شانۆیی ماڵێک بۆ خۆشەویستی، یان ماڵی نائارامیی و وێرانەیی

هەمیشە کاتێک کارێکی شانۆیی جوان دەبینم هەست بە نوێبوونەوەی ڕۆح و پاراوبوونەوەی هزرم دەکەم. ئەمە ئەو هەستەیە کە زیاتر بە 20 ساڵە لەگەڵمدا دەژی. شانۆ بۆ من نزیکبوونەوەیە لە مرۆڤ و تێگەیشتنە لێی، چونکە هونەرێکە بینەر ڕاستەوخۆ و زۆر لە نزیکەوە لەمسی جوڵەی دەنگی ئەکتەر دەکات و لەگەڵ دیالۆگ و جوڵەکانید پەیوەندی دروست دەکات.

سەرەتای ئەم مانگە شانۆیی “ماڵێک بۆ خۆشەویستی”ـم بینی، ئەم شانۆییە لە نووسینی هەریەک لە “داستان بەرزان و پێشڕەو حسێن” و لە دەرهێنانی “پێشڕەو حسێن” بوو و نواندنی چوار ئەکتەری بەتوانا بوو کە ئەمانەن “گۆران نامیق، گوڵان ساماڵ، ڕاژان ڕزگار و گۆران محەمەد،” شانۆییەکە ئەگەرچی ناونیشانی ماڵێک بۆ خۆشەویستی هەڵگرتبوو، بەڵام هەر لە یەکەم دیمەنەوە گوزارشت بوو لە ماڵێک کە خۆشەویستی تێیدا مردووە و ئەگەری گەشەکردن و زیندووبوونەوەشی مەحاڵە. شانۆییەکە لە ڕێی چیرۆکی دوو خێزانەوە دەیویست وێنەیەکی ئێستای لە خێزانی کوردی بخاتەوە بەرچاومان، چونکە زۆرجار ڕەنگە خۆمان لەنێو هەمان دۆخ و ئازاردا بین بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەین. ئەم شانۆییە بە کێشە و ململانێی نێوان ژن و پیاوەکانی هەردوو خێزانەکە بەردەوامی بە خۆی دەدا و لە هەندێک جێگەدا بینەر هەستی دەکرد ئیدی تێمە گەیشتووەتە ترۆپک، بەڵام هەردوو نووسەر زیرەکانە لەوێوە بینەریان بەرەو لایەکی دیکە ئاراستە دەکرد و چیرۆکێکی دیکەیان دەخولقاند تا ئەوەی بە بینەر بڵێن ماڵەکان تەنها بەشێکیان بێخۆشەویستی نین، تەنها ژووری نووستن خاڵی نییە لە خۆشەویستی و تژی نییە لە سێکس، بەڵکو هەموو جێگەیەکی ئەو ماڵە خاڵییە لە خۆشەویستی.
سەرەتا کاتێک تەنها ناونیشانی شانۆییەکەم بینی بوو، پێم سەیر بوو ناونیشانێکی کەمێک سادە، بەڵام کاتێک نمایشەکەم بینی بەر دژوازییەک کەوتم، کە ئەوان ناوی شانۆییەکەیان ناوە “ماڵێک بۆ خۆشەویستی” و دەشێ ئەمە خەونی نووسەر و دەرهێنەری ئەم دەقە بێت، بەڵام واقیع شتێکی دیکەی پێیە کە نووسەران نەیانتوانیوە لێی ڕابکەن. بێگومان ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم نمایشەدا تەنها ناوەرۆکی شانۆییەکە نییە، بەڵکو هەم لەڕووی تەکنیکەوە گەلێک جوان و ناوازە و سەرنجڕاکێش بوو، کە من نامەوێت باس لەوە بکەم و ئەوە بۆ کەسانی تایبەتمەندی ئەو بوارە جێدەهێڵم. ئەوەی ماوەتەوە تیشکی بخەمەسەر ئەو نواندنە ناوازەیەی هەر چوار ئەکتەرەکە بوو، کە بە ڕۆحێکی گەنجانەوە و بەتوانایەکی زۆرەوە ڕۆڵەکانیان بەرجەستە کرد، ئەوەی نواندنێکی باش و سەرکەوتوو لە نواندنێکی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە بینەر نابێت هەست بە نواندن بکات. واتە پێویستە بینەر هەست بە ڕۆحی بەرجەستەکراوی کاراکتەرە بکات لەلایەن ئەکتەرەکەوە. من لەم شانۆییەدا هەستم بە توانەوەی ڕۆحی کاراکتەرەکان کرد لە هەریەک لە ئەکتەرەکاندا. بێگومان ئەمە خاڵێکی دیکەی سەرکەوتووی ئەم نمایشە بوو.
شانۆیی “ماڵێک بۆ خۆشەویستی” بەرجەستەکەری ئەو دۆخەیە کە زۆرێک لە خێزانی ئێمە بە شێوەی جۆراوجۆر تێی کەوتووە و زۆربەیشی هەستی بەوە نەکردووە کە لەو دۆخەدایە. یان ئەوەشی هەستی پێ کردووە ئارامکەرەوە لە خۆی دەدات تا هەست بە ئازارەکەی نەکات. “ماڵێک بۆ خۆشەویستی” پێیوتین ماڵەکانمان پڕ پڕن لە نائارامیی و بەرەو وێرانەیی هەنگاو دەنێن و ئەگەر بەهۆش خۆمان نەیەینەوە بەرەو لێکترازان دەڕۆین، یان فەوتان چاوەڕوانمانە.
ئەوەی ماوەتەوە باسی بکەین ئەوەیە کە وەزیفەی شانۆ هەمیشە وەزیفەیەکی شۆکهێنەرە کار لە جێگەیەک دەکات کە کۆمەڵگە لە نغرۆبووندا بووە. ئەم شانۆییەش هاتووە باسی لەو نغرۆبوونە کردووە لەپێناو هەستانەوەدا، نەک تەنها لە پێناو پیشاندانی خودی نغرۆبوونەکەدا. ئەوەی شانۆ لە هونەرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەو ڕەقی و توندی و ئازاردەریەیەتی کە زۆرجار بینەر دەخاتە دۆخێک کە بەر هەقیقەتی ڕاستەقینەی خۆی بکەوێت، من ناڵێم هونەرەکانی تر ناتوانن ئەمە بکەن، بێگومان دەیکەن، بەڵام شانۆ ئەمە ڕاستەخۆتر و توندتر دەکات هەر بۆیە پەیامەکەشی کاریگەرترە.

ھەواڵی زیاتر