلێک گرنگە و فرۆم دێت و وەڵامی دەداتەوە، هەر لەوێوە بەدوای پرسیاری ئەوەوە ڕیشەکانی زمانی سیمبۆلی لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. ئایا لە ئەفسانەکانەوە دێن، کە نووسەر هەوڵی لێکدانەوەی دەدات و یان لە چیرۆکی منداڵاندا ڕیشەی ئەم زمانە سیمبۆلییە لە کوێیە؟ یان لە مەراسیمە ئایینی و چیرۆکەکانی دیکەدا ڕیشەکەی کامەیە؟
ئەم کتێبە ئەگەرچی دەکرێت وەکو کتێبی خستنەڕووی پرسیارەکان چاوی لێ بکەین. هاوکات دەکرێت بە چەندین وەڵامیش بگەین بۆ هەر پرسیارێک فرۆم پرسیارێک ناهێڵێتەوە بەبێ وەڵام و هەوڵ دەدات وەڵامی تەواوی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە پەیوەستن بە بابەتە هەڵبژێردراوەکانی ئەم کتێبەوە.
کتێبەکە زیاترە لەوەی ناوی بنێین دەروازەیەک بۆ تێگەیشتن لە لێکدانەوەی خەون و چیرۆکی منداڵان. بەڵکو دەتوانین وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ و سوودمەند سەیری بکەین و کەڵک لە ڕیشە مەعریفییەکانی وەربگرین. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و پێویستەی بۆ کتیبخانەی کوردی.