بیرمەندان و نووسەران لە دیمانەکانی نیوەشەودا

ئارام کۆشکی

هەندێکجار بۆ ناسینی نووسەران و بیرمەندان تەنها کتێبەکانیان بەس نییە، بەڵکو پێویستە لە ڕێگەی دیکەوە پەیوەندی و نزیکبوونەوە لەگەڵیاندا دروست بکەین. بۆ نموونە چاوپێکەوتن و دیداری رۆژنامەوانی، یان ئەو دیبەیتانەی کە لەنێوان نووسەران و بیرمەندان ساز دەکرێن دەشێ گەلێک سوودمەند بن. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لەو نووسەرانەی بە کتێبەکانیان ئاشنابووم توانیم هەندێک لە چاوپێکەوتنەکانیان بخوێنمەوە و لەوێوە بە چەند وردەکاری نێو کتێبەکان ئاشنا بم، کە ڕاستەوخۆ لە ڕێی کتێبەکانەوە بەری نەکەوتووم، یان توانیم هەندێک نووسەری دیکە بناسم کە هیچ کتێبێکیم نەخوێندووەتەوە.

یەکێک لەو نووسەرانەی سەرەتا لە ڕێی دیمانەیەکی درێژەوە، کە لە گۆڤارێکدا بڵاوکرایەوە ناسیم “ماریۆ بارگاس یۆسا” بوو، ئەوکاتە هێشتا خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ نەبوو، لەو دیمانەیەوە ئیدی من کەوتمە شوێن کتێبەکانی بەشێک لە کتێبەکانیم خوێندەوە و لە دیمانەکەشەوە گەلێک زانیارییم لەسەر دونیای گێڕانەوە و ئەو جیهانەی یۆسا کاری لەسەر دەکات دەست کەوت. بۆیە دەکرێت خوێندنەوە، یان بینینی دیمانەی نووسەرێک دەروازەی ئاشنابوون بێت بەو نووسەرە، یان دەکرێت دەروازەی کردنەوەی هەندێک کۆدی نێو تێکستەکانی بێت.
هەفتەی ڕابردوو کتێبی “دیمانەکانی نیوەشەو”م خوێندنەوە، کە کۆمەڵێک دیمانەی نووسەران و بیرمەندانی جیهانییە و ئاوات ئەحمەد سوڵتان کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 141 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. سەرەتا پێویستە سەرنجی ناونیشانی کتێبەکە بدەین. بۆ ناونیشانی “دیمانەکانی نیوەشەوە” وەرگێڕ ئەم دیمانانەی نزیک نیوەشەو لە سایت و ماڵپەڕە جۆراوجۆرەکان بینیوە و ئەوانەی دڵی خواستوویەتی کردوونی بە کوردی. دواتریش هەر لەبەر دۆخی دۆزینەوە و خوێندنەوە و وەرگێڕانی ئەو ناونیشانەی بۆ هەڵبژاردووە، کە لاموایە ناونیشانێکی گەلێک جوانە و جێگەی دەستخۆشییە.
ئەم دیمانانە کە لەگەڵ گەلێک بیرمەند و نووسەری دیاری جیهانی کراوە، کە بەشێکیان خاوەنی خەڵاتی نۆبڵن، گرنگی و بایەخی تایبەتیان هەیە. گەلێک نهێنی ورد و جوان ئاشنای خوێنەر دەکەن و زۆر باسی تایبەتی رۆژیش دەوروژێنن. ئەم نووسەر و بیرمەندانیە لەم کتێبەدا دیمانەکانیان وەرگێڕدراون ئەمانەن: “ئێدگار مۆران، ئامی تان، ئالان دۆنۆ، ژولیا کرستیڤا، ئالان بادیۆ، یەحیا قەیسی، نەجیب مەحفوز، ڕێجێس دۆبرێ، تیری ئێگڵتۆن، ماساتسوگۆ ئۆنۆ، نیشانی دۆشی. بارگاس یۆسا و بۆرخیس”.
یەکێک لە تایبەتمەندی دیمانەکان کورتی و پوختیانە، ئەمە بێجگە لەوەی پرسیاری جوان و بوێرانە و مەوزوعی، کە دوور نییە لەو تەوەرەیەی کە دیاری کراوە. زۆرجاریش بەر پرسیاری ڕەخنەیی دەکەوین، کە ئامادەکاری دیمانەکە ڕەخنە لە نووسەرێک دەگرێت و ئەویش بەوپەڕی دڵفراوانییەوە وەڵامی دەداتەوە.
بوونی ئەم کتێبانە چەند بۆ ئاشنابوون لەسەر دنیای ئەو نووسەر و بیرمەندانە گرنگە دەتوانم بڵێم هێندە بۆ ئەوە گرنگە کە دەکرێت ببێتە وێستگەیەک بۆ پشوویەکی فیکریی بۆ خوێنەر و لەنێوان دوو کتێبی تیۆریدا کتێبێکی لەم چەشنەش بخوێنێتەوە، چونکە لێرەوە دەروازە بە ڕووی خوێنەر دەکرێتەوە بۆ ئاشنابوون بە نووسەر و بیرمەندی دیکە. دەستخۆشی بۆ ئاوات ئەحمەد سوڵتان و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ئەم بەرهەمە ناوازەیە.

ھەواڵی زیاتر