حەوت کتێبی فەروغ نیعمەتپوور بڵاوکرایەوە

لە نوێترین بەرهەمیدا نووسەر و وەرگێڕ “فەروغ نیعمەتپوور” حەوت کتێبی چاپ و بڵاوکردەوە، کە دوانیان وەرگێڕانە و ئەوانی دیکە چیرۆک و رۆمانن.

فەروغ نیعمەتپوور نووسەری کوردی دانیشتووی نەرویج لە حەوت کتێبە نوێیەکەیدا دوو کتێبیان چاپی نوێن و پێشتر چاپ و بڵاوکراونەتەوە، کە ئەوانیش ڕۆمانی “پەڕەسێلکەکانی کۆچ” و “ساڵەکانی خەون”ن. هەروەها نوێترین رۆمانی خۆی بەناونیشانی “کاتێک هاشم لە زیندان گەڕایەوە” تێدایە و دوو کۆمەڵە چیرۆکی دیکەش کە یەکەمجارە بڵاو دەکرێتەوە، کە ئەوانیش “گوڵەکان و مرۆڤەکان” و “ڕەنگەکانی ئەو ساڵانەی بەجێمان”ن. هاوکات ئەم نووسەرە دوو کتێبی دیکەی وەرگێڕاوە، یەکەمیان کتێبێکی “تونە سێلێبو”ە بەناونیشانی “رۆمان چییە؟”، کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەسەر رۆمان وەکو چەمکێکی دونیای نوێ و بەربڵاو، کە هەم لێکۆڵینەوەیەکی تیۆرییە، هەم دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک نموونەی رۆمانی جیهانی.
“هیومانیسم و ژینڕوانگە دونیاییەکانی دیکە” ناونیشانی کتێبێکی دیکەی ئەم کۆمەڵەیەیە، کە “لاش گوننارلینگوس” نووسیویەتی و لە نەرویجییەوە کراوە بە کوردی. کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی فەلسەفییە سەبارەت بە چەمکی “هیومانیسم” و گەڕانەوە و گەشتێکی فەلسەفییە بە ریشەکانی ئەم چەمکە و پەیوەستبوونی بە چەمکەکانی دیکەی وەکو ئەخلاق و دینەوە.
ئەم نووسەرە تاراوگەنیشنە بەم حەوت کتێبە نوێیە کتێبخانەی کوردی ئاوەدان کردووەتەوە و بەم کتێبانەوە خاوەنی نزیکەی 40 کتێبی چاپکراوە لە نووسین و وەرگێڕان.

ھەواڵی زیاتر