خوێندنەوەیەک لەسەر ‘چیرۆکی ئاشقەکەی من ژنی هەبوو’ەکەی ڤیدا قادری

نینا کەریمی

سیمۆن دێ بۆڤوار پێی وابوو ژنبوون یان پیاوبوون شتێکی زگماکی نییە و ڕەگەز واتایەکی دەستکردە کە کۆمەڵگا بە مرۆڤەکانی دەبەخشێت. بۆ نموونە مرۆڤ لە بواری فیسیۆلۆجییەوە نێر یان مێ لە دایک دەبێت بەڵام ژن یان پیاوبوون کۆمەڵێک ڕۆڵ و واتایە کە کۆمەڵگا بەسەریدا دەیسەپێنێت.

لە لایەکی ترەوە بە پێ جۆری کەلتوور و دەسەڵات پێناسەی کەسی چاک و خراپ بەردوام چەمکێکی بگۆڕ بووە و بە باش یان خراپ شوبهاندنی کەسەکان ئامێرێک بووە بۆ بردنی مرۆڤ بەرەو خواستی چینەکانی سەرووی کۆمەڵگا. ئەم پێناسەکردنانە لە هەر کۆمەڵگایەکدا جیاوازن بۆ نموونە لە کوردەواریدا ژنی چاک ژنێکە کە شان بە شانی پیاو لە ماڵ و مەزرادا هەوڵ دەدات لە حاڵێکدا کە لە بریتانیای کۆندا ژنی باش ژنێک بووە کە ئامێرێکی مووسیقای ژەندبا و لە گوڵچنینەوە و چاخواردنەوەدا بە سەلیقە نا و خۆی لە کاری پیاواندا هەڵنەقورتاندبا.
لەبەر زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالار ئەم بەسەرداسەپاندنی پێناسەیە تا ڕادەیەک کاریگەر دەبێت کە لە سەردەمی نازیەکاندا ژنانی” خراپ” لە چاوی حزبەوە بە بیانووی “چارەسەرکردن” لە نەخۆشخانەکان و ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێییدا ڕادەگیردرێن و وەکوو جوولەکەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆ نموونە ئەو ژنەی کە حەزی لە پۆشینی تەنوورە نەبووە یان ژنێک کە حەزی لە منداڵبوون و دایکایەتی نەدەکردووە بە ئاسانی کەوتووەتە ژێر تۆمەتی ناتەواوی و نالەباریی دەروونی و خراوەتە ژێر ئەشکەنجەوە. ئەمە سەردەمی خاوەندارێتیمان بیر دەخاتەوە کە دەسەڵاتدارەکان نەخۆشییەکیان بە ناوی تێکچوونی کۆیلەکان پێناسە کردبوو؛ واتە هەر کۆیلەیەک خۆی بە ئینسان و یەکسان زانیبا، بە نەخۆش و تووشیاریان دەزانی و بۆ چارەسەرکردن لە کۆمەڵگا و کۆیلەکانی تر جیا دەکرایەوە نەکا کەسێکی تریش تووش بکات. بەسەرهاتی ژنان لە ماوەی هەزاران ساڵ پیاوسالاریدا شتێکی وای لە کۆیلەداری کەم نەبووە بۆیە بزووتنەوە فێمێنیستییەکان هەوڵیان داوە زۆر شت ڕوون بکەنەوە کە یەکێک لەوانە پێناسەی ئەو ڕۆڵانەیە کە ژن ناچارە بیگێڕێت و زۆر جار بە هەڵە بە خواستی خۆی دابنێت وەکوو: لەخۆبردوویی، دەسەڵات نەخوازی، ئۆبژەی خۆشەویستی بوون و هتد.
بەڵام لە چیرۆکی “ئاشقەکەی من ژنی هەبوو”دا نووسەر کایکاتۆرێکی لەم چەشنە ڕۆڵە ژنانەییانە کێشاوەتەوە واتە کەسایەتی وەها زانایانە لە ڕۆڵەکەیدا زێدەڕەوی دەکات کە خوێنەر ئەخاتە گومانەوە کە ئایا لەگەڵ کەسێکی تەواودا ڕووبەڕوو بووەتەوە یان نا. نوقمبوون لە ڕۆڵی ماشقەبوون و دڵڕفێنیکردندا، دەگات بە ڕادەیەک کە کەسایەتی چیرۆکەکە بە تەنوورەیەکی ئاڵتوونیەوە دەڕواتە سەربان و هێندە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە تاکو سەری لە گێژەوە دێت. خراپکردنی هێمای کچێک کە لە سەربان بە تەنوورەوە بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە هەرچەندە بە بیانووی ڕاکێشانی سەرنجی پیاوەکەی دراوسێشەوە بێت کاتێک تێکەڵ بە حەزی بێسنووری کەسایەتی دەبێت و لە ساتی دیاریکراودا ناوەستێندرێتەوە گومانی تەواونەبوونی کەسایەتی دەخاتە مێشکی کۆمەڵگا و بەردەنگەوە. ئەو ئەکتەی کە لە جوانیناسیدا زۆر شتی لەسەر نووسراوە ئێستا دەبێت بە شتێکی نائاسایی و ناحەز، بەبێ ئەوەی کە هیچ کێشەیەکیشی بۆ هیچ کەسێک دروست کردبێت. ئۆبژەی خۆشەویستبوون تا ڕادەیەک تۆخ دەبێتەوە کە کەسایەتی بەبێ ئەوەی هەرگیز ئەو پیاوەی بینیبێت یان تەنانەت بەر ئاماژەیەکی کەوتبێت خۆی بە ماشقەیەکی دابڕاو دەزانێ.
کەسایەتی لێرەدا هەڵسوکەوتێکی وەکوو دۆن کیشۆتی هەیە ئەو لە پێناو ژن بوونی خۆیدا ئامادە دەبێت لەسەر تارماییەکی بێڕوومەت لەگەڵ ژنێکی تردا شەڕ بکات و تەنانەت لێی بدات. بەڵام جیاوازی ڕاستەقینەی کەسایەتی کاتێک دەردەکەوێت کە لەگەڵ چەمکی دایکایەتیکردندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لێرەدا ئیتر لادان لە چوارچێوەکان بە زێدەڕۆیی ناکرێت چونکە دایکبوون و دایکایەتیکردن تەنیا چەمکێکە کە هەرچی زۆرتر تێیدا بتوێیتەوە کۆمەڵگا زیاتر حەزت لێ دەکات. کچ دەزانێت کە بە یەکەمین ترپەی دایکانەی دڵی، هەموو چوارچێوەبەزاندنەکانی کۆتایی پێ دێت و دەکەوێتە بازنەی دووپاتکردنه‌وه‌ی ڕۆڵە پەسەندکراوەکانی کۆمەڵگە. بۆیە بە گاڵتەوە تا ئاستی خنکاندنی دایکی نووستووی ئەڕوات.
ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیەکەی تەواو جیاوازی لەگەڵ پەیوەندی کچ- دایک دا هەیە. واتە بە شێوازێک گاڵتە بە گرێی ئێلێکترا و هەموو خوێندنەوە دەروونناسانەکان دەکات. لووتی دایکی نوستووی دەگرێت تاکوو هەناسەی سوار دەبێت. نەک لەبەر خۆشەویستی باوکی چونکە هەر ئێستاش دایکی دوور لە باوکەکە نووستووە و کێبڕکێیەک لە ئارادا نییە. بەڵکوو لە بەر گوێ پێ نەدان و لێخەوتن و هەوڵ نەدان بۆ گۆڕانی ئەو بارودۆخەی تێیدایە. کەچی دایکەکە تەنانەت ئاگاشی لێی نابێت. ئەو قەت لەو خەوە نابێتەوە کە تێیدا ژنەماقووڵێکی پەسەندکراوە کە تەنانەت لە باخەڵی مێردەکەی خۆیشیدا ناخەوێت.
هەڵبژاردنی پیاوی ماڵەدراوسێ هەڵبژاردنی قوربانیبوون و دایکایەتیکردنە بۆ منداڵێکی بەساڵاچوو کە کچە ئامادە نییە بیکات. ئەو دەست بە گالیسکە و ڤیلچێرەوە نانێت کۆڵ بە چوارچێوەکان نادات دەست بە جانتای لاسارییەکانی خۆیەوە دەگرێت و دەڕوات وەک ئەوەیکە یارییەکە هەر دەستی پێ نەکردبێت.

ھەواڵی زیاتر