پەروەردە لە دیدی شێرزاد حەسەنەوە

قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێت: “بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک بەرەو پێشەوە بەریت تەنها کار لە پەروەردەکەیدا بکە”. بێگومان دەکرێت ئەم قسەیە پێچەوانەش بکەینەوە. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک وێران بکەیت سیستمی پەروەردەکەی فەرامۆش بکە.

سیستمی پەروەردە شابناغەی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکە. بەبێ پەروەردەیەکی نوێگەر و پێشکەوتوو و سەردەمیانە ناتوانرێت باس لە هیچ پێشکەوتن و نوێگەریی و بەرەوپێشچوونێک بکرێت. هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی بەرەو پێشەوە هەنگاویان ناوە، خاوەنی پەروەردەیەکی پێشکەوتوون. هیچ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو نییە، کە سیستمی پەروەردەکەی پێشکەوتوو نەبێت. کەواتە شاڕێگای بەرەو پێشچوونەکانمان دەستکاریکردن و ڕیفۆرم و نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە.
مانگی ڕابردوو نووسەر و پەروەردەکار شێرزاد حەسەن کتێبێکی نوێی ڕەخنەیی سەبارەت بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان چاپ و بڵاوکردەوە. کتێبە بەناونیشانی “گۆشتەکەی بۆ ئێوە، ئێسقانەکانی بۆ من” هاوکات ناونیشانێکی لاوەکیشی هەیە کە ئەمەیە: “سەدەیەک لە شکستی سیستمی پەروەردە”. ئەم نووسەر و پەروەردەکارە کە نزیکەی پەنجا ساڵ لەنێو قوتابخانەکانی کوردستان و نێو سیستمی پەروەردەدا کاری کردووە دوای ئەو هەموو ئەزموونە و دەستوپەنجە نەرمکردن لەنێو سیستمی پەروەردەدا پێیوایە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەردەوام شکست دەنووسێتەوە و ئەو لای وایە ئەوەی بەرئەنجامی ئەم شکستەیە ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە لە سیستمی پەروەردە، کە سیستمێکە دوای مێگەلگەرایی و عەوامپەسەندی کەوتوون، نەک سیستمێک بێت پێشکەوتووتر لە عەقڵی خەڵکی ئاسایی.
ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری ناونیشانی کتێبەکە بکەین “گۆشتەکەی بۆ ئێوە، ئێسقانەکانی بۆ من”، نووسەر ئەم ناونیشانەی لەو گوتە باوەی زۆرێک لە دایک و باوکانەوە وەرگرتووە کە کاتێک منداڵەکەیان دەنێرنە خوێندنگە لەبری ئەوەی چاوەڕوانی پەروەردەکردنی لێ بکەن گوزارەیەکی لەم شێوەیە بە مامۆستا/پەروەردەکارەکەی دەڵێن. بۆیە ئەمە جۆرێکە لە دەستکراوەکردنەوە مامۆستا بۆ ئەوە هەرچی بەدڵ نەبوو بە لێدان لە فێرخوازەکەی بگەیەنێت. بێگومان مەسەلەی لێدان لەم دە ساڵەی ڕابردوودا تاڕادەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئەمە لە کۆنەستی هەموو مامۆستایاندا هەر ئامادەیی هەیە. تا هەنووکەش لەنێو سیستمی پەروەردەی ئێمەدا و لە زۆرێک لە خوێندنگاکاندا ڕاستە توندوتیژی جەستەیی نەماوە، بەڵام توندوتیژی بە چەندین ڕێگەی دیکە بەردەوامە و یەکێک لەو ڕێگایانە شکاندنی نمرەیە لە خوێندکار لەسەر لەڕێدەچوون و سەرپێچیکردن، لە کاتێکدا ئەمە هەڵەیەکی گەورەیی پەروەردەییە. چونکە هەموو فێرخوازێک لە تەمەنی منداڵی یان مێردمنداڵیدا ئەگەری هەڵە و کەموکوڕی هەیە و توانای تێگەیشتن و درککردنی هەموو فێرخوازان وەکو یەک نییە، بۆیە وەکو چۆن وەزارەتەکە ناوی “پەروەردە و فێرکردن”ـە پێویستە پەروەردەکردن بکەوێتە پێش فێرکردنەوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە، کە لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان (هەڵبەت هێندەی من سەرنجمداوە) تەنها بەشی دووەم ڕەچاو کراوە کە “فێرکردن”ـە و بەشی هەرە زۆری ئەرکە پەروەردەییەکان فەرامۆش کراون، یان لە نێو سیستمی پەروەردەدا کەمتر ئاوڕ لە پەروەردەکردنی تاک دراوەتەوە.
شێرزاد حەسەن بە دەنگێکی بەرز و تووڕە لەم کتێبەدا شکستەکانی ئەم سیستمە پەروەردەییە دەنووسێتەوە و هەر بە دەنگێکی بەرزیشەوە داوای چارەسەرکردن دەکات و هیواخوازی ئەوەیە کە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سیستمێک بێت تاکێکی متمانەدار و بەهێز و چالاک و داهێنەر دروست بکات، نەک تاکێکی گوێڕاڵی کۆیلەی هیچ نەزانی بێمەعریفە. ئەم پەروەردەکارە دەخوازێت تاکێکی کارای چاوکراوەی نوێگەر جێگەی تاکێکی خەسیوی کۆنخواز بگرێتەوە، کە هەمیشە چاوی کراوە بێت و دژی بە کۆیلەکردن بجەنگێت.
ئەم کتێبەی شێرزاد حەسەن لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەکارێکی گەورەیە دژی سیستمی پەروەردەی کۆنەپارێز و کۆمەڵێک سەرنجی پەروەردەیی ورد و گرنگیشی لەخۆگرتووە، بەڵام هاوکات مانیفێستێکی پەروەردەییە و دەکرێت بکرێتە بنەمایەکی چارەسەری بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و دەربازکردنی لەو قەیرانەی چەندین دەیەیە پێوەی دەناڵێنێت. ئەم کتێبە دەکرێت دەروازەیەکی چارەسەری بێت، چونکە هەموو دەرگاکان دەخاتە سەر پشت و دەست دەخاتە سەر هەموو برینەکانی جەستەی پەروەردەی کوردستان.
ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووسە و لە دوتویی 307 لاپەڕەدا و بە چاپێکی قەشەنگ لە چاپکراوە.

ھەواڵی زیاتر