نووسەران و بەرپرسیارێتی بەرامبەر زمان

کاتێک باس لە خەمی زمان دەکەین، گرنگە تەنها ئەو خەمە لە چوارچێوەی خەمخۆریدا نەمێنێتەوە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەوەیە کار بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان بکەین. هەموان دەتوانن خزمەتی زمان بکەن، بەڵام هەر کەسە و لە شوێن و پێگەی خۆیەوە. بەڵام ئەوەی ئەرکە گەورە و گرنگەکەی لەسەر شانە نووسەران و رۆشنبیران و شاعیرانن، کە ئەوان دەبێت خەمخۆری هەمیشەیی زمان و نوێکەرەوەی بن.

ساڵی ڕابردوو هاوڕێیەکی چیرۆکنووسم کۆمەڵە چیرۆکێکی بۆ ناردم بە مەبەستم خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی، ئەم هاوڕێیەم چیرۆکەکانی گەلێک سەرنجڕاکێش و ناوازەبوون، بەڵام لە ڕووی زمانەوە گەلێک کۆڵەوار بوو، لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە هیچی بەسەر هیچەوە نەبووە. من دوای دەستخۆشی بۆ چیرۆکەکان و ئەو ئایدیا جوانانەی لە پشت چیرۆکەکانەوە بوو، باسم لە کەموکوڕی زمانەکەی کرد و داوام لێکرد کە لەوەشدا هەوڵی بەرەوپیشچوون بدات. بەڵام ئەو زۆر بە پێداگرییەوە گوتی ئەرکی من تەنها نووسین و گەیاندنی ئایدیاکانە، نەک خزمەتکردنی زمان و چۆنێتی فێربوونی دروستنووسین. گوتی: ئەوە ئەرکی کەسانی دیکەی زمانزان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.
سەرەتا ئەم قسانەی هاوڕێ چیرۆکنووسەکەم وەکو گاڵتەیەک وەرگرت، بەڵام لە درێژەی گفتوگۆکەدا بۆم دەرکەوت ئەو بە شۆخییەوە قسە ناکات، بەڵکو زۆر بە جیدی بۆچوونی لەبارەی زمانەوە بەو شێوەیەیە. من لەوکاتەوە بیر لە پەیوەندی نێوان نووسەران و زمان دەکەمەوە، کە پێموایە ئەو هاوڕێیەم لە هەڵەیەکی گەورەدایە، بەڵام منی خستە بیری چەند پرسیارێکی سادە. ئایا نووسەران بەرپرسن نین لە بەرەو پیشبردنی زمان و پاکڕاگرتنی؟ ئایا ئەرکی زمانزانان و دەزگاکانی چاپ و لەم پرسەدا لە کوێدایە؟ بێگومان ئەم پرسیارانە و چەند پرسیاری دیکە دەکرێت ڕیز بکەین، بەڵام دەکرێت بەدوای وەڵامەکانیانەوە بین.
سەرەتا با بپرسین ئایا ئەرکی نووسەر تەنها نووسینە، یان لەنێو نووسیندا دەبێت چی دیکە بکات؟ بێگومان ئەرکی نووسەر تەنها لە نووسیندا کورت نابێتەوە، نووسین لە ژیانی نووسەردا بەشێک لە پەیامەکانە، بەڵکو بەشە سەرەکییەکەی بوونی هەڵوێست و ئەو کارانەی دیکەیە، کە لەنێو زمان و کولتوور و کۆمەڵگەدا دەیکات. واتە سارتەر گوتەنی نووسەر بەرپرسیارە بەرامبەر هەموو شتێک. من بەتەواوی لەگەڵ تێزی بەرپرسیارێتی نووسەردام و ئەگەر باس لە بەرپرسیارێتی نووسەریش بکەین لەنێو زماندا ئەوا ئەمە یەکێکە لەو بەرپرسیارێتیانە ناکرێت لێی ڕابکات. بۆ نموونە زمانی ئیتاڵی لە ڕێی تێکستی “کۆمیدیای ئیلاهی”یەوە لە فەوتان پارێزرا. دانتێی نووسەری ئەم دەقە دەیتوانی ئەو دەقە بە زمانی دیکە بنووسێت، ڕەنگە زووتر و زیاتریش بچوایەتە نێو خەڵکەوە، بەتایبەت ئەو زمانانەی لە کاتی نووسینی ئەو تێکستەدا بەربڵاوبوون وەکو ئینگلیزی و لاتینی، بەڵام ئەو بە زمانی ئیتاڵی نووسی، ئەمەش لەپێناو ئەوەی زمانەکەی (کە دەیزانی لە لێواری فەوتاندایە) بپارێزێت. کەواتە ئەرکی نووسەران تەنها نووسین نییە (وەکو هاوڕێی چیرۆکنووسەکەم دەیزانی)، بەڵکو ئەرکی نووسەر بەرپرسیارێتییە بەرامبەر زمان و ئەوە نووسەران کە توانای گەشەپێکردن و خزمەتکردنی زمانیان هەیە.
سەبارەت بە ئەرکی زمانەوانان و دەزگاکانی چاپیش بێگومان ئەوانیش ئەرکیان لەسەر شانە و بەرپرسیارن. سەرەتا دەبێت بزانین زمانزان گرنگە بە بەردەوامی ڕۆڵیان لە نوێکردنەوەی زمان و پێشنیارکردنی وشەی نوێ و وشەی گونجاودا هەبێت بۆ ئەو وشانەی کێشمەکێشان لەسەرە. گرنگە زمانزانان خۆیان بەدوور بگرن لە (دۆگماکردنی زمان)، کە بەداخەوە بەشێکیان بەناوی پاراستنی زمانەوە لەنێو چەقبەستوویەکی هەمیشەییدا دەژین، کە نەک ناتوانن خزمەتی زمان بکەن، بەڵکو ڕێگرن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنە سورشتییەکەی خۆی. سەبارەت بە دەزگاکانی چاپیش ئەرکی ئەوانیشە کە کەسانی پسپۆڕی زمانیان هەبێت و خاوەنی ستانداردێکی پەسەندکراو بن بۆ ئەو بەرهەمانی کە چاپی دەکەن. بەڵام بەرپرسیارێتی دەزگاکانی چاپ لە پلەی دووەم و دواتردا دێت، ئەوەی بەرپرسیارێتی سەرەکی لەسەر شانە سەبارەت بە زمان نووسەرانن و ناتوانن لەژێر هیچ پاساوێکدا خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بدزنەوە.

ئارام کۆشکی_سلێمانی

ھەواڵی زیاتر