داغستانەکەمان بــــــێ وەرگێڕ مایەوە

شۆڕش غەفووری – هە‌ولێر

دوای چەندین ڕۆژ ململانێ لەگەڵ نەخۆشى هەوکردنی گورچیلە و خەواندنى لە نەخۆشخانەی “ژین” لە هەولێر، دوێنێ دووشەممە گەورە وەرگێڕى کورد و مامۆستاى زانکۆ دکتۆر عەزیز گەردی، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پێشتر و بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە، دکتۆر عەزیز گەردی برایە دەرەوەی وڵات و لەوێ دوای چارەسەر، پزیشک ناچار بوو یەکێک لە گورچیلەکانی دەربهێنێت. بەڵام پاش گەڕانەوەی بۆ هەولێر بە چەند ڕۆژێک، تاکە گورچیلەکەی دیکەشی تووشی ئازار وهەوکردن بووەوە.
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، ئەدیب و نوسەر و ڕەخنەگرێکی ناوداری کورد لە ساڵی ١٩٤٨ى زایینى لە بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە و بە ژیانی سەرقاڵى وانەوتنەوە و وەرگێڕان و نووسین بوو و هەر ئەمەش واى کرد کە ژیانى هاوسەریەتى پێک نەهێنێت.
لە هەرزەکاریدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد و لە کۆتایی شەستەکانى سەدەی ڕابردوو لە بەغدا دەستى بە نووسین و بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانى کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی ١٩٦٨ ـ ١٩٦٩ چاپ و بڵاو کرایەوە کە کتێبی ڕەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، ڕابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. دکتۆر حەمە مەنتك لەبارەى عەزیز گەردییەوە لە وتارێکدا دەنووسێت: “کاتێک خواجەی زمانی کوردی، لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەتەی ڕابردوو زانستی ڕەوانبێژی بە سێ بەرگ لە ئەدەبی کوردیدا بڵاو دەکاتەوە. لە ڕێی ئەم سی بەرگەوە چ لە ڕووی تیۆری و چ لە ڕووی پراکتیکییەوە بناغەیەک بۆ ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا دادەنێت. بە بڕوای من ئەم سێ بەرگەی خواجەکەمان زانستی ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا بڕاندەوە. ئیدی ئەوەی دوای ئەو هاتووە و باسی ڕەوانبێژی کردووە، تەنێ جوینەوەی بیرکردنەوە و پێناسەکانی خواجەی ئێمە بووە.”
عەزیز گەردى لە ساڵی ١٩٩٤ى زایینى ماستەرنامە و لە ساڵی ١٩٩٩ى زایینى بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست هێناوە و لەو بەینەشدا ئاوارتەى چەندین وڵات بووە و بەمەش زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و ڕوسی بە باشى فێر بووە و لێیانەوە چەندین بەرهەمى جیهانى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى شیرینى کوردى، لەگەڵ ئەو زمانانەشدا کوردیزانێکی کەموێنە و شارەزا و قسەکەرى شێوەزارەکانی کرمانجی سەروو، کورمانجی خواروو و هەورامی بوو.
عەزیز گەردى تەنیا بە وەرگێڕ لەقەڵەم نادرێت، بەڵکو نووسەر و ئەدیب و مامۆستایەکى گەورە بووە و هەر وەک مەنتک لەم بارەوە باس لێوە دەکات و دەڵێت: “لە ئەدەبی کوردیدا خواجە عەزیز، هێندەی بە وەرگێڕ تاریف دەکرێ، ئەوەندە بە نووسەر تاریف نادرێ. بە بڕوای من داهێنانی ئەو لە وەرگێڕان چەندە، لە نووسین و پڕۆژەی نووسینیشدا هێندەیە. دەبینین ساڵانی هەشتای سەتەی ڕابردوو چەند کتێبێکی پڕۆگرام بۆ قوتابیانی بەشی زمانی کوردی دادەنێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین کەس لە یەکێتیی سۆڤیتی ئەوکات بە بڕوانامەی بەرزەوە هاتبوونەوە. بەڵام خواجەی ئێمە کتیبی (ئەدەب و ڕەخنە) لە ساڵی ١٩٧٤دا دەنووسێت. هاوکات لە بواری پەروەردەدا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە، چەندین ساڵی بە خزمەتکردنی وانەگوتنەوە وەک مامۆستا لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر بە ڕێ کردووە.”
عەزیز گەردى لە وەرگێڕاندا زۆر ناوازە و بژاردە کارى دەکرد و ئەو بەرهەمانەى کە وەریگێڕاون بەرهەمەیلى تایبەت بە کەلتوور و نەریت و ئەفسانەى کۆنى وڵاتان و گەلانى دونیا بوونە و ئەمەش نیشاندەرى ئەوە بووە کە عەزیز گەردى لە خەمى بنچگرتوویی و دەوڵەمەندکردنى کەلتوور و زمان و ئەفسانەى کوردى بووە بەوەى کە نەوەیەک کە دێت پێویستە ئاگادار و شارەزاى نەریت و کەلتوور و ئەدەب و ئەفسانەى گەلانى دیکە بێت تا بتوانێت ئەوانەى خۆشى بپارێزێت، خۆشى لەم بارەوە دەڵێت: “کورد هێشتا قیمەتی ئەفسانە نازانێ، لە داهاتوودا قیمەتی ئەفسانە بە دەر دەکەوێت.”

بەرهەمەکانى:
١. (چرا)یەک لەسەر مادیان کۆ
٢. ئاشوورا
٣.ئافرەتی کورد لە تورکیا
٤.ئێمە ئەم شیعرەمان نوسیوە
٥.ئەدەب و رەخنە
٦. ئەدەبی بێگانان – بەرگی یەکەم
٧. ئەدەبی بێگانان – بەرگی دووەم
٨. ئەدەبی بێگانان – بەرگی سێیەم
٩. ئەدەبی بێگانان – بەرگی چوارەم
١٠.ئەدەبی بێگانان – بەرگی پێنجەم
١١.ئەدەبی بەراوردکاری دوو
١٢.ئەفسانە و ڕازی کوردی
١٣.ئەفسانەی ئەرمەنی
١٤.ئەفسانەی ئەفریقی
١٥.ئەفسانەی تورکیایی
١٦.ئەفسانەی سلاڤی
١٧.ئەفسانەی فیرعەونی
١٨. ئەفسانەی کوردی
١٩.ئەگەر خۆر بمرێ
٢٠.ئەو پیاوەی بەتەنیا سەفەری کرد
٢١.بووکۆکەی قسەکەر
٢٢.بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک
٢٣.بەرازەوان
٢٤.بەرنامەی خۆێندن
٢٥.بەرکوتێکی ژیانم
٢٦.پڵنگ لە رۆژی دەیەمدا
٢٧.پیاوانی بەیانی
٢٨.پیاوێک
٢٩.پەخشانی کوردی1
٣٠.پەنەلۆپە لە جەنگدا
٣١.جوتیارێکی زیرەک
٣٢.چیرۆکی بەرئاگردان
٣٣.چیرۆکێن ناو بەندیخانە
٣٤.چیرۆکەکانی ئیزۆپ یان لەناو گیانداران دا
٣٥.چیرۆکەکانی کریلۆڤ
٣٦.چەشەی ئەدەبی
٣٧.حاجی مراد
٣٨.حەقایەتی بەغدایی
٣٩.خاکەکە ماچ کە
٤٠.خوا و شەیتان
٤١.داستانی حوسێنی کورد و چەند هەقایەتێکی تر
٤٢.داغستانی من – کتێبی دووەم
٤٣.داغستانی من – کتێبی یەکەم
٤٤.درەختی چل داستان
٤٥.دیوانی عاسی ١٨٨٥ ـ ١٩٧٥
٤٦.دەنکە هەنار: کۆمەڵە ئەفسانەیەکی ئازاربێجانیە
٤٧.رابەری کێشی شیعری کلاسیکی کوردی
٤٨.رۆمیۆ و جولێت
٤٩.رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا؛ بەرگی یەکەم
٥٠.رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا؛ بەرگی دووەم
٥١.رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا؛ بەرگی سێیەم
٥٢.زارا عەشقی شوان
٥٣.ژیان و جەنگ و هیچی تر..
٥٤.ژیانی ئافرەتی کورد
٥٥.ساڵانی هەورین ـ بەرگى یەکەم
٥٦.ساڵانی هەورین ـ بەرگى دووەم
٥٧.سلوولی ١٨
٥٨.سێ نیگار
٥٩.سەروا؛ لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری بەراوردە لە شیعری کوردیدا
٦٠.شا عەباسی گەورە
٦١.فەرهەنگی مەم و زینی خانی
٦٢.فەرهەنگی کێشناسی
٦٣.قوتیل
٦٤.قورینگ
٦٥. قۆڵبڕ
٦٦.قەڵەم قامیش
٦٧.گەردەلولی مەرگ
٦٨.گەشتەکانی گەلیڤەر
٦٩.لۆرکا؛ سێ تراژیدی
٧٠.لەشکری رووسی لە جەنگی عێراقدا
٧١.لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا
٧٢.ماینی چل جوانوو ئەفسانەی لادێنشینانی کورد
٧٣.نامەیەک بۆ ئەو کۆرپە نێرینەیەی کە هەرگیز لە دایک نەبوو
٧٤.نامەیەک لە پەکینەوە
٧٥.هونەری شیعر؛ شیعرناسی
٧٦.هەقایەتی بەغدایی
٧٧.هەقایەتی کوردەواری ـ یەک؛ سێ دەرمان
٧٨.هەندێ باوەڕی ئایینی مەندائی
٧٩.هەندێ بەستەی کوردی
٨٠.وەرزی نان
٨١.کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردیی ناوەڕاست
٨٢.کچەکەی فەرماندە
٨٣.کێشناسیی کوردی
٨٤. کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی
٨٥.کەوێتی دامەنتاری
٨٦.یەزداندوخت
٨٧. یەک چیای گەوهەر: کۆمەڵە چیرۆکێکی ئەفسانەیی گەلان

نووسەران و ڕۆشنبیران داخدارن:
هەر لەو ڕۆژەوەى کە عەزیز گەردى کەوتووەتە نەخۆشخانەو تەندرووستى تێک چووە، نووسەران و ڕۆشنبیران لە هەردوو بەرى هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات لە واڵ و پەیجە کۆمەڵایەتییەکانى خۆیان نزاى بۆ دەکەن و لەسەرى دەنووسن و وێنەکەى بڵاو دەکەنەوە. لە دواى کۆچکردنیشى زۆرێک بە نووسین دەردەڵى خۆیان لەم بارەوە کرد و قسەى دڵى خۆیان بۆ مردنى ئەم کەڵە وەرگێڕ و ئەدیب و نووسەرە دەربڕی کە لێرەدا هەندێک لەو نمونانە دەهێنینەوە:

بەکر شوانى وەرگێڕ لەم بارەوە نووسى: “ماڵئاوا عەزیز گەردی.. هەمووان بە جەستە دەڕۆن، گرنگ ئەوەیە کە لە دوای مرۆڤ دەمێنێتەوە. تۆ میراتێکی گەورە و دەوڵەمەندت بۆ نەوە دوای نەوە بەجێ هێشتووە. بنوو بە ئارامی”.
ڕزگار ئەمین نژادى وەرگێڕ لە ڕۆژهەڵاتەوە نووسى: “مامۆستا عەزیز گەردی پاش تەمەنێک نووسین، تەمەنێک خزمەت بە زمانی کوردی و تەمەنێک پەروەردەی خوێندکارانی کورد، ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە ژیان و نووسین و وانەوتنەوە کرد. یەکێک لە شانسە باشەکانی من لە ژیاندا و لە مانەوەم لە شاری هەولێر، لە ساڵانی نەوەدی زایینی، ناسینی ئەو مامۆستا خاکەڕا و شارەزا لە زمانی کوردیدا بوو. یاد و ناوی هەمیشە زیندوو بێت و پڕ بە دڵ سەرەخۆشی لە خزمانی بەرێزی دەکەم و خۆم بە شەریک و هاوخەمی ئاکادێمیای کوردی و زمانی کوردی دەزانم.”
دکتۆر هاشم ئەحمەد، زادە لە بارەى عەزیز گەردییەوە نووسى: “ئەفسانەی تۆ کۆتایی نایەت و لە کتێبەکانتدا بەبەردەوامی لەگەڵ ئێمە و جیلەکانی داهاتوودا دەژیت ئەی مامۆستای عەزیز!”
کەریم کاکەى، ڕۆماننووس کە ڕۆژێک بەر لە ماڵئاواییەکردنەکەى سەردانى کردبوو لە نەخۆشخانە، بڵاوى کردەوە: “دوێنێ ئەودەمانە بە دیارییەوە بووم، بە هەناسەبڕکێوە گوتی: ژیان نەما، ئەگەر هەبووبێ، ها. پاشای زمان، کۆچی تۆ لە چ کۆچان ناچێ.”
غەمگین خدرى، شاعیر کە بەشێک لە کتێبەکانیشى چاپ و بڵاو کردووەتەوە نووسى: تۆ تەنیا بۆ وشە و ڕستە و کتێب ژیای، کەس هێندەی تۆ لەم نیشتمانە ڕەشە پاک نەبوو، بە بێگەردی نەژیا. بێگەرد وەک پەڕەی کاغەزێکی سپی، سەر بڵند بەقەت داغستانی من، بەقەت نامەیەک لە پەکینەوە، بەقەت پیاوێک، بەقەت ئەدەبی بەراوردکاری، بەقەت و بەقەت و بەقەت گەنجینە گەورەکەت. گۆڕت مێرگێکی ئارام بێت، وەک چۆن ئەدەبیاتی کوردیت کردە مێرگی کتێبان.”
فەرهاد چۆمانى، وەرگێڕ لە فەیسبووکەکەى نووسیویەتى: “دوای تۆ گەردی، زۆری پێدەچێ تا گەردانەی پچڕاوی وێژەی کوردی کۆ دەکرێتەوە. تازیەبارم بۆت. هیوادارم لەچاو زەوی و نشینانی، ئاسمان لەگەڵت میهرەبانتر بێت.”
قادر وریاى، نووسەر لە ڕۆژهەڵاتەوە و لە ژێر ناوى (عەزیز گەردی، ئەو ناوەی هەمیشە دەمێنێتەوە!) نووسى: “لە نەوەدەکان، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵات کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوون، لە کۆلێژی ئاداب خوێندکاری د.عەزیز گەردی بوون و نەک هەر وەک مامۆستا، وەک هاوڕێیەکی خۆیان سەیریان دەکرد. لە مێژ بوو بەڵێنیان بە د.عەزیز گەردی دابوو میوانی بن. دەیانزانی منیش ئەو پیاوە بلیمەتەم زۆر خۆش دەوێ و زۆرم کەیف بە وەرگێڕانەکانی و کتێبەکانی دیکەی دێت. جارێک داوایان لێکردم بچمە هەولێر و وێڕای ئەوان میوانی عەزیز گەردی بین لە ماڵەکەی خۆی. وتیان هەر بۆ خۆشمان کابانەتییەکەی بۆ دەکەین. لە ماڵەکەیدا، میوانەکان وەک خاوەنماڵ دەچوون و خۆی وەک میوان. من دەتکوت خەنی بووم کە لە نزیکەوە چاوم پێی دەکەوێ و دەیدوێنم. زانیم کە ڕەبەنە، زۆر سادە و بێ فیز و خاکییە. بۆشم دەرکەوت کەیفی بە حیزبی و سیاسییان نایە، بەڵام حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی دەبوارد و پەرژینێکی قایمی بۆ دەکردن… هەمیشە قەرزداری ئەو چێژ و کاریگەرییەم کە لە ڕێگای نووسین و وەرگێڕانەکانییەوە پێی بەخشیوم بە تایبەتیداغستانی من ـەکەی کە هەر کەس خوێندبێتیەوە، دڵنیام ئاسۆکانی بیرکردنەوەی فراوانتر و ، گەراکانی نووسینی تێدا بەهێزتر بووە.”
جەبار سابیرى وەرگێڕیش لەسەر کۆچى عەزیز گەردى نووسى: ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان بوو، یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كڕیم داغستانی من بوو، به‌ڵام به‌رگی پێوه‌نه‌بوو و زۆریش شێوابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وه‌نده‌م ناوبانگی بیستبوو هه‌ر كڕیم، به‌ مه‌رجێك زۆریش گرانبوو، دواتر به‌رگم بۆ دروست كرد و ده‌ستم كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی، زمانێكی ئه‌وه‌نده‌ شیرین و ئه‌وه‌نده‌ ڕە‌وان و زوڵاڵ كه‌ هه‌ر له‌ پیاوێكی وه‌ك عه‌زیز گه‌ردی ده‌وه‌شێته‌وه‌. ڕە‌سوڵ حه‌مزه‌ تۆف له‌و داغستانه‌ بچووكه‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌ گه‌وره‌ جیهانییه‌ ده‌نووسێ و گه‌ردیش له‌م كوردستانه‌ بچووكه‌وه‌ ئه‌و كتێبه‌ گه‌وره‌ جیهانییه‌ ده‌كاته‌ كوردی و زیاده‌ڕەوی نییه‌ گه‌ر بڵێین حه‌مزه‌ تۆف كوردی بزانیبایه‌، به‌ كوردی ده‌یخوێنده‌وه‌. عه‌زیز گه‌ردی كه‌سێك بوو كه‌ دوور له‌ شارچێتی و ناوچه‌گه‌ری له‌ ژێر سیبه‌ری نالی و كوردی و سالم و وه‌فایی و حاجی قادری كۆییدا ده‌ینووسی و وه‌ریده‌گێڕا و قه‌ت هه‌ستت نه‌ده‌كرد و نه‌تده‌زانی ئه‌م پیاوه‌ خه‌ڵكی كام شار و ناوچه‌ی كوردستانه‌، گه‌ر گه‌ردییه‌كه‌ی پێوه‌ نه‌بوایه‌. ئه‌م پیاوه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێده‌نگ و وه‌ك ئاو كاری خۆی ده‌كرد، قه‌ت كه‌سێك نه‌ دیدارێكی بینی و نه‌ خۆده‌رخستێنك و نه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایشی بۆ چاپی دووه‌می كتێب و كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ و پوول و زه‌ویوزرا و ئێواره‌خوان ده‌دا. من باوه‌ڕم وایه‌ هه‌ر ماڵێك كتێبخانه‌ی تێدابێت، بێگومان ده‌بێ كتێبێك زیاتری عه‌زیز گه‌ردی تێدابێ. پیاوی ئه‌فسانه‌كان و زۆرترین زمانه‌كان، پیاوێك ده‌مێكه‌ دكتۆرای هێناوه‌ و قه‌ت دالى نه‌كرده‌ پاشگری ناوه‌كه‌ی”.
کەریم تاقانەى وەرگێڕیش لە دیاسپۆراوە نووسیویەتى: “غوربەت، ئاخنراو بوو لە ترس و تاریکی؛ دەنگ و زمانی تۆ، سوکنایی و چرا. تۆ یەک لەو شاسوارانە بووی کە دەروونی ئێمەومانانت ڕووناک کردەوە، لێوڕێژت کردین لە جوانیی زمانی کوردی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و بۆ مرۆڤ. زۆرت لێوە فێر بووم، گەورەم. سوپاس بۆ ئەو هەموو میهرەبانی و بەخشندەییە. ماڵت ئاوەدان و خوات لەگەڵ بێ.”
هیوا قادرى شاعیر لەبارەى عەزیز گەردییەوە دەنووسێت: “من چەند قەرزاری تۆم مامۆستا عەزیز گەردی، تۆ فێری کوردیت کردم، دوو باڵت پێ بەخشیم تاکو بە زمانی کوردیی بفڕم و بیربکەمەوە، وات لێکردم بە باوەڕبەخۆبوونەوە بڵێم زمانی کوردی، خودای منە، نیشتیمانی منە، هەرە خۆشەویسترینە لەناو خۆشەویستەکانی ترمدا. ماڵت ئاوابێت، کە ماڵی هەموومانت ئاوەدان کردەوە. تۆ ئەو بزیسکە نەمرەیت تا دورتر بکەویتەوە جوانتر و ڕەنگینتر دەبریسکێیتەوە. یادت هەمیشە بەخێر و جوانی بێت.”
تاسان ـیش لە فەیسبووکەکەى نووسى : “تۆ نەبووایت قەت نەمدەتانی بە کوردیی بنووسم. پڕت کردم لە دەستەواژە و پەیڤی کوردەوار. لەسەر زاری تۆوە ڕەگم داکوتا، سەرتاپێت ئاوپڕژێن کردم بە وشە و گوتەزا و مشتومڕی کوردیی. خواروخێچ و ناڕێک بووم، پەلت گرتم و بەنێو فەرەنگ و کولتووری دنیادا ئەمنت گەڕاند، ڕامت کردم لە گاڕانی دەشتودەر. لە داغستانی حەمزەتۆفەوە تا کۆمدیای ئیلاهیی دانتی، لەسەر زاری تۆوە کازیوە و زەردەپەڕ و کڕێوە و ئەنگوستەچاوم ناسی. منی بێسەروبەر تا نووکەش ناتانم وەکی تۆ وشە بە کلکی وشەوە بنووسێنم، دەڕبرین وەک کوزر بکوتم و جەنجەری ئاخافتن وەسوڕێنم.. باوکم دەیویست بنزار و سەرزارم بە زمانی عارەبی سواغ بدات، لێ تۆ منت پەلکێش کرد بۆ چەهچەهە و جریوەی داغستان، لە پەڕگەی دنیایێ هەڵیاندابام هەر دەهاتمەوە بن کەپرەکەی تۆ. هەنووکەش کاتێک لە دەربڕین و گوتەگوتی ئەوانی دی بێزار دەبم، خۆم دەخزێنمەوە باوەشی کتێبێکت و لە باخ و باخچەی وشەکانت سەرخەوێک دەشکێنم. دەڵێن “بەحرکە” بوهاری خۆشە، گیاوگۆر و ڕێحانە لە دەوروبەری ماڵەکەت شین بوونە، لێرەوە بۆنی نێرگزی وشەکانتم بۆ دێت، بە ئاونگی دەربڕینت غوسڵ لە خۆم دەردەکەم… سەرڕاستیی و خاکەڕاییت دەبینم و لەباتی هەمووان تەریق دەبمەوە”.
مامۆستا ئیسماعیل بەرزنجی ـى شاعیریش بۆ عەزیز گەردى گەورە نووسى:
بەحركەی دێرین
وا یەکێک لە ڕۆڵەکانت
گەڕایەوە باوەشت
هەر لە تەوقی سەری
تابنی پێی هەر وشەن
کفنەکەی وشەیە
برۆ و برژانگی وشەن
ڕدێن و سمێڵی وشەن
بەحرکەی دێرین
لەمەودوا لەسەر خاکی تۆ
هەر وشە شین دەبن
لە گەوهەر بە نرخترن
لە مرواری درەوشاوەترن
لە ئەڵماس ڕەونەقدارترن
وشەن بە مانای وشە
وشەو فەرموودەی
عەزیز گەردین

ھەواڵی زیاتر