هۆکاری کاڵبوونەوەی زمانی کوردی چییە؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئامرازێکە بۆ ناساندن و بەرەوپێشبردن و لێکتێگەیشتن لەنێوان دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان؛ هه‌روه‌ها خاڵی جیاکەرەوەی گرنگی نێوان زیندەوەران بەگشتی لە دوای ئاواز زمانی قسەکردنە.

لە دنیادا ناو و نیشانەی بوون و ژیانی هەموو قەومێک بە زمان و نووسینی خۆیەوە لە ڕیزی ئەقواما دەناسرێت. ناو و ناوبانگی بەرز و نزمی گشت میللەتێک بە زمان و نووسینەوە ناونووس دەکرێت.
لەبەر ئەوە، ئەمڕۆ بۆ ئێمە خزمەتی هەرە گەورە هەتا پێمان دەکرێت، بە کۆمەڵێکی تایبەتی، بە گرامەر و قامووس و بە کتێب و ڕۆژنامە، بە زمانی کوردییە خۆماڵییەکە. بناغەی نووسین ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەیە. بۆ ئەوەی کە لەومەولا زمان و نووسینمان نەئاڵۆزێت و گۆج و کۆڵەوار نەکرێت!
بەڵێ: هەندێ قسە هەن کە وا تێکەڵ بە زمانمان بووە و ئەمڕۆ لە زمانی خۆمانا نایبینین و نایزانین. ئەوانە هەمووی هەیە و هەبووە. خۆمان ناومانە بەلاوە و لەناومان بردووە. ئەوەیش ئەنجا بە ڕێکخستنی قامووسێک دادەمەزرێت، کە لە شێوەی زمانی میللەت بکا و لە پێویست زەمانە بوەشێتەوە.
ئەگینا بۆ نووسینی کوردی پەتی هەچ کەس لە لایەکەوە بە جۆرێک! نە بە قسەی نەدی و نەناسراو بڵاوکردنەوە: نە بە زمانێکی تر، تێکەلوپێکەڵ و ڕازانەوەی کە ناکرێت.
جارێ نەختێ تێبینی بکەین دەزانین: هەروەکو لە گشت زمانێکا قسە و نووسین لە یەک ناکەن، هەموو خوێندەوارییەکیش کتێب و ڕۆژنامەی پێ نانووسرێتەوە.
له‌ دنیادا ئاراسته‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ره‌و به‌ ئینگلیزیکردن، واته‌ ئه‌م ئاراسته‌یه‌ کارده‌کات بۆ لاوازکردن و فه‌رامۆشکردنی زمانی دایک، ئه‌مه‌ش کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه‌ و به‌ربه‌ستێکی گه‌وره‌شه‌ له‌به‌رده‌م زمانی دایک له‌ دنیا به‌گشتی و زمانی کوردی به‌تایبه‌تی.
_ نه‌بوونی زمانێکی ستانداردی کوردی سه‌رانسه‌ری، که‌ ئه‌مه‌ گرفتێکی گه‌وره‌یه‌، چونکه‌ کرمانجی سه‌روو و کرمانجی ناوه‌ڕاست هه‌ردووکیان له‌م هه‌رێمه‌ بچووکه‌ وه‌ک زمانی ستاندارد کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ خه‌ڵک به‌ چاوێکی تر سه‌یری ئه‌م زمانه‌ بکه‌ن و فه‌رمۆشی بکه‌ن.
به‌داخه‌وه‌ زۆرترین کارئاسانی بۆ فێربوونی زمانی بێگانه کراوه‌‌، وەک، دەیان باخچه‌ی منداڵان و قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ و زانکۆ و سه‌نته‌ر به‌ زمانی بێگانه‌ کراونه‌ته‌وه‌، به‌ پێشکه‌وتووترین ئامێر و گه‌وره‌ترین باڵه‌خانه‌ شوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌م قوتابخانه‌ و زانکۆیانه‌ به‌ مه‌به‌ستی فێربوون و فێرکردنی زمانی بێگانه‌ کراوه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا بۆ زمانی دایک باخچه‌ی منداڵان و قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ و زانکۆ له‌ باڵه‌خانه‌یه‌کی کۆن و شوێنێکی نه‌شیاو دانراوه‌، وا هه‌ست ده‌که‌یت له‌ دوو وڵاتی جیان ئه‌م دوو جۆره‌ په‌روه‌رده‌ و فێرکردنه‌.
لە کوردستان پێویستە یاسای نوێ بەسەر هەموو دام و دەزگا و خوێندگاکان بسەپێندرێت، بە تایبەتی لە زانکۆ و پەیمانگاکان، لە قوتابخانە و خوێندگاکان: فێرکردن و پێشخستنی زمانی دایک کە زمانی کوردیە، ئامانجی سەرەکی بێت، فێرکردنی ئەلف و بێی کوردی لە پێش ئەی بی سی بێت، راهێنانی داب و نەریتە جوانەکانی باب و باپیران پێش تەربێتی بێگانە بێت. گرنگیدان بە مامۆستا و وانەبێژی زمانی کوردی زیاتر بێت لە مامۆستای ئینگلیزی و عەرەبی نەک بە پێچەوانەوە راتبشیان کەم بکرێتەوە لەچاو مامۆستاکانی تر. ئەڵبەتە وەگێرەکانیش پێویستە رۆڵی خۆیان هەبێت و بابەتی زانستی و گرنگ وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی، چونکە نەمری و بەرەوپێشبردنی زمانی دایک ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە نەک بەس زمانەوان.

ھەواڵی زیاتر