دانپێدانانەکانی شێرزاد حەسەن بڵاوکرایەوە

لە نوێترین پرۆژەی ئەدەبیدا نووسەر و ڕۆژنامەنووس شاخەوان سدیق گفتوگۆیەکی درێژی سەبارەت ژیان و ئەزموونی ئەدەبی نووسەر و چیرۆکنووس “شێرزاد حەسەن” سازداوە و لەژێر ناونیشانی “دانپێدانانەکانی ئەدیبێک” چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دامەزراوەی کەریمی عەلەکەیە.

شێرزاد حەسەن لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “هەڵبەتە دیالۆگ و گفتوگۆی ڕاستەقینە لەوەوە سەنگی دەبێت، کە سازدەری دیدارەکان پرسیارگەلێکی زیرەکانەی وای هەبێت کە بتوانێت کانگای فیکر و ئەندێشە و ئاستی داهێنانی نووسەرەکان، تا کوێ جیاواز و بەهەڕمێن و قووڵە، بە واتا تەقینەوەی کانیلەکانی داهێنانی یەک بەیەکی ئەو نووسەرانە. بە بێ ڕیاکاری و ڕووپامایی و ترس لەوانی دیکە کە چلۆن سەیری ئەو دیالۆگ و دەمەتەقێیە دەکەن، ناکرێت هەر هەموو خوێنەرەکان بە ئێمە ئاسوودە بن و پێشوازیمان لێ بکەن، چونکە خودی پاشخان و باکگراوندی هەریەکێک لەو خوێندەوارانە و ڕێنوێنیی بیر و بۆچوون و ئایدیۆژیایەکی جیاواز بکەن.”
لە دواتردا شێرزاد حەسەن ڕاشکاوانە ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم دیدارە “ئەزموونی یەکەمین دیداری من و ‘شاخەوان سدیق’ کە لە لای خوێندەوارانی ئەدەب و ژانرەکانی پێشوازییان لێ کردووە، ئەوەیان هاندەر بوو کە من بچمە پای خواستی دووەمین دیدار و خۆتەرخانکردنیش بۆ هەر سەرنج و ڕەخنەیەکی شێلگیرانە و سەنگین، کە وا بکات دیالۆگ و گفتوگۆیەکی وا ساز بکرێت، کە بۆنی ئەوەی لێ بێت کە دیوە ئینسکلۆپیدییەکەی هەردووکیان بەرجەستە و تۆکمە بنوێنن.”
ئەم کتێبە شەشەم کتێبی شێرزاد حەسەنە، کە لەمساڵدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و هەر مانگی ڕابردوو دوو کتێبی دیکەی نووسەر لەژێر ناونیشانی “پیاوێک لە پینە” و “لەبابلەوە بۆ لۆزان” چاپ و بڵاوکرانەوە.

ھەواڵی زیاتر