پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی ئه‌لیكترۆنی بە شێوەی ئاگاهانە

به‌كركه‌ریم حه‌سه‌ن

فه‌یله‌سوف و وه‌رزشوانی فه‌ره‌نسی (بلیز پاسكاڵ) ده‌ڵێ “ئێستا ئامانج نییه‌، ئەوسا و ئێستا ته‌نها هۆكارن، به‌ڵام پاشه‌ڕۆژ ئامانجه‌”.
دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كانی قۆناغی دوازده‌ی ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شەكانیه‌وه‌ خولی یه‌كه‌م و دووه‌م، هه‌ر قوتابییه‌ک لای ڕوونه‌ نمره‌ی كۆتایی پۆلی دوازده‌، چه‌ندی هێناوه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ كاتی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی ئه‌لكترۆنی كۆلێژه‌ دڵخوازه‌كانی خۆی پڕ بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی حه‌ز ده‌كات وه‌ربگیرێ، بێگومان به‌ پێی نمره‌ی شایسته‌یی.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م و جه‌ختی لێ بكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ساڵ دوای ڕاگه‌یاندنی وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ كۆلێژ و زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌بینین زۆر جار جیاوازیی زۆر نمره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان قوتابییه‌ ئازیزه‌كان، كه‌چی له‌ یەک كۆلێژدا وه‌كو قوتابی ده‌خوێنن.
زۆر جار سه‌رنجم داوه‌ نزیكه‌ی بیست نمره‌ به‌ڵكو زیاتریش جیاوازییان هه‌یه‌ كه‌چی قوتابی هه‌مان كۆلێژ و بگره‌ پسپۆڕی هه‌مان به‌شن، ئه‌وه‌ش من بۆ ئه‌وه‌ ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌ كه‌ قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان وه‌كو پێویست شاره‌زایی و زانیارییان نییه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن و له‌ هه‌مان كاتیشدا نازانن كام كۆلێژ كام نمره‌ وه‌رده‌گرێ، له‌وانه‌یه‌ به‌ په‌له‌ بێ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامدا هه‌لی زێڕینی له‌ ده‌ست ده‌چێ كه‌ پاشه‌ڕۆژه‌كه‌یه‌تی كه‌ ماندووبوونی دوێنی و ئه‌وڕۆیه‌تی به‌ په‌له‌ و بێ بیركردنه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ئامانجی پاشه‌ڕۆژی له‌ ده‌ست ده‌دات.
بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نه‌بن و باشترین هه‌ل و ده‌ستكه‌وت له‌ ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن، پێویسته‌ سه‌ره‌تا زانیارییەکی ته‌واو و دروست ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی ئه‌لكترۆنی وه‌رگرتن هه‌بێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا زۆر ئارام و له‌ سه‌ر خۆ و پشوو درێژ بن، هیچ په‌له‌ كردن و خێراكردنی پێویست نییه‌، به‌ڵكو قوتابی ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێ له‌ ئه‌نجامی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ ده‌توانێ له‌ كۆلێژ و زانكۆی مه‌به‌ست وه‌ربگیرێ كه‌ ئه‌و فۆرمه‌ش چنینه‌وه‌ی هه‌موو ماندووبوون و شه‌ونخوونی و ده‌رده‌سه‌ری دوازده‌ ساڵی ڕابردوویه‌تی، له‌ هه‌مان كاتیشدا خاڵی وه‌رچه‌رخانی ده‌ستنیشانكردنی ئامانجی پاشه‌ڕۆژیه‌تی و هه‌ر په‌له‌پەلێک په‌شیمانیی له‌ دوایه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ قوتابیانی ئازیز سه‌ره‌تا هه‌موو زانیارییه‌كیان هه‌بێت له‌سه‌ر كۆلێژ و زانكۆكان و چ نمره‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و دواتریش بزانن و دڵنیا بن له‌وه‌ی زنجیره‌ی هه‌ڵبژارده‌كان به‌ پێی حه‌ز و ئاره‌زوو وخواست و نمره‌كانیان بێت و زۆر له‌سه‌رخۆ و هێمن بن و په‌رۆشیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ تووشی هه‌ڵه‌ و په‌شیمانییان نه‌كات، چونكه‌ زۆر جار وا بووه‌ په‌رۆشی و جۆش و خرۆش، دەبێتە په‌له‌په‌ل و، به‌ دڵنیاییەوە له‌ ئه‌نجامی خێرایی و په‌له‌كردن مرۆڤ تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆژی قوتابییه‌ ئازیزه‌كانمان مسۆگه‌ر و ده‌سته‌به‌ر بێت و ماندووبوون و نمره‌كەیان بەفیڕۆ نەڕوات و به‌ پێی شایسته‌یی له‌ كۆلێژه‌كان وه‌ربگیرێن و جیاوازی زۆری نمره‌كان له‌ هه‌مان كۆلێژه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و دوودڵی و ڕاڕاییی كه‌سوکاری قوتابیانیش كه‌متر بێته‌وه‌، به‌ پێویستی ده‌زانم وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كاتێك ته‌رخان بكات كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت له‌ رێگای به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی و سۆشیال میدیای تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌ت به‌رنامه‌ی تایبه‌ت و بەردەوامی هه‌بێت بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان و ڕۆشنبیركردنیان له‌ سه‌ر زانیارییه‌كانی فۆرمه‌كه‌ و چۆنیه‌تی پڕ كردنه‌وه‌ و، له‌ هه‌مان كاتیشدا زانیاری دروست بدرێته‌ قوتابییان كه‌ له‌و ساڵدا به‌ نزیك كراوه‌یی هه‌ر كۆلێژێك جیاوازی وه‌رگرتنی نمره‌كان له‌ نێوان چه‌ند و چه‌ند ده‌بێ و كورسی وه‌رگرتنی كۆلێژه‌كان ژماره‌یان چه‌نده‌ و هه‌وڵ بدرێ ئه‌و جۆره‌ به‌رنامه‌ ڕۆشنبیركردنه‌ و فێركردنی قوتابیان ڕۆژانه‌ په‌خش بكرێ و پرسیار و وه‌ڵامی تێدا هه‌بێت، چونكه‌ به‌ دڵنیایی په‌یوه‌سته‌ به‌ پاشه‌ڕۆژی خودی قوتابییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تا له‌ داهاتوو كه‌ قوتابی له‌ هه‌ر كۆلێژێك وه‌رگیرا هه‌ست به‌ نائومێدی و په‌شیمانی نه‌كات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جۆش و خرۆش و په‌رۆشی بۆ پسپۆڕییه‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كۆلێژه‌ی لێی وه‌رگیراوه‌ هه‌م گونجاوه‌ به‌ پێی نمره‌كه‌ی هه‌میش خواست و ویستی قوتابییه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، بایه‌خ و گرنگی به‌و لایه‌نه‌ بدات، ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ وشیاركردنه‌وه‌كان چه‌نده‌ها سه‌نته‌ر و په‌یمانگای تایبه‌ت به‌و بابه‌ته‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بخرێته‌ كار.
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ن دایك و باوكان رێز له‌ هه‌ڵبژارده‌ی منداڵه‌كەیان بگرن و فشار و گوشار و پاڵه‌په‌ستۆ نه‌خه‌نه‌ سه‌ریان با به‌ حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان كۆلێژه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك به‌ حه‌ز و ئاره‌زووی كه‌سوكار، چونكه‌ ئه‌وه‌ پاشه‌ڕۆژی قوتابییه‌كانمانه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، بێگومان دوای ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كان
*به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی/ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕیی په‌روه‌رده‌ییدا