سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
به‌رده‌وام ڕایه‌ك له لایه‌ن نووسه‌ران و شاعیران، كه له په‌راوێزی نووسین و دیداره‌كانیاندا ده‌گوترێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه ئێمه ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گرمان نییه و ڕه‌خنه‌ی كوردی نه‌یتوانیوه شرۆڤه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان بكات.
بێگومان نكۆڵی له‌وه ناكرێت، كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانڕه‌كانی دیكه، ڕه‌خنه ئاماده‌یه‌كی ئه‌وتۆی له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا نییه، كه دیاره ئه‌مه‌ش بۆ سرووشتی كاركردن له‌و ژانڕه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژانڕه‌كانی دیكه، توانستێكی مه‌عریفی و پاشخانێكی ڕۆشنبیریی گه‌وره‌ی ده‌وێت. به‌ڵام له ڕاستیدا، ئه‌مه مانای وانییه كه ڕه‌خنه‌ی كوردیمان نییه، به‌ڵكو گرفته‌كه له‌وه دایه، نووسه‌ران و شاعیرانی كورد، به‌شی زۆریان له دیدی خۆیانه‌وه ده‌ڕواننه ڕه‌خنه و دیدی ئه‌وانیش له په‌سن و ستاییش و پێدا ههڵگوتندا، كورت ده‌كرێته‌وه. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر و ڕه‌خنه گرێكیش، ڕایه‌كی پێچه‌وانه‌وه وجیاوازی هه‌بێت، بۆچوونه‌كه‌ی چه‌ند بابه‌تی و مه‌عریفیش بێت، به‌ڵام چونكه هه‌ڵگڕیی دیدێكی ڕه‌خنه‌ییه نه‌ك ستاییشی، ئیدی به ڕه‌خنه‌ی نازانن و ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه. هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك له ده‌ق، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌یه كه خوێنه‌ر بۆ ده‌ق ده‌یكات. چونكه ڕه‌خنه‌گریش جۆرێكه له خوێنه‌ر، به‌ڵام خوێنه‌رێكی ورد، زیت، به سه‌لیقه. له نێو ئێمه‌دا، چونكه ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بووه به كولتوور، هێشتا ڕه‌خنه وه‌ك شكاندن، تۆمه‌ت، سڕینه‌وه، قسه‌ی ترۆهات و پووچ و بێ مانا ده‌بینین، بۆیه كاتێ ڕه‌خنه له نووسه‌رێك ده‌گیرێت، هه‌ست به كێماسییهكی زۆر ده‌كات و ڕه‌خنه‌گر وه‌ك دوژمن ده‌بینێت و ده‌كه‌وێته سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌ری و چه‌ندین ناو وناتۆره‌ی به ئاره‌زووی خۆی، كه جۆرێك له زمانی زبر و گوزارشتی نا بابه‌تیشی تێدایه بۆ ده‌تاشێت. ده‌كرێ بڵێین به داخه‌وه، نووسه‌ره دیار و به‌رچاوه‌كانی ئێمه‌ش، تا ئه‌و ئاسته ڕه‌خنه وه‌رده‌گرن، كه له‌گه‌ڵ بۆچوون و تێڕوانینی خۆیاندا یه‌كده‌گرێته‌وه. به‌ده‌ر له‌وه، ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه. زۆربه‌ی نووسه‌رانی كورد، ڕاهاتوون ستایشی نووسینه‌كانییان بكرێت و ڕه‌خنه‌یان لێ نه‌گیرێت. ئه‌وان، ڕه‌خنه گرتن به نرخاندن و پێدا هه‌ڵدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ناوی نووسه‌ر تێگه‌یشتوون، بۆیه وا ده‌زانن ڕه‌خنه به مانای په‌سن و ستاییش دێت، بۆیه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناكه‌ن ڕه‌خنه‌گرێك، به دیدێكی ڕه‌خنه‌ییه‌وه ده‌ق و نووسینه‌كانییان هه‌ڵبسه‌نگێنێت و شڕۆڤه بكات، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا، له سه‌ر یه‌ك جۆره بینین ڕاهاتوون، ئه‌ویش په‌سن و ستاییشه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن، له په‌راوێزی ڕه‌خنه و لێكدانه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، ڕه‌خنه‌گر ته‌نها میتۆدی ستاییشكردن و جوان پیشاندانی ئه‌و ده‌قه په‌یڕه‌و بكات، ئه‌وكات ئه‌و به ناو ڕه‌خنه‌یه لای ئه‌وان ده‌بێته بابه‌ت و به گرنگییه‌وه باسی ده‌كه‌ن و فه‌یسبووك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێ ده‌ته‌نن و به شانازییه‌وه باسی ده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر به دڵی ئه‌وان نه‌بوو، ئه‌وا یان تووڕه و نیگه‌ران ده‌بن، یان وه‌ك نه‌یار سه‌یرت ده‌كه‌ن، یانیش دوور و نزیك له په‌یجه‌كانییان، باسی ناكه‌ن و خۆی لێ ده‌بوێرن. ئێمه به گشتی كولتوورێكی ڕه‌خنه‌ییمان نییه، به‌ڵكو زۆرتر ستایشش و نرخاندن، له جێی ڕه‌خنه باوه‌و ئه‌مه بۆته مۆدێك له دنیای نووسینی ئێمه‌دا و هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ڕه‌خنه ده‌بینین ، له كاتێكدا هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك به‌هایه‌كی ئه‌ده‌بی و مه‌عریفی نییه، ئه‌گه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگڕی ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ ده‌ق و نووسین نه‌بێت. چونكه ڕه‌خنه زاده‌ی ئه‌و ڕوانگه ڕه‌خنه‌یه‌یه كه ڕه‌خنه‌گر هه‌یه‌تی و ته‌نها كار له‌سه‌ر لایه‌نی ڕهخنهكردنهكه ده‌كات و په‌سن و ستاییش لای ئه‌و، هیچ نرخێكی نییه. هه‌رگیز ستاییش و پیا هه‌ڵدانی ده‌قێك ناچنه خانه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه، به‌ڵكو به بڕوای من، ڕه‌وایه‌تی دانه به‌و میتۆده هه‌ڵه‌ی نووسه‌ر له سه‌ری ده‌ڕوات، بۆیه ده‌بێت نووسه‌ران به ڕه‌خنه گرتن خۆشحاڵ بن، نه‌ك بكه‌ونه سه‌نگه‌ری وه‌ڵام و وه‌ڵامكاری و ببنه نه‌یاری ڕه‌خنه‌گر، وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانێكی كردبێت. ئێمه به‌و جۆره له ڕه‌خنه گه‌یشتووین، بۆیه تێرمی ڕه‌خنه‌گرتن به گشتی، له هه‌ر كایه‌یه‌كی ژیانی ئێمه‌وه بێت، به داخه‌وه ئاماده‌یه‌كی ئه‌وتۆی نییه. جگه له چه‌ند هه‌وڵێك، كه بێگومان ئه‌مانیش له تای ته‌رازووی ئه‌و هه‌موو نووسینانه نییه، كه ده‌بینرێن. هه‌ر كاتێكیش كولتووری ستاییش و په‌سن، له بری ڕه‌خنه و ڕه‌تكردنه‌وه بووه باو، ئیدی هه‌رچییه‌ك ده‌نووسرێت، به ئاسایی وه‌رده‌گیرێت و ڕه‌وایه‌تی پێ ده‌درێت. بۆیه ده‌بینین، ده‌یان ده‌ق و نووسین، كتێب و وه‌رگێڕان، له دنیای نووسینی ئێمه‌دا ده‌نووسرێن و چاپ و بڵاو ده‌كرێنه‌وه، كه نه‌ك هه‌ر خزمه‌ت به كایه‌ی ڕۆشنبیری ناكه‌ن، به‌ڵكو له خودی كایه‌ی ڕۆشنبیری ئێمه و فه‌رهه‌نگ و زمانیشمان ده‌ده‌ن.