من و تۆ لە چەند وێنەیەکی ڕەنگیندا

(١)
لێوت کرد بە جام
دڵم بوو بە مەی
کە هێشووە ترێی عەشقم دەگوشم
بەو جامە بادەی دڵم فڕ ئەکەی

(٢)
شوێنپێت کرد بە جەم
سینەم بوو بە نەی
لە سەمای خەما، جێمدەهێڵیت و
بە نەزمی ناڵین
لە سینەم ئەدەی

(٣)
وتت ئەوین دێ، چاوەڕێ بکە
تەمەنم ڕاخست
کردم بە ڕێگەی
من چاوەڕوانیم، کرد بە ماکی خۆم
تۆش بێ دەنگ بوویت و
نەتوت تاکو کەی

(٤)
چاوەڕوانی تۆ، بوو بە شیعرێک و
فرمێسکم ڕیز کرد
کردم بە وشەی
لە دانە دانەی مرواری دووریت
داستانم چنی
خۆم بووم بە ڕشتەی

(٥)
لە بینینێکتا
چاوت سنووری زەمەنی بڕی
منیش وەک قەقنەس
سنووری شوێنم تا لای خۆر بڕی
بە یەک ئاماژەی
باڵی سووتاوم کە گەڕایەوە
لەناو مۆبەدی ” بە حەیرانت بم”
خۆم کرد بە لاژەی

(٦)
کە درەختەکان ڕووت دەبوونەوە
گەڵایەکم لە بەرۆکی خۆم دا
وتم سەیریکە
تۆ وەکوو ئەمەی
تۆ، پالێتێک و
کۆپلەیەک شیعر و
گۆمێکی مەنگ و
پێکەنینێک و
کۆڵێ خەفەت و
بۆشاییەکت، لەپێش خۆت دانا
وتت نازانم، لە کامیان ئەکەی

(٧)
سەرلەبەیانیان
کە کانی پوزی ژنانی دەشوشت
تۆ بوویت بە هەتاو
موچڕکەکانت کۆدەکردەوە
بۆ ئێوارەکەی
منیش پێم وتی
پرژەی ماچ ماچێن لێرە هەتیوە
ئەو تنۆکانەش بۆ بێ وار دەکەی

(٨)
نێوانی ئێمە
بوو بە ژوورێکی تاریک و نووتەک
نهێنی بوون و نهێنی نەبوون
بوون بە سەقفەکەی
وتم لەوێ ڕا
لەناو سروشتا، رووناکی هەیە
کە وتت دەڕۆم
بووم بە دەرگاکەی

(٩)
لە تەنیاییمدا
چۆلەکەی هەستت ناردە سەر شانم
بێ دەنگیم شکاند
بووم بە جریوەی
لەوساوە هەتا تەمەنم مابێ
بەو هەستە دەژیم
تۆش ڕەنگینترین شێوەی ئەم هەستەی

ھەواڵی زیاتر