قەتماغەی برینەکانی ئەوێ ڕۆژێ

نووسینی :مەدیحە برادۆستی

کتێبی (قوربانیی ژمارە ٢٥٦) لە نووسینی گەلاوێژ نەزەریان، نووسەر کوردانە پەنجەی خستۆتە سەر قەتماغەی برینە ساڕێژەوەنەبووەکانی ئەوێ رۆژێ. کاک (رێباز مستەفا) لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی.

چەپۆکی زەمەن هێندە بێ ویژدانانە پەی بەو مەملەکەتە بردووە ویستوویەتی گەلێکی بێدەرەتان لەسەر نەخشەی مرۆڤایەتی بسڕێتەوە. بڵێسەی تووڕەیی دۆزەخێک لەژێر کەشکەڵانی غەدر و لەسەر بستێک خاکی خێرلەخۆنەدیوی ئەم گەردوونە (کەرکووک و هەڵەبجە) خەرمانەی بێتاوانی گەلێک دەسووتێنێ. کاتێک پەنجە و نیگامان دەخەینە سەر هەر رستەیەکی نێو ئەم رۆمانە، وڕوکاس دەبین بە دەنگی زیل و تەپەی پۆستاڵ و گەمارۆدانی گوند و فرۆشتنی پاکیزەکان بە شێخە عەرەبەکان و بینینی دیواری ڕووخاو و بنمیچی داکەوتوو و لاشەی شەکەت و قاچی لەقوڕچەقیو و سکی برسی و گەرووی وشک و هەوارێکی بێدەنگ و بێهاوار و قڕکردن و زیندەبەچاڵ و ئاوارەیی و بێلانەیی و لانەوازی و پەراکەندەیی و کەڵەکەبوونی هەزاران تەرم لەسەریەک، کە هەریەکەیان دەیان خەونی لەگەڵ خۆی راپێچی مەرگ کراوە و خۆزگە بە گۆڕێک دەخوازن، کە تیایدا رابکشێن؛ هەموو ئەمانە حەشر بە گەلێکی ستەمدیدە دەکەن. قیامەتی سڕینەوەی ناسنامە هەڵدەستێت و ناویان ناوە (ئەنفال).

خۆڵەمێشی ئاگردانی ساردوسڕی کوردبوون لەم مەملەکەتە چ زوو بەبا دەدرێ و بۆنی بارووت و مژینی هەوای ژیان بۆگەن دەکات و دەیکات بە رەشەبا و زریانێکی تووڕە و شێت (ئەم زریانەش هەر بە ئێمە دەوێرێت) کە هەر بۆنی مەرگ و کڕووزی حەسرەت و بۆنی سێوی گەنیو و پرمەی گریان و دەست و پێی پەڕیو و لاشەی سەرمابردەڵەی هەڵگرتووە، تۆ بڵێی نەیارەکان یان ئەو مەلۆتکانەی کە لە (عومەری شەهلا) بە پاش دەکەون سەری ئێمە بخۆن، یان هەر خۆمان سەرەخۆرەی خۆمانین. تۆ بڵێی قەدەری کورد بەسترابێتەوە بە خوێندنی ئەو کەلەشێرەی کە لە نیوە شەودا دەخوێنێت، جا بۆ نا. ئەگەر میللەتێک چواردەوری نەیار و (عومەری شەهلا) بێت ناهەقی نییە ترس و گومانی لە سێبەری خۆشی بکات چ جای خوێندنی کەڵەشێر لە نیوەشەودا، ئەشێ لافاو و گێژەڵۆکەی مەرگ لە نێوچەوانی خوێندنێکی شووم بێت و تەنگ بە قاسپە و قاقبەی کەوی زۆزانیش هەڵبچنێت.
ژنێکی کەرکووکی (دایکی ئاسۆ) دەستی کیژۆڵەیەکی کوڕانەی گرتووە بۆ دووڕیانێکی دوور دووری داخراوی بێ چارەنووسی نادیاری نێوان (هەڵەبجە و ئێران) لە ترسی مەرگ و عومەری شەهلا ڕادەکات، رۆژانە دوسەدو پەنجاو شەش جار دەڵێ (خوایە بەزەییت پێمان بێتەوە)، مەگەر هەر کۆتری نزا لە شەقەی باڵ بدات بۆ ئاسمانی بە خەردەل تەنیوی هەڵەبجە باڵی پاڕانەوە بۆ باری تەعالا بەرز بکات و بڵێ یا رەبی (ئەو خودایانەی مرۆڤ دروستی دەکەن چەندە ترسناکن) تۆ بە هانامانەوە وەرە، ئاخر (عومەری شەهلا)ی نێو رۆمانەکە خواوەندێکی جاشی شەڕانگێزی دروستکراوی بەکرێگیراوی دژەکوردی سەر زەوییە، خاڵییە لە هەست و سۆزی مرۆڤبوون، دایکی ئاسۆ (زریان) پاشماوەی ئەنفالە لە بەرامبەر رزگارکردنی لە ئەنفال عومەری شەهلا لە خۆی مارە کردووە، ئەو پێی وایە بەدەستهینانی ژنێک بۆ هەوەسبازی ئەوە دەهێنێت کە خەڵكی دونیای لە پێناو بکوژیت و لە خۆی مارە بکەی. ئەو زڕباوکێکی دڕندە و ترسناکە بۆ (ئاسۆ) هەر زوو چڕنوک و کەڵبەی لە جەستەی پەپوولەیی بێتاوانی ئاسۆ گیر دەکات و خەونەکانی منداڵی لێدەدزێت و ناو و کیژۆڵەیی و رەگەزی مێینەی لە بەرگی کوڕانە لێ دەشارێتەوە لە رێگەی دەسفرۆشییەوە سیخوڕیی پێ دەکات. ئەگەرچی کچبوون سەخت و دابونەریتەکان سەختتر بەس لە ناخی (ئاسۆ) کیژۆڵەیەکی تازە پێگەیشتوو هەیە، بەڵام لە دووری هەزاران کیلۆمەتر (فەرەنسا) ترس و تارمایی عومەری شەهلا هەر بەدوای ئاسۆ کەوتووە،(یەکەمین جار بوو یەکێک بە من بڵێ کچم) بانگکردن بە کچم چەند شیرینە، مەگەر هەر ئەو کەسە نرخی بانگکردن بە (کچم) بزانێت کە باوکی لەدەست داوە.
ئەو فرمێسکانە چەندە ناخهەژێن و گەرم و بەخوڕن کە بۆ لە دەستدانی ئازیزێک بەسەر کێڵگەی بێدەسەڵاتی و دەستەوەستان هەڵدەڕێژین و مردنی (دایکی ئاسۆ، دایە خەجێ، سەلما خانم…) چ رەنجبەخەساری و بێوەری و و ئازارێکە لە مێرگی ئاوارەیی شەتڵە رێحانی ئومێد و گەڕانەوە بۆ (هەڵەبجە) بچێنی و مەرگ و نائومێدی بدوریەوە. کۆڵنەدان و دەستبەرنەدان لە گوریسی سەرکەوتن و هەنگاونان بە راکردن لە ژێر دەستی ئەهریمەنە نەگریسەکان هەر لە (دایک و کیژۆڵە)ی نێو رۆمانەکە دێت. سەرەڕای ئەوەی کە جەنگ و ئەنفال و کیمیابارانکردن مرۆڤ دەکات بە کاڵا، بەڵام کوردبوون لە پاڵ قوربانی و وەفاداریشی گەرەکە، لە ئاوارەییش گرێدانی پەڕۆ بە درەختی مراز بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەکان و جێهێشتنی کەزی و بسکی بڕاو بۆ وەفا و ژوانی گەڕانەوەی ئازیزان و گەڕان بەدوای سێوی مێخەکڕێژە ونکراوەکانی یار و بەیەکگەیاندنی دوو خۆشەویست لە ئاوارەیی و تکانی شیری مەمکی دایکان بۆ کۆرپە بێسەروشوێنکراوەکان وەک خوێن بە دەمارەکانی خۆشەویست و کوردایەتی هاتوچۆدەکات رۆمانەکەی تەنیوە.
جیگەی خۆشبەختیە کە کەسانێک بە زمانی بیانی ئێش و ئازارەکانمان دەنووسنەوە و دەستی بەزەییمان بەسەردا دەهێنن و شەفاعەتی ژیان و شین و ڕۆڕۆمان بۆ دەکەن و لەسەر تەختەی شانۆ و رۆمانەکان تراژیدیەکانمان دەخەنە ڕوو. دەسخۆشی بۆ وەرگێڕی کتێبەکە بە راستی دەستەواژەی ئەدەبی و فەرهەنگی بە تەکنیک و سەلیقەیەکی ئەدەبیانە بەکارهیناوە، سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی لایەنی وشەسازی و رێزمانی. هەرچەندە کەمێک وردە هەڵەی چاپی رێنووسی و زمانەوانی بەرچاو دەکەوێت، بەڵام لە گرنگی و بەها کتیبەکە کەم ناکاتەوە. هیوای سەرکەوتن بۆ نووسەر و وەرگێڕی توانایش دەخوازم.

ھەواڵی زیاتر