پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئێمەش وەک مامۆستا عبدولڕەقیب یوسف دژی داگیرکردنی کتێبین

دیاردەی داگیرکردنی کتێب لەناو بواری ڕۆشنبیری کوردیدا هەڕەشەیە بۆ سەر مافی نووسەران و پێویستە بە یاسا بەری لێ بگیرێ، دەبێ هەموو لایەک ئەو کەسانە بناسین کە زۆر چاوقایمانە ڕێ بەخۆیان دەدەن ناوی نووسەرێک یا ئامادەکارێک لەسەر بەرهەمێک لادەبەن و ناوی خۆیان لەبری ئەو دائەنێن و دەبنە حازرخۆر.

ئێمە وەک کۆمەڵێ ڕۆشنبیر لە بوار جیاجیادا دوای خوێندنەوەی وتارێکی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف کە بە سێ بەش لە ڕۆژانی (٢١و ٢٢ و ٢٣/ ئاب/٢٠٢٢) لە (ڕۆژنامەی هەولێر)ی ڕۆژانەدا بڵاوبۆوە توشی شۆک بوین لە بونی کەسانێک بەو جۆرە کە بە ڕۆژی ڕووناک دەست دەکەن بە گیرفانی نووسەراندا و بەرهەمی ماندوبون و ئەقڵی نووسەری گەورە ئەدزن و لە ڕێگای چاپخانە بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە و زیاتر لە گروپی مافیایی دەچن، ئێمە بۆچونی خۆمان سەبارەت بەو کەیسە لەم خاڵانەدا دەخەینە ڕوو و داواکاری خۆشمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەرلەمان هەیە.
ئێمە دوای ئەوەی سەردانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف مان کرد و هەروەها پەیوەندی تەلەفۆنیمان بە “مامۆستا شێخ مەزهەر قولپی”ـەوە کرد بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو:
١-شەرحی مەلا عەبدولسەلامی جزیری بۆ دیوانی مەلای جزیری، دەستنووسێکی دەگمەن بو، لای مامۆستای مێژوونوس و ئاسەوارناس عەبدولڕەقیب یوسف پارێزراوە و وەک پڕۆژەیەک لای خۆی بوە کەچی بە قودرەتی قادر ئەم دەسنووسە بە ناوی (تەحسین ئیبراهیم) دوسکی چاپ کراوە و ناوی ئەو لەسەر بەرگەکەی نوسرا لەباتی ناوی مامۆستا عەبدولڕەقیب، مامۆستا ئەم دەسنووسەی داوە بە کاک (مئەیەد تەیب) دوسکی کە خاوەنی چاپخانەی (سپیرێزە) لە دهۆک، مامۆستا دەڵێت: “من سێ جار بە مئەیەدم ووت چاپی مەکە تا هەندێ لێکۆڵینەوە لە بارەوەی دەکەم و لە پێش بەرنامەم بۆ چاپکردنی تەواو بکەم لەپڕ بەرهەمەکە چاپکراو ناوێکی تری خرابۆوە سەر کە ناوی تەحسین دوسکی بوو “لە عەشیرەتی خۆی”؛ ئێمە دەپرسین ئەی ناوی مامۆستا عەبدولڕەقیب لەسەر بەرگ کوا؟ ئەو چاپخانەیە و خاوەنەکەی بە چ هەقێ ناوی تر دەخەنە سەر بەرهەمەکە؟ مافی پارێزراوی نووسەران کە یاسا دیاری کردووە چۆن لووش درا؟ کوا گرێبەست لەگەڵ مامۆستا؟ ئەی دوای چاپکردنی یان ڕاستر بڵێین دوای داگیرکردنی بۆچی نوسخەیەکیشیان بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی بەرهەمەکە نەنارد؟ تەنیا ئاماژە بەوە دراوە کە مامۆستا عەبدولڕەقیب نزیکەی ساڵێکە ئەم بەرهەمەی بۆ مئەیەد ناردووە و دەنگی نەبووە ئیتر ئەویش چاپی کردووە و ناوێکی تری خستۆتە سەر، ئەمەیە شاری بێ حاکم کە مئەیەد تەیب مامەڵەی پێوە کردووە و بازاڕ گەرمی بۆ چاپخانەکەی پەیدا کردووە و ڕێگای بەخۆی داوە مامۆستا عەبدولڕەقیب فەسڵ بکات و هاوڕێیەکی خۆی لەبری تەعین بکات، لە وەزیری ڕۆشنبیری دەپرسین ئەم چاپخانەیە چۆن مۆڵەتی وەرگرتوە؟ ئایا مۆڵەتی لە ئێوە وەرگرتوە ناوی نووسەر و خاوەن بەرهەم لابەرێت و ناوێکی سولاسی تر لە بری دابنێ، گەر ئێوە ئەو مافەتان نەداوەتێ کەواتە چ ڕێوشوێنێک بەرامبەر ئەو چاپخانەیە دەگرنە بەر کە هەر ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو زیاتریشی لە ژێر سەرا بووە و دواتر باسی دەکەین.
٢- کارێکی تری ناڕەوا ئەوەیە کە مەلا تەحسین دیوانی “شێخی مەجزوب”ـی چاپ کرد کە نوسخەی ئەسڵی دیوانەکە لای مامۆستا عەبدولڕەقیبە و فۆتۆکۆپیەکەی لای ئەوان بووە بەڵام کە چاپ کراوە بە فۆتۆشۆپ ئەو پەراوێزە کە لە لاپەڕە “٩٢” مامۆستا نوسیبوی سراوەتەوە بۆ ئەوەی شوێنە ونی بکەن، چ ویژدانێکە ئاوا چاو قایمانە بەرامبەر مێژونوسێکی گەورەی گەلەکەمان پێشێلکاری بکرێت، چۆن دەبێت دوای تەمەنێک فیداکاری مامۆستا عەبدولڕەقیب ئاوا مافیاگەل گەمارۆی بدات و ئێمەش بێدەنگ بین؟
٣- دەستدرێژی کراوەتە سەر سایتی مامۆستا عەبدولڕەقیب، ئەو سایتەی ناوازەیە لە ڕوی مێژوویی و ئاسەوار و بەڵگەنامەیی، مامۆستا دایناوە بۆ ئەوەی لێکۆڵەرانی ئەو بوارە سوودی لێ وەرگرن بە مەرجێ ناوی سەرچاوەکە بهێنن، کەچی مەلا تەحسین هاتوە سێ لاپەڕەی ڕەنگا وڕەنگی سایتەکەی خستۆتە ناو کتێبەکەی بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەکە بهێنێ، بە مەرجێ ئەو لاپەڕانە تەنیا لای مامۆستا هەیە و لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا نیە.
٤- لە ساڵی “١٩٨٣” لە ڕۆژنامەی “هاوکاری” مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف وتارێکی دەربارەی شێخی مەجزوب و دیوانەکەی بڵاوکردۆتەوە ئەویش لە ڕێگای حاجی عەلی جزیری کۆپی کراوە و دراوە بە تەحسین دۆسکی ئەویش سوودی لێ وەرگرتووە لە پێشەکی دیوانەکە بەڵام لەوەشدا هیچ ناوی مامۆستای نەهێناوە.
٥- نامەیەکی مەلا خەلەفی بافەیی بۆ مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف دەربارەی ژیانی شێخ سەعید مەجزوب، ئەویش بە کۆپی کراوی چۆتە بەر دەستی تەحسین دۆسکی و سوودی لێوەرگرتوە بێ ئەوەی ئاماژەی پێ بدات.
ئەم نامەیە لەگەڵ نوسخەیەکی فۆتۆکۆپی ڕەش و سپی دیوانی مەجزوب لە ڕێگای “حاجی عەلی ساپانی جەزیری” گەیشتۆتە دەستی تەحسین دۆسکی کە حاجی عەلی لە سلێمانی هاتۆتە لای مامۆستا عەبدولڕەقیب ئەویش نوسخەی دیوانەکە و نامەکەی مەلا خەلەف و وتارەکەی هاوکاری بۆ فۆتۆکۆپی کردووە، لە ڕاستیدا حاجی عەلی بەدڵی پاکەوە ئەم بابەتانەی داوەتە مەلا تەحسین دۆسکی بەڵام بەداخەوە ئەویش ئامانەتی نەپاراستوە و بە ناوی خۆی کەوتۆتە بەکارهێنانی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی مامۆستا بکات.
کەچی تەحسین دۆسکی چیرۆکێکی هۆنیوەتەوە لە پێشەکی دیوانەکەدا دەڵێت گوایە نوسخەی ئەم دیوانەی لە کتێبخانەی حاجی “عەبدولقادری ساپان” دەس کەوتووە و لای ئەو پارێزراو بوە، بەڵام ڕاستیەکەی حاجی عەبدولقادر نە کتێبخانەی هەبووە و نە خوێندەواریشی هەبووە لە پیتی عەرەبی دا، مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف دەنگی “خەلیلی کوڕی عەبدولقادری” بە تۆمارکراوی لایە و دان بەوەدا ئەنێت کە باوکی کتێبخانەی نەبووە و حەرفی عەرەبیی نەناسیوە، ئەم چیرۆکەی تەحسین دۆسکی بۆ ئەوەیە شوێنەونی بکات و سەرچاوەی ڕاستەقینەکە ون بکات کە مامۆستا عەبدولڕەقیبە.
٦- کاری تەحسین دۆسکی هەر لەگەڵ مامۆستا عەبدولڕەقیب تەواو نابێ، کتێبێکی تری داگیرکردووە لە ساڵی “٢٠١٤” بە ناوی “مختصر تأریخ الأمراء” کە دەسنووسێکی گرنگ بوە لای (شێخ مەزهەری قولپی) بوە دەربارەی میرانی هەکاری ئێمە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی دوور و درێژمان لەگەڵ شێخ مەزهەری قولپی ئەنجامدا و ئەو ڕاستیەی دووپات کردەوە کە مئەیەد تەیب و تەحسین دۆسکی بە دووقۆڵی ئەم کتێبەیان داگیرکردووە یانی ناوی ئەو لەسەر بەرگەکەی نەنوسراوە بەڵکو ناوی تەحسینی نووسیوە، ئاوا بەری ڕەنجی ١٠ ساڵ ماندووبونی شێخ مەزهەریان لووش داوە، لەو ماوەیەدا شێخ مەزهەر لە دیاربەکرەوە چۆتە ئەستەمبۆل و تەرابزون و ئەرزەرۆم و وان تا نوسخەی ئەسڵی ئەم دەسنووسەی دۆزیوەتەوە و کۆپی کردووە و پێشەکیەکی گرنگی بۆ نووسیوە، هەروەها شێخ مەزهەر لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا پێی ڕاگەیاندم کە سەبارەت بەم کتێبە ڕۆژنامەیەکی تورکی بە ناوی “ئاک نویوس”، “Aknews” چاوپێکەوتنی لەگەڵ سازداوم لە بەرواری “٢٥/٤/٢٠١١” لە لایەن “مامۆستا ماشائەڵڵا”وە نوسخەی ڕۆژنامەکەشمان لا پارێزراوە.
شێخ مەزهەر دەڵێت “من ئەو نوسخەیەم لە ڕێگای کاک “ئەکرەم مائی” دامە مئەیەد تەیب بۆ ئەوەی چاپی بکات بە ناوی منەوە بەڵام بەداخەوە ناوی تەحسین دۆسکی لەسەر بەرگەکە نووسیوە، منیش گلەیم لە مئەیەد تەیب کرد کە بۆچی ئەم کارەی کردووە، ئەویش پێی وتوم کە ئەو دەسنووسە مڵکی گشتیە و بۆ ئەم هەیە بە کەیفی چاپی بکات، لە ڕاستیدا مئەیەد تەیب نە لە دەسنووس تێگەیشتووە نە لە مڵکی گشتی و نە لە ئامانەتپارێزی و نە لە یاسای چاپکردن، بە پێی یسای مئەیەد بێت کەس خاوەنی دەسنووس نیە هەموی مڵکی گشتیە و هەرکەسێ بیەوێت دەتوانێ بچێ دەستنوسەکانی هەرکەسێک و هەر کتێبخانەیەک بۆ خۆی ببات چونکە مڵکی گشتییە.
٧- مئەیەد تەیب و تەحسین دۆسکی هاوکاری کارێکی داگیرکاری تریان لە دژی مامۆستا “سادق بەهادین”ی خوا لێ خۆش بوو ئەنجامداوە، کە مامۆستا سادق و ((دیوانا پەرتوی هەکاری)) ساڵی “١٩٧٨” چاپ کردووە کەچی ئەو دوو کەسە لە ساڵی “٢٠٠٦” بە ناوی تەحسین دۆسکی چاپیان کردووە و ناوی سادق بەهادینیان لەسەر بەرگەکەی نەنووسیوە کە پێویست بوو لەسەر بەرگی نوسیبایان (نوسخەی صادق بهاءالدین) و ئامادەکردنی تەحسین.
ئەم بابەتە خەتەرناکە ناکرێ ببێ بە دیاردەی ناو ڕۆشنبیری کوردی، دەبێ بەربەستێ لەوانە بکرێ کە بەرهەمی خەڵکی تر قۆرخ دەکەن، جگە لەو ٣ کتێبە ڕەنگە مئەیەد و تەحسین چەندین کاری تریان وەها کردبێ، ئێمەش لەم ئەزموونەمان هەیە و هەندێکمان ئەم کارەمان بەرامبەر کراوە، بەڵام بەڵێن دەدەین درێژە بە رسواکردنی ئەو کەسانە دەدەین کە ناو و ماندوبونی نووسەران قۆرخ دەکەن و دەبنە حازرخۆری بەر سێبەر.

بە کورتی هەر وەڵامدانەوەیەک هەبێت لە ڕاستی ئەم مەسەلەیە ناگۆڕێت چونکە ناوی کەسێکی نووسیوە لەسەر بەرگی کتێبەکانی خەڵکی دیکە لە جیاتی ناوی خاوەنەکەیان.

بە هەر نیازێک ئەمەتان کردبێ قابیلی قبوڵکردن نیە.

هاوپێچ: ناوەکان

نزار محەمەد نووسەر
د. تارا عەلی مامۆستای زانکۆ
مەریوان سەلاح عەلی نووسەر
رێکار ئەحمەد نووسەر
سازە عەبدوڵا مامۆستا
ئومێد محەمەد ساڵح چالاکوانی مەدەنی
ئدریس رەزا ئەندازیار
مستەفا ئەحمەد چالاکوانی مەدەنی
دڵزار جەبار چالاکوانی مەزەنی
ئەنوەر حسین نووسەر
ئاسۆ خەلیل چالاکوانی مەدەنی
دانا محەمەد زەنگەنە رۆژنامەنووس
بابەکر دڕەیی نووسەر
ئەسعەد جەباری نووسەر
ئدریس عەبدولقادر مامۆستا
پێشڕەو رەئوف چالاکوانی مەدەنی
تارق تاهیر مامۆستا
زەردەشت جەلال نووسەر
خاکی ئازاد چالاکوانی مەدەنی
خەبات کۆیی چالاکوانی مەدەنی
عەبدولڕەحمان فەقێ چالاکوانی مەدەنی