هێمن خەلیل- ههولێر
زانكۆی سەلاحەدین گەورەترین زانكۆیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لەم ماوەیە رانكینگێك کرا لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێنا، بۆیە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵ بەڕێز (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. كامەران یونس) سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدیندا رێک خست:
سەرەتا لەبارەی ئەو (رانكینگ) ڕیزبەندیەوە گوتی: “زانكۆی سەلاحەدین لەم رانكینگە لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە، ئەم رانكینگە هەر مامۆستایەك لەزانكۆ ئەو توێژینەوەی ئەنجامی دەدات لە گوگڵ سكوڵەر دایدەنێت، چەند كەس ئەو توێژینەوەیەی وەكو رفرێنس بەكاردێنێت دەبێتە ژمارە بۆ مامۆستاكە،بۆ نموونە مامۆستایەك سەد سایتێشنی هەیە، واتە سەد كەس سوودی لەو توێژینەوەیە وەرگرتووە و بەكاری هێناوە، كەواتە سوودیان لە توێژینەوەی ئەو مامۆستایە وەرگرتووە، دەستەیەكی سەربەخۆ لە وڵاتی ئیسپانیا ئەم كارە دەکات، بەخۆشحاڵیەوە زانكۆی سەلاحەدین بۆ ماوەی پێنچ ساڵ یەكەمی سەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بووە بەزانكۆ حكومی و ئەهلیەكان “.
تایبەت بەكۆمەڵگای بەشەناوخۆیی بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ئاماژەیدا:” دوو كۆمەڵگای بەشەناوخۆیمان هەیە كە كۆمەڵگای شەهید شەوكەت شێخ یەزدین/ كوڕان و كۆمەڵگای بەشەناوخۆیی 18ی شوبات/ كچان، هەروەها حەوت باڵەخانەمان بەكرێ گرتووە بۆ قوتابیان، بەشەناوخۆییمان هەیە لەكۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، كۆمەڵگایەكی مۆدێرن دروست كراوە، سوپاسی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئەو كۆمەڵگایە سەدا نەوت و نۆی تەواوبووە، ئەوەی ماوە كارەبای بۆ ڕابكێشرێت و بودجەیەك دابنرێت بۆ كڕینی ئەساس،ساڵانە ملیارێك دینار بۆ كرێی باڵەخانەو گاز و پێداویستیەكانی ترە، بەتەوابوونی ئەو كۆمەڵگایە ئەو بڕە پارەیە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە .
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. كامەران یونس باسی لەكردنەوەی كۆلێژێكی تازە كردوە گوتی: “بەر لە دەستبەكاربوونم ئەنجومەنی زانكۆی سەلاحەدین بڕیاریان دا دوو كۆلێژ بكەنەوە كە ئەوانیش كۆلێژی ڤێنتەری و كۆلێژی شوێنەوار بوو، بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 كۆلێژی ڤێنتەری قوتابی وەردەگرێت، بەڵام بەشی شوێنەوار لە كۆلێژی ئاداب بۆ ئەمساڵ وەكو بەش قوتابی وەردەگرێت، بۆ ساڵانی ئایندە دەبێتە كۆلێژ .”