چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڵاوکرانەوەی كتێبی “گوتاری خۆڕادەستكردن، گەڕانەوە بۆ جەلاد”

لوقمان مستەفا

كتێبی “گوتاری خۆڕادەستكردن، گەڕانەوە بۆ جەلاد” لە نووسینی نووسەر ئاسۆ حاجی لە دووتوێی 176 لاپەڕە چاپ كرا و بڵاو كرایه‌وه‌.

ئه‌م كتێبه ‌لە سێ بەش پێك هاتووە، بەشی یەكەم بریتییە مێژووی خۆڕادەستكردنەوە و هێنانەوەی چەند نموونەیەكە، هەروەها مێژووی دیاركەوتنی گوتاری خۆرادەستكردنەوە لە كوردستان، بەشی دووەم بازاڕسازیی بۆ گوتاری خۆڕادەستكردنەوەیە، كە بریتییە لە نموونەی چەند ئەندامێكی كورد لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، چۆن بازاڕسازییان بۆ ئەو گوتارە دەكرد و چۆن دژمنایەتیی نیشتمان و میللەتی خۆیان دەكرد..
بەشی سێیەمیش لە روانگەی گوتاری شیكارییەوە تیشك خراوەتە سەر گوتاری خۆرادەستكردنەوە، دوو گوتار بە نموونە وەرگیراون و شیكاریان بۆ كراوە، بە چ جۆر و لە چ ئاستێكدا كاریان بۆ گوتاری خۆڕادەستكردن كردووە؟، چۆن زمان و ئامرازەكانی تری پشت وشە و بڕگە بەكارهاتووەكان بۆ ئەو مەبەستە بەكار هێناوە.
به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌ كه‌ زیاتره‌ له ‌سه‌د ساڵ، هیچ كه‌س و لایه‌نێك په‌نای بۆ گوتاری خۆڕاده‌ستكردن نه‌بردووه‌، تا ڕووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 كه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ده‌ستیان له‌گه‌ڵ هێزی داگیركه‌ر تێكه‌ڵ كرد و خیانه‌تیان له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان كرده‌وه‌، ئه‌و ڕووداوه‌ گوتارێكی نوێی سیاسی له‌گه‌ڵ خۆدا هێنا، گوتاری خۆڕاده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ به‌غدای (داگیركه‌ر)، ڕه‌نگه‌ مێژووی ئه‌و گوتاره‌ كۆنتر بێت و به‌ر له‌و مێژووه‌ كه‌سانێك هه‌بن كاریان بۆ كردبێت، به‌ڵام له‌و مێژووه‌ به‌دواوه‌ به‌ ئاشكرا و وه‌ك دروشم و ئامانجی چه‌ند هێز و لایه‌نێكی سیاسی وه‌دیار كه‌وت، كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتیی كوردستانی و گۆڕینی ئاراسته‌كه‌ی، له‌ داواكردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بێ سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ مێژووی سه‌د ساڵی داگیركاریدا به‌ هه‌زاران كوردی كوشتووه‌ و هه‌زاران گوند و ئاوایی خاپوور كردووه‌، دیارترینیان ئه‌نفالكردنی زیاتر له‌ دووسه‌دهه‌زار كه‌سی سڤیل و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستانه‌.
نووسه‌ر له‌ پێشه‌كیدا، ئاماژه‌ی به‌وه ‌كردووه‌: “مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ڕسكاوه‌ و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیاریكراون، له‌ گوتارێكی سیاسی ڕوون داڕێژڕاوه‌ كه‌ گوزارشت له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات. به‌ درێژایی ئه‌و مێژووه‌ به‌ هه‌موو هه‌وراز و نشێوه‌كانیه‌وه‌ بریتی بووه‌ له‌ به‌ڕێكردن له‌و مافانه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركه‌ر به‌ هه‌موو توانا، ڕێگه‌ و شێوازێك، له‌ بزاڤی سیاسی و هاندانی كۆمه‌ڵاتییه‌وه‌ تا شه‌ڕی چه‌كداری كه‌ مێژووی هه‌رسێ لایه‌ن به‌ مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گرێدراوه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌دا، ده‌ڵێت: “به‌شێك له‌ میدیای كوردی، به‌ حزبی و سێبه‌ره‌وه‌” ئه‌وانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێتن سه‌ربه‌خۆ ئه‌هلی” دوای ڕووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر، چوونه‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و گوتاره‌ و بوونه‌ به‌شێك له‌ گوتاری خۆڕاده‌ستكردن، له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاواز كاریان بۆ هه‌ڕمێن (ره‌واج)ـدان به‌و گوتاره‌ ده‌كرد و تا ئێستاش ئه‌و گوتاره‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌سه‌ر ئاستی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و نیشاندانی هه‌رێمی كوردستان به‌ لاوازی و نیشاندانی عێراق به‌ وڵاتێكی به‌هێز كه‌ ئه‌و وه‌ك سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕ ده‌توانێت مه‌رجه‌كانی بسه‌پێنێت و هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌رفه‌تێكی نیه‌ جگه‌ له‌ قه‌بووڵكردنی مه‌رجه‌كانی به‌غدا و ملكه‌چبوونی له‌سه‌ر ئاستی لێدوان و وتاری ڕۆژنامه‌وانی كه‌ به‌ ئاراسته‌ی بانگه‌شه‌بۆكردن بۆ باشه‌كانی به‌غدا و له ‌به‌رانبه‌ردا ناشیرینكردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی به‌دواداچوون و شرۆڤه‌كاری، له ‌ڕێگه‌یاندا عێراقیان وه‌ك وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌ره‌وه‌ری و دیموكرات و ڕوون (شه‌فاف) ده‌ناساند و كوردستانیشیان به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی وێنه‌ ده‌كرد.
ئاسۆ قادر شێخ محەمەد، ناسراو بە “ئاسۆ حاجی”، لەدایكبووی 1973ی هەولێرە، قوتابی ماستەرە لە بواری میدیا و ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانە؛ تا ئێستا چوار كتێبی چاپكراوی هەیە؛ “بارزانی پێشمەرگەی سەربەخۆیی” و “نەجەف لە چاوەڕوانی ئیمامدا” و “لە پاریسەوە بۆ تەیراوە” و “گوتاری خۆڕادەستكردنەوە، گەڕانەوە بۆ جەلاد”.