هەر لەو ساڵە و لە چەندان بۆنە و کۆڕی ئەدەبی و رۆشنبیری لە شاری هەولێر و لە سۆرانیشدا نووسەر “شێرزاد هەینی” نمایشی کتێبێکی نوێی خۆی دەکات، ناوەکەی و کەسایەتییەکە و شێواز و ستایلی نووسینی نوێ و تایبەتی بوو، جەمال عەلەمدار یەکەمین هەولێری لە سوید بڵاو دەکاتەوە، سەبارەت بەو کتێبە لەو دیمانە تایبەتییە بۆ رۆژنامەی”هەولێر” گوتی: ئەو کتێبە بەرھەمی دە دیداری درێژی “١٢١٠” خولەکییە؛ کە لە ستۆكهۆڵم لە ماوەی دوو مانگدا کراون. لەگەڵ پەیڤین و ئاخاوتنەکاندا؛ وێنە و دۆکومێنتی زۆرمان بینین. قسەکانمان تۆمار کردوون. جا دواتر بە شێوازی داڕشتنی خۆم نووسیومنەتەوە. وێنە و بەڵگەکانیشم ھەڵبژاردوون. لە ھەڵبژاردنەکانیشدا ئازاد بووم. بۆ ناسینەوە و وەرگێڕانی ھەندێکیان و خوێندنەوەی ژمارەیەک لەو بەڵگانە، کاک جەمال یارمەتیی زۆر داوم.
لەم کتێبەدا، بایوگرافیای پیاوێکی هەولێری دەنووسینەوە؛ بەڕێکەوت لە ناحیەی سیدەکان لەدایك بووە، لە گەڕەکی تەیراوە گەورە بووە و خوێندوویەتی، بەناچاری لە کەرکووک ئامادەییی تەواو کردووە .
جەمال عەلەمدار کێیە؟
لە کتێبەکە بەوردی کەسایەتی و پێناسە و کار و چالاکییە سیاسییەکانی بەروونی دیارە، ئەو لە هەولێر لەدایکبووە، سەرەتایی تەواوکردووە و ئیدی دیسان بەڕێکەوت بەرەو بەغدا و ئەنکەرە و ئەستەنبووڵ دەڕوات، لەوێ دەخوێنێت و بەردەوام دەبێت، تا دەبێتە هەور بە ئاسمانەوە!بەڵام ئەو لە ئاسمانەوە، بەردەوام پەرۆش و چالاک و ماندووی کوردایەتی بووە، کوردستانی ئارەزوومەندانە؛ لە دڵ، چاو، شان،گیرفان، بەرنامە، خوێندن و ژیاندا داناوە و پاراستووە!”کەسێک بووە دڵسۆز و سەفیر و پەیامنێری سەرۆک بارزانی بووە، هەر لە ناوەندی شێستەکانی سەدەی رابردوو، نووسەر و پێشمەرگە و کادیر و چالاکوانی کوردایەتی بووە، لە وڵاتانی ئەوروپا کاریکردووە، ماندوو بووە، هەموو ئاسانکارییەکی بۆ شۆرشی ئەیلول کردووە.
چۆن دەبێتە نمایندە و دڵسۆزی بارزانی و شۆرش؟
پاش ئەوەی لە گرتووخانەکانی تورکیا دەربازی دەبێت دەگاتە سوید، بەر لەوەی بگیرێت قوتابی بیناسازی زانکۆی ئەستنبوول بووە، پێنج ساڵ لەوێ ئەندازیاریی خوێندووە، بۆیەش لە سوید بەردەوام دەبێت و ماستەر لە بیناسازیی وەردەگرێت! لەگەڵ کاری خوێندن و ئیشکردنا خەریکی کوردایەتی و کاری کۆمەڵایەتی بووە، پێشەنگ بووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی کوردی سویدی و کۆمەڵەی کوردی فەنلەندی و سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی ئەوروپاش بووە، تا دەگاتە ئەوەی ببێتە بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەوروپا و بارەگە و ئۆفیسەکەی دەباتە لەندەن! دەیان رۆژنامەنووس و دکتۆر و سیاسەتمەداری لە ناو شاخ و قاچاخ و بەدزی هێناوەتە ناو شۆرش و ناوچە رزگارکراوەکان، لە زۆربەی کتێبەکانیان باسی ئازایەتی و یارمەتی ئەویان کردووە بۆ گەیشتن بەناو شۆرش و چاپکردنی کتێبەکانیان، وردەکارییەکانی ئەوەش لەناو کتێبەکە نووسراوە.
لەو کاروانە دەگاتە کوێ و ئێستا جەمال عەلەمدار چ دەکات؟
پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ واز لە سیاسەت دەهێنێت، وەک خۆی دەڵێت وازم لە سیاسەت هێنا، بەڵام هەرگیز واز لە کوردایەتی ناهێنم. ئەو بەردەوام بیر و هۆشی لەکن کوردستان بووە، بەڵام سەرقاڵی بزنس دەبێت، لە هەموو گۆشە و بازاڕ و کۆمپانیایەک کار و دیزاین و بەرهەم هەبێت ئیشی کردووە، ماوەیەک لە چین و سەعودیە و فەنزویلا و ئۆرگوای و ئەژەنتین بووە، ئێستاش تەمەنی سەرووی هەشتا ساڵە و بەردەوام دیداری برادەران دەکات و بە پەرۆشەوە هەواڵەکانی کوردستان دەزانێت و خەمخۆری بارودۆخەکەیە.
کتێبەکە چۆن چاپکرا؟
من ماوەیەک ئیشم لەگەڵ کرد، لەناو ئەرشیفەکەی مامەوە، نامەکانم خوێندەوە، فۆتۆکانم سەیر کرد، دەق و بڵاوکراوەکانی سەردەمی شۆرشم خوێندەوە و بابەتەکانم نووسی و کتێبەکەم تەواو کرد، ئەویش لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کرد و بڵاومان کردەوە، گوتی حەقی ماندووبوونی تۆ چەندە، من گوتم هیچ!
ئەو گوتی چۆن بەخۆرایی ئەوەندە خۆت ماندوو دەکەیت؟
پێم گوت؛ تۆش زۆر خۆت ماندووە کردووە و هیچت وەرنەگرتووە!
ئیتر بە کتێبەکە دڵی خۆش بوو، ئازادنە قسەکانی دەکرد، هەموو ئەرشێفەکەی لەبن دەستم دادەنا و هەموو دیدارەکانمان لەناو ستۆکهۆلم بووە، ئەوانەی کتێبەکەیان دیوە و خوێندویانەتەوە، بە چالاکی و کارەکانی جەمال عەلەمدار سەرسامن.
بڕگەیەک لە کتێبەکە هەڵبژێرە؟
حەوت ساڵ و نیو لە چین دەبم، کار دەکەم و لەوێ ئۆفیسم هەبووە. لەوێ شارێک دروست دەکەین، دیزاینی پازدە هەزار خانوو لەسەر رووباری زەرد و بەرانبەری وڵاتی ژاپۆن ساز دەکەین. گوتیان ئەو پارچە زەوییە کاتی خۆی بۆ بەرپرسە شیوعییەکان دانرابوو، گوایە دەیکەنە هاوینەهەوار و دەبێتە شوێنی حەوانەی شیوعییەکانی خانەنشین دەبن، بۆ ئەوەی لێرە هەواریان بۆ بکەن و تێدا ئیسراحەت بکەن، بەڵام لەو گۆڕانەی ناو چین و سیاسەتە نوێیەکەی، ئەوە نامینێت و بڕیار دەدەن پارچە زەوییەکە بکەنە شارێکی هاوچەرخ، دیزاین و نەخشەکانی بەر من و کۆمپانیاکەمان دەکەوێت، نەخشەکەم ماوە، لەوێ کۆمپانیای خۆم هەبوو، بەڵام هاوبەشی چینییشم هەبوو.
تەمەندرێژی بۆ پیاوە هەولێرییەکەی یەکەم کەس بووە چوویتە سویدی و لەوێ ماستەر وەردەگرێت، بەتەنیا بەقەد دەزگەیەک خزمەتی شۆرشی کوردستانی کردووە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی و سویدی و ئەسپانی و نەروێژی کوردایەتی کردووە، ماندوو بووە. کەسێکی سەر راست و حەقانی و راستگۆ بووە، سەرۆک بارزانی خۆشدەویست و خەنجەرەکەی پشتی بە دیاریی پێشکەش کردووە، ئێستاش خەنجەرەکەی لە ماڵەوە لە ستۆکهۆلم ماوە و شانازی پێوە دەکات.