زمان هه‌رته‌نها ڕه‌هه‌ندێكی واتاییی نییه، به‌ڵكو ئستاتیكی و هونه‌ریشی هه‌یه. به‌و مانایه‌ی ئه‌و زمانه له ڕووی داڕشتن و گوزراشتكردن و هونه‌ری ده‌ربڕینه‌وه، چه‌ند سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێت و چێژی لێ وه‌رده‌گرێت، كه هه‌ر ئه‌مه‌شه زمان له مه‌ودا جه‌ماوه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه، له ئه‌ده‌ب جیا ده‌كاته‌وه. چونكه له ده‌ربڕینی گشتیدا، ڕه‌نگه مرۆڤ پێویستی به هیچ جۆره ڕێكخستنێك و هونه‌رێكی به‌رزی داڕشتن نه‌بێت و ته‌نها مانا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له ئه‌ده‌بدا، زمان ڕه‌هه‌ندێكی ئستاتیكیشی هه‌یه، كه ده‌ره‌نجام چێژ و جوانی، به ده‌قه‌كه ده‌به‌خشێت و گه‌لێك جار ده‌بێته سیمایه‌كی هونه‌ری دیار، بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌زموونی نووسه‌رێك و شاعیرێك. یه‌كێك له‌و نووسه‌ر و شاعیره دیارانه‌ی بایه‌خێكی زۆر به زمان ده‌دات و به ڕاستی زمانێكی ناوازه‌ی هه‌یه، نووسه‌ر و شاعیری دیاری كورد (فه‌رهاد شاكه‌لی)ـیه. له‌و ماوانه‌ی ڕابردوودا، زیاد له ده كتێبی ئه‌وم جارێكی دیكه، خوێندنه‌وه، كه پێشتر خوێندبوومنه‌وه. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌وام نووسینه‌كانی ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌م نووسه‌ره، به زمانێك ده‌نووسێت، هێنده كوردانه و جوان و په‌تی، كه خوێنه‌ر شاگەشکە ده‌بێت له‌و زمانه‌ی شاكه‌لی. ئاسان نییه نووسه‌رێك، په‌نجا ساڵ له هه‌نده‌ران بێت، كه‌چی زمانی نووسین و ئاخاوتنی، كوردییه‌كی هێنده په‌تی و ڕه‌وان بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له نێو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیدا بێت. له كاتێكدا كه‌سانێك هه‌ن، ته‌نها به كۆچكردنیان له شارێكه‌وه بۆ شارێكی دیكه، زمانە خۆجێییەکەی خۆیان له‌بیر ده‌چێته‌وه (بۆ نموونه ڕواندزییه‌كان كه ده‌چنه هه‌ولێر شێوه‌زاری ڕواندزییان بیر ده‌چێته‌وه و به زمانی هه‌ولێری قسه ده‌كه‌ن) ئه‌م زمانه كوردییه جوان و په‌تیه‌ی شاكه‌لی، ده‌ریده‌خات كه چه‌ند له بایه‌خی زمان، وه‌ك شوناسێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی له ئه‌وانی تر ئاگامه‌نده و چه‌ند له خه‌می زمانی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆیدایه. خوێنه‌ر كه نووسینه‌كانی ده‌خوێنێته‌وه، چێژ له دێڕ به دێڕ و كۆپله به كۆپڵه‌ی هه‌موو ئه‌و نووسینانه وه‌رده‌گرێت كه ده‌یاننووسێت. شاكه‌لی، شاره‌زاییه‌كی ورد و قووڵی له زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و ته‌نانه‌ت شێوه‌زار و زمانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش هه‌یه. شاره‌زاییه‌ك كه ده‌ره‌نجامی قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی زانستی و زمانناسییانه‌ی ورد و شڕۆڤه‌كراوه، كه تیایدا زمان نه‌ك ته‌نها وه‌ك هونه‌ری ده‌ربڕین، به‌ڵكو وه‌ك زانستێكیش ده‌بینێت. بۆیه له نووسینه‌كانی خۆیدا، زمانزانین له كوردیزانی جیا ده‌كاته‌وه. به‌مه‌ش زمان هه‌ر ته‌نها له ئاسته فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی نابینێت، به‌ڵكو له ئاسته گرامه‌ریه‌كه‌شی. چونكه دواجار هه‌موو زمانێك پێكهاته‌یه‌كی ڕێزمانی و وشه‌سازییه و به گۆڕینی ده‌نگ و فۆنیمێك، ڕه‌نگه ته‌واوی واتای دێڕێك و په‌ڕه‌گراقێك بگۆردرێت، له كتێبی( زمانی گه‌رده‌لول خه‌ونی شنه‌با) كه كۆكراوه‌ی كۆمه‌ڵه دیمانه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه له گه‌ڵی، شاكه‌لی به پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگییه‌وه، له چه‌ندین پرس و بابه‌تی وه‌ك (زمان، ته‌سه‌وف، چیڕۆك و ڕۆمان، ئه‌لف و بێی لاتینی و كێشه‌كانی، ڕۆژهه‌ڵاتناسی، زمانانی ڕۆژهه‌ڵات،، ڕوانگه‌و شیعری هه‌فتاكان) و ده‌یان بابه‌تی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌دوێت، كه خوێندنه‌وه‌یان كۆمه‌كێكی گه‌وره‌ی خوێنه‌ر ده‌كات، له ئاشنابوونی به زمان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. له هه‌ریه‌ك له‌و بابه‌تانه، شاكه‌لی به زمانێكی كوردییانه‌ی ڕه‌وان، سفت و سۆڵ، بێ گرێ و گۆڵ، په‌تی و كوریدییانه ده‌دوێت كه خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كه‌ن وچێژ له خوێنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان وه‌رده‌گرێت و به زانیاریی جۆراو جۆرله ڕووی ئه‌ده‌ب و زمانه‌وه ئاشنا ده‌بێت. به بڕوای من، نه‌وه‌ی نوێی دوای ڕاپه‌ڕین، بۆ ئه‌وه‌ی له بایه‌خی زمانی كوردی و ئاسته‌كانی زمان له ڕووی واتایی و ڕێزمانی و ماناییه‌وه تێ بگات، ده‌بێ به‌رهه‌مه‌كانی فه‌رهاد شاكه‌لی بخوێنێته‌وه. هیچ نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌وه بن، كه چۆن له زمانێكی ساكار، جوانی و مانا، چێژ و شیعرییه‌ت به‌رهه‌م بێنن. بیرمان نه‌چێت، هه‌موو ئه‌و ساده‌بوونه‌وه‌ی زمان لای ئه‌و نه‌وه‌یه، به‌شی زۆری ساده‌بوونه‌وه‌یه به ئاراسته‌ی بێ ماناكردنی زمان و میللیبوونه‌وه و بێ ماناییكردنی زمان، به پێچه‌وانه‌ی ساده‌یی له زمانی نه‌وه‌ی هه‌فتاكاندا، كه ساده‌یه‌كه به ئارسته‌ی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی جوانی و هونه‌ركاریی له زمانی كوردیدا، كه شاكه‌لی یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی هه‌ر له ده‌سپێكی نووسینییه‌وه، كار له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌گه‌زه ده‌كات. له كۆمه‌ڵه شیعری ( نوقته نوونه‌ی ژیان) دا، ئه‌زموونی شاعیرێك ده‌بینین، كه لێوان لێوه له چێژ و شیعرییه‌ت و جوانی. زۆر به ڕاشكاویی و وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر، ئه‌وه ده‌ڵێم، كه ئه‌زموونی سێ له سه‌ر چواری شاعیره گه‌نجه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین كۆ بكه‌یته‌وه، به قه‌د ئه‌و كۆمه‌ڵه شیعره‌ی شاكه‌لی جوان نابن. شاكه‌لی له‌و كۆمه‌ڵه شیعره‌یدا، شاعیرێك نییه ته‌مه‌ن و تاراوگه پیری كردبن، به‌ڵكو وێنه‌ی شاعیرێك ده‌بینین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڕه‌تی گه‌نجی و نووسینی شیعر دابێت، ئه‌وه‌نده وزه‌و تین و تاوی شیعری له شیعره‌كانیدا هه‌یه، ئه‌مه وێرای ئه‌و زمانه جوان و پڕ له چێژ و شیعریه‌ته‌ی له شیعره‌كاندا هه‌ن. به بڕوای من، شاكه‌لی بۆ هه‌ر بابه‌تێك، زمانێكی تایبه‌تی نووسینی هه‌یه، كه باسی ته‌سه‌وف ده‌كات، وه‌ك سۆفییه‌ك وكه باسی ڕوح ده‌كات، وه‌ك لاهوت ناسێك و كه باسی شیعروچیڕۆك ده‌كات، وه‌ك ئه‌دیبێك ده‌دوێت و كه باسی زمانیش ده‌كات، زمانناسێكی كارامه‌و لێهاتووه. له كۆی نووسینه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا، زمان فۆڕمێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی باڵای هه‌یه و له ڕێگه‌ی ئه‌و زمانه‌وه، خوێنه‌ر به نووسینه‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر بۆ نووسه‌رانی دیكه‌ی كورد، زمان هه‌ر ته‌نها ئامرازی نووسین بێت، ئه‌وا لای ئه‌م، زمان شوناس و بوونه، ڕه‌گه‌زێكی گرنگی نه‌ته‌وه و ناسنامه‌یه، بۆیه به گرنگییه‌وه له زمان ده‌دوێت و هێنده بایه‌خ به زمانی نووسینه‌كانی ده‌دات. شاكه‌لی نه‌ك ته‌نها له ڕووی نووسینه‌وه، به‌ڵكو وه‌رگێڕانیشه‌وه، هه‌مان ئه‌و زمانه باڵایه‌ی هه‌یه. خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و شیعرانه ده‌خوێنێته‌وه، كه شاكه‌لی له سوێدی وه‌ریگێڕاون، وا هه‌ست ده‌كات له بنه‌ڕه‌تدا، ئه‌و شیعرانه شاعیرێكی كورد نووسیونی، ئه‌وه‌نده هونه‌رییانه وه‌ریگێڕاون. ته‌نانه‌ت دوای خوێنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره وه‌رگێڕدراوانه، خوێنه‌ر ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی كه شیعریش وه‌رده‌گێڕدرێت و كێ ده‌ڵێت شیعر وه‌رناگێڕدرێت؟ به ڕاستی زمانی ئه‌م نووسه‌ره، زمانێكی كوردییانه‌ی یه‌كجار جوانه، له‌وه‌ی زمانێكی وشكی ئه‌كادیمیانه بێت. ته‌نانه‌ت له توێژینه‌وه ئه‌كادیمیه‌كانیشدا، به‌ر هه‌مان ئه‌و زمانه ده‌كه‌وین. ئه‌و هه‌موو بایه‌خدانه به زمانی كوردی، لای نووسه‌رێك كه په‌نجا ساڵ زیاتره له هه‌نده‌ران ده‌ژیێت، نه‌ك شانازیه‌كی گه‌وره‌یه، به‌ڵكو مه‌دالیایه‌كی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌شه، به به‌ڕۆكی شاكه‌لییه‌وه. ئاخر نووسه‌رانێك هه‌ن، ناتوانن دوو ڕسته‌ی جوانی كوردی به سه‌ر یه‌كه‌وه، له ڕووی ڕێزمانی و بابه‌تییه‌وه بێهه‌ڵه بنووسن، كه‌چی خۆیان وه‌ك ڕووناكبیر و ڕۆماننووس و شاعیر ده‌ناسێنن، به‌ڵام شاكه‌لی به‌و زمانه جوانه‌وه، به‌و هه‌موو پاشخانه ڕۆشنبیریی و هزریی و ته‌سه‌وفییه‌وه، به زمانێك ده‌نووسێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك له نه‌ته‌وه‌كه‌ی و نیشتمانه‌كه‌ی دانه‌بڕابێت. ئاخر مرۆڤ، با به جه‌سته‌ش له نیشتمان دوور بێت، كه ڕۆحی له وڵات جێ مابێت، غه‌ریبی چۆن ده‌توانێت زمان و نیشتمانی له بیر به‌رێته‌وه؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه خۆیشی له شیعرێكدا ده‌ڵێت:
له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕی گشت ساڵێكدا
كه كێوی سه‌ر به‌ته‌می ته‌مه‌نم تریفه باران ده‌كا
ڕوو له ڕۆژهه‌ڵات ڕاده‌وه‌ستم
چاوه‌ڕێی په‌یكی خۆرهه‌ڵاتێكی ترم.
مرۆڤێك هه‌موو بەیانییه‌ك، چاوه‌ڕێی په‌یكی خۆرهه‌ڵات بكات، چۆن زمانی دایكی بیر ده‌چێته‌وه؟ پێمان ناڵێن، چۆن بیری ده‌چێته‌وه؟
- سه‌رنج: زمانی گه‌رده‌لوول خه‌ونی شنه‌با، ناونیشانی كتێبێكی فه‌رهاد شاكه‌لییه.