چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كارخه‌زاڵ


خاڵ لە گەردن کارخەزاڵ، لادە پەرچەم دەرخە خاڵ
بـاڵ و پەلکەت خاڵ بە خاڵ، دێن و دەفڕن باڵ بەباڵ
دەردی هیجرم نیشتە کۆڵ، کۆڵی خەم دەمباتە چۆڵ
قاڵ دەبم لەو دەشت و دۆڵ، جەرگ و ناخم قاڵە قاڵ
ڕۆژ و مانگ دەخولێنەوە، شەو لە شەو دەشکێنەوە
ساڵ دەڕۆن و دێنەوە، دەوری مەینەت ساڵ بە ساڵ
هەر تەمەن دەفڕێ لە سەر، جلکی‌ژین دەدڕێ لە بەر
شاڵ دەکا مووی کەللەسەر، وا دەروونیش شاڵەشاڵ
کونجی لێـوت کەی هەڕاچ، سەر دڵم دەدرێ لە خاچ
چاڵ و خاڵ بۆ‌ شەقە ماچ، سووچی لێوت چاڵە چاڵ
بۆچی ڕەحمت چوو لە پاڵ، ساوی چاوم بوو گەواڵ
یاڵ بە یاڵ دەفڕم بە باڵ، شـۆڕە کەزیەت یاڵـە یــاڵ
دەچمـە باخی شەنگی گوڵ، شاگوڵان دەچنم بە چڵ
ئاڵ و سـووری چەشـنی دڵ، شەکری لێوت ئـاڵە ئـاڵ
تاوی چاوت کـەوتە تین، من “قەلەندەر‌” تۆی ئەوین
ماڵ و‌ ئەشـقت ژینـە ژین، دەنگـی دەڕوا ماڵ بە ماڵ