یەکجار هەڵکەوت

لەناو تک تکی دڵۆپەی
لێچوی گۆزەی سەرشانتدا
ڕەنگ جوانترین پەلکەزێڕینەی بەخۆیدا..
لەگەڵ بریسکەی شەونمی
گۆی ملوانکەی گەردنتدا
مانگ ئاوابوو، نایزەک کشا
خۆر لەدەمی بەیانیدا
بەشەرمەوە لەناویدا خۆی نیشاندا..
لەڕۆخی ڕێی ڕۆینتدا
گیا سەوزبوو گوڵ دەرکەوت
سروشت جوانتر لەودەمەیدا هەتاو کەوت
بەرچاو کەوت..
بولبول باشتر کەوتە خوێندن
کەبینیتی پێی تۆ لە ماڵ
بەرەو نزار بەڕێ کەوت..
بەرد لە بەرگی زەوی خشا نایزەک کشا
حەوتەوانە حەوتجار کەوت
ڕۆژیان ژمارد یەک تا حەوت
لەم چڵ بۆ و چڵ تاتینی تیا نەماو کەوت
بولبول لە وەسفت نەکەوت..
کە ئاوازی گەروو کەوت
وشە لەگەڵیا ئاوابوو
پایز پرچی خۆی هەڵڕنی و
پیت هەڵوەریو
ڕستە بوو بە دەنکی تەزبیحی هەڵوەریو
تا زەمەنێ واهەڵکەوت
دیسان لە خاک بەو دڵۆپەی گۆزەی کەوت
لەناو دەستی مناڵێکا
لە چەپکێ گوڵدا دەرکەوت..
٢٣/٥/٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر