بەرگریکردن لە ڕەخنە

ئەگەر بە سەرنجەوە لە دۆخی ئەدەبی و هونەری نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی بڕوانین دەبینین دۆخێکی وەستاو و چەقبەستووی هەیە و ئەو دەنگانەی دەنگی جیدی و بەرهەمدارن گەلێک کەم و تاقانەن. لەم نێوەندەدا چۆن تێکستی جیدی ئامادەییەکی گەلێک کەمی هەیە هاوکات بوونی ڕەخنەی جیدیش ئامادەیی نییە، یان زۆر کەمە. زۆرجاریش ئەوەی کە بەناوی ڕەخنەوە دەنووسرێت جگە لە جۆرێک لە “جنێونامە” یان بەلاڕێدا بردنی تێکست و خوێنەرەکەی هیچی دیکە نییە. هەر بۆیە زۆرجار ناکرێت وەکو ڕەخنە ئەژمار بکرێن، چونکە ڕەخنە هونەری بیرکردنەوەیە لە ئاستێکی باڵادا و هاوکات هونەری ئەرگۆمێنتسازی و شیکارکردنی تێکستە.
لە ساڵانی ڕابردوودا لە گەلێک وتار و لێکۆڵینەوەمدا بەرگرییەکی بەردەوامم لە ڕەخنە کردووە و هەمیشە کارم بۆ فراوانکردنی ڕووبەری ڕەخنەیی کردووە و ئێستاش لەسەر هەمان بۆچوون بەردەوامم و کاری بۆ دەکەم، بەڵام ڕەخنەگەلێک کە “ڕەخنەی جیدی” بن، یان ئەوەی هەندێک بە “ڕەخنەی بونیادنەر” ناوی دەبەن. لە جێگەیەکی دیکەشدا ئەوەم گوتووە، کە ئەگەر ڕەخنە هەبێت ئەوا دەبێت بونیادنەر بێت. هیچ ڕەخنەیەک نییە ڕووخێنەر بێت. ئەوەی وەکو “ڕەخنەی ڕووخێنەر” دەبینرێت، ئەوە ڕەخنە نییە، بەڵکو یان “جنێونامە”یە، یان “درۆهەڵبەستن”ـە. هەموو تێکستێکی ڕەخنەیی تژییە لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پێشکەشکردنی ئەرگۆمێنت و هاوکات شیکارکردنی ئەو تێکستەی ڕووبەڕووی ڕەخنە کراوەتەوە.
کاتێک بەرگری لە ڕەخنە و ڕەخنەگران دەکەم، بەرگری لەو جۆرەی ڕەخنە دەکەم کە ئەرگۆمێنتسازە، کە شیکارکەر و بەرهەمێنەرە. هەموو ڕەخنەیەکی جیدی و ڕادیکاڵ هەڵگری کۆمەڵێک ئەرگۆمێنت و شیکارییە، کە دونیای ڕەخنەکاری دەیخوازێت. بەبێ ئەوانە هیچ ڕەخنەکارییەک بوونی نییە و هیچ تێکستێکی ڕەخنەیی بەرهەم نایەت.
ڤنسینت ڕایان رۆگیرۆ خاوەنی کتێبی “لەودیو هەستەکانەوە”، کە ڕێبەرێکە بۆ بیرکردنەوەی رەخنەیی ئەو دوو شت لە یەکتری جیا دەکاتەوە “هەستکردن” لەگەڵ “بیرکردنەوە”، ئەو دەنووسێت: “هەندێک لە هەستەکان بەسوودن، شەرەفمەندانەن، تەنانەت باڵاشن، بەڵام ئەوانی تر وانین.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “لە ئەزموونی ژیاندا ئێمە زوو زوو هەست دەکەین و دەمانەوێت شتێک بکەین”. دواتر هەمان نووسەر سەبارەت بە بیرکردنەوە دەنووسێت: “بیرکردنەوە پرۆسەیەکی ئەقڵییە، کە ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک، بریاردانێک بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتن”.
ئەگەر بە وردی سەرنجی جیاوازییەکانی “هەستکردن” و “بیرکردنەوە” بدەین، تێدەگەین هەموو پرۆسەیەکی بیرکردنەوە، بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیشەوە دەشێ پرۆسەیەکی عەقڵی بێت و ئەمەش دیسان ڕەخنەکار دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە. ڕەخنە هەڵڕشتنی بوغز و ناکۆکی نییە بەرامبەر تێکست لەپێناو شکاندنی ئەویدیکەدا. ڕەخنە هونەری بە ئامانجگرتنی کەسایەتی نووسەر نییە (وەک ئەوەی هەنێک بەناو ڕەخنەکار دەیکەن)، بەڵکو هونەری شیکارکردن و تێگەیشتن و دیاریکردنی پێگەی تێکستە. ڕەخنە پرۆسەیەکی مەعریفییە، کە ڕەخنەکار بە وردەکاریی و ئەرگۆمێنتسازییەکی وردەوە کاری لەسەر دەکات و دوورە لە بڕیاری سەرپێی و شەخسی و ئایدۆلۆژیی. ڕەخنەی ڕاستەقینە هەڵسەنگاندنی تێکست بە ئامانج دەگرێت، نەک نووسەر و ئایدیا و ژیانی. ڕەخنە هونەری بیرکردنەوەیە لەنێو تێکستدا و ئەو گوتارەی تێکست بەرهەمی دەهێنێت، نەک گوتاری دیاریکراوی نووسەر و ئەو ئایدۆلۆژیایەی لە ژیانی رۆژانەیدا کاری بۆ دەکات.

ھەواڵی زیاتر