لە جزیری باكووری كوردستان 572 ساڵە خەڵكەكەی ماتەم بۆ مەم و زین دەگێڕن

كارزان گلی – هه‌ولێر

چیرۆكی ئاشقانەی مەم و زین، لە لایەی كورد بەگشتی نامۆ نییە، زۆربەمان لە گۆرانی و شیعر و رۆمانەكاندا كەم تا زۆر زانیاریمان لەسەری هەیە، هەروەها لە ئەدەبیانی كوردیدا مەم و زین، بەها و گرنگییەكی تایبەتی هەیە. بەڵام بۆ خەڵكی جزیری باكووری كوردستان، مەم و زین شتێكی ترە و ئەوان سەدان ساڵە ماتەمی بۆ دەگێڕن و مەم و زین بووەتە بەشێك لەوان.

جزیر، كە سەر بە شرناخە و پێشتر وەكو خاكی میزۆپۆتامیا ناوی هاتووە، چەندین جار رووبەڕووی ماتەم و كوشتن و وێرانی بووەتەوە، كوردانی ئەو ناوچەیە هەمیشە باجی كوردبوونیان داوە، بەڵام خەڵكەكەی مەم و زین لە یاد ناكەن و ئازاری ئەو دوو ئاشقە بە هی خۆیان دەزانن، بۆیە سەدان ساڵە لە ماتەمدان بۆیان.
زین، خوشكی میر زەینەدین بووە، كە تاكە دەسەڵاتداری ناوچەی بۆتان بووە، مەمیش، كوڕی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی زەینەدین بووە.
لە ساڵی 1451 ئەشقی مەم و زین سەری هەڵداوە، ئەو دوو ئاشقە بەبێ ئەوەی یەكتری ببینن و بەدیداری یەك بگەن، تەنیا بە خەیاڵ ئاشقی یەكتری دەبن و چیرۆكی ئەشقەكەشیان رۆژ بە رۆژ گەورەتر بووە، بەڵام ئەوانیش بوونەتە قوربانی فیتنە و درۆ و بۆ یەك نەبوونە.
دەرگاوانی زەینەدین بەناوی (بەكۆ)، بووتە هۆی ئەو فیتنەیە و كاتێك مەم یاری شەتڕەنج لەگەڵ زەینەدیندا دەدۆڕێنێت، ئیدی ناچار دەبێت ناوی خۆشەویستەكەی بدركێنێت، هەر بۆیەش ژەهر دەرخواردی مەم دەدات.
حەمیدێ جەمیل، دەنگبێژ لە جزیری باكووری كوردستان، دەڵێت كاتێك بەكۆ دەنگۆی خۆشەویستیی نێوان مەم و زینی بڵاوكردووەتەوە، ئیدی مەم راپێچی زیندان دەكرێت، واتە بەكۆ هۆكاری بووە كە مەم زیندانی بكرێت.
جەمیل، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت بۆ خۆم چوومەتە ئەو گرتووخانەیەی مەمی تێدا زیندانی كرابوو و دەڵێت: ”لەسەرەوەڕا دەتبەنە ئەو زیندانەكە و لەناو زیندانەكەدا كونی گەورە بوونی هەیە، كە لەلایەك دەرگاوان هەیە و لەلایەكی تریشدا پاسەوانی لێ هەیە. مرۆڤ بە دارێكەوە دەبەستنەوە و پاشان بۆ ناو زیندانەكە دەیهێننە خوارەوە.
مەجید ئیدیم، مێژوونووسێكی بەناوبانگی جزیریە، دەڵێت بەكۆ ئەقڵی داوەتە میر زەینەدین و پێی گوتووە كە بە زین بڵێت دەیدات بە مەم، كاتێك زینیش دەچێتە لای مەم و پێی دەڵێت مزگێنی براكەم منی بە تۆ دا، ئیدی مەمیش پێی دەڵێت، نەخێر ئەو تۆی ناردووە تا روحی من بكێشیت.
ئیدیم ئاماژە دەدات، كە لەوكاتەدا مەم خوێن لە لوتی دێتە خوارەوە و زینیش هاوار دەكات تا فریای بكەون، بەڵام مەم دەمرێت و ئیدی بە ناو خەڵكدا بڵاو دەبێتەوە كە مەم مرد، بەدوای ئەویشدا زین كۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت.
كاتێك میللەت كۆدەبێتەوە، میر زینەدین بە خەڵكەكە دەڵێت، بۆ ئەو بێبەختییە و ئەو فەسادییەی كراوە، هەمووتان چاروگەی رەش بپۆشن و ماتەمین بۆ مەم بگێڕن.
ئیدی لەو رۆژەوە، هاووڵاتیانی جزیر و بەتایبەت ئافرەتەكانیان، چاروگە و عابایەكی رەش بەخۆیاندا دەدەن و ئەمەش وەكو وەفایەكە بۆ ماتەمینی مەم و زین.
ئەگەر گەشتێك بەناو جزیردا بكەیت، دەبینیت ئافرەتەكانیان عابایەكی رەشیان بەخۆیاندا ئاڵاندووە، كە مۆدێلی ئەو عابایە نە عەرەبییە و نە توركی، بەڵكوو شێوەكەی تایبەتە بە جزیر و وەكو رێز و ماتەمینێك بۆ مەم و زین، سەدان ساڵە ئافرەتەكانیان دەیپۆشن و ئەو كلتوورەش تاوەكو ئێستا بەردەوامە و گرنگی پێدەدەن.
قەدریە خەرمان، قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”گوتیان مەم و زین مردن، ئیدی كارەكە كۆتایی هات، ئیدی دەبێت ئەو عابا رەشە بپۆشن و لەسەر تەرمی مەم و زیندا بگریەن و ماتەم بگێرن.
سەباحەت ئێلدەك، خەڵكی جزیریە و عابایەكی رەشی بەخۆیداداوە، كاتێك لێی دەپرسن بۆچی ئەو عابا رەشەت بەخۆتدا داوە، دەڵێت لەبەر خاتری مەم و زینە، كە ئەو دوو ئاشقە بەیەك نەگەیشتن.
ئێلدەك، دەڵێت هەموو كەسوكاریان و تەنانەت نەنك و نەوەكانی پێش خۆشیان ئەو عابا رەشەیان بەخۆیاندا ئاڵاندووە، هەمووشی لەبەر خاتری مەم و زین بووە.
عابای رەش لە جزیردا بەسەر سێ جۆر ئافرەتدا دەبەش بووە، بەشێكی بەهۆی ئایدۆلۆژیای دینییەوە عابای رەش بەخۆیاندا دەدەن، بەشێكیشی بۆ هیچ مەبەستێك نییە، بەڵام بەشە زۆرەكەی كە رێژەیەكی یەكجار زۆرە، بۆ ماتەمینی مەم و زین ئەو عابایە بەخۆیاندا دەدەن.
ناوی بەكۆ، كە بووە هۆی لێكدابڕان و مردنی مەم و زین، لەورۆژەوە وەكو سومبولی خراپەكاری ناوی هاتووە، بۆیە لە پشت گۆڕی مەم و زین لە جزیر، گۆڕی بەكۆش بوونی هەیە.
تەنانەت لە جزیر، كاتێك دوو كەس دەمەقاڵی دەكەوێتە نێوانیان، بە بەكۆ جنێو بەیەكتری دەدەن، واتە وەكو بەكۆ خراپەكاریت.
رۆژانە بە دەیان كەس دەچنە سەر گۆڕی مەم و زین و دوعا لەسەر گۆڕەكەیان دەكەن، بەتایبەت ئەوانەی ئاشقن.
قەدریە خەرمان، یەكێكە لەو ئافرەتانەی دەچێتە سەر گۆڕی مەم و زین و دەڵێت، ئەوانەی لەم دونیایە بۆ یەكتری نەبوون، خودایە لە ئاخیرەتدا بەیەكتری شاد ببنەوە.
قەدریە دەڵێت: ”مەم و زین ئێستا لە دونیایەكی تردا، بووك و زاوان“.
خەڵكی جزیر دەڵێن، تا جزیر بوونی هەبێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە پۆشینی عابای رەش بۆ خاتری ئەشقی مەم و زین.
ئەحمەدی خانی، گەورە نووسەری كورد، داستانی مەم و زینی لە چیرۆكێكی زۆر بەچێژ و شاكاردا زیندوو كردووەتەوە، بۆیە كاتێك ناوی مەم و زین دێت، ناوی خانیش لە تەك ناوی ئەواندا دێت. خانی بووە هۆی ئەوەی مەم و زین، لە ناوچەی جزیر بچێتە دەرەوە و بە جیهاندا بەربڵاو ببێت و بناسرێت.

ھەواڵی زیاتر