سێ کتێبی نوێی شێرزاد حەسەن بڵاوکرایەوە

لە نوێترین چاپکراوەکانیدا ناوەندی غەزەلنووس سێ کتێبی نوێی نووسەر و ڕۆماننووس شێرزاد حەسەن-ی بڵاوکردەوە.

کتێبی یەکەم بەناونیشانی “گۆشتەکەی بۆ ئێوە ئێسقانەکانی بۆ من” کە کۆمەڵێک سەرنج و وردبوونەوەی ئەم نووسەرەیە وەکو پەروەردەکارێک، کە زیاتر لە 30 ساڵ لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا کاری کردووە و پێی وایە ئەم سیستمەی لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت سەدەیەکە لە شکستدا بەردەوامی بەخۆی دەدات و کاتی ئەوەیە ماڵئاوایی یەکجارەکی لێ بکرێت. کتێبەکە جیا لەوەی نووسەرێک نووسیویەتی کە چیرۆکنووس و وەرگێڕە لە چاوی پەروەردەکارێکەوە، کە خاوەنی دیدێکی پەروەردەیی نوێخوازانەیە نووسەراوە.
هەرچی کتیبی دووەم بەناونیشانی “لە هەولێرەوە بۆ هێلسنگی” لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دیداری هەڵبژاردەی ئەم نووسەرە و چەند وتار و ئەزموونی ئەدەبی لە خۆگرتووە، ئەمە بێجگە لە ئەزموونی سەفەرکردن و مانەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی لە ئەوروپا و دواتر بڕیاردانی گەڕانەوەی یەکجارەکی بۆ هەرێمی کوردستان. نووسەر بە وردی هۆکاری سەفەرکردن و دواتر بریاردانی گەڕانەوەی لەم کتێبەدا بۆ خوێنەر ڕوون کردووەتەوە.
هەرچی کتیبی سێیەمە دەقێکی گرنگ و دیاری یۆجین ئونێل-ە بەناونیشانی “غوریلا” کە لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی.
نووسەر و پەروەردەکار شێرزاد حەسەن خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی چیرۆک و ڕۆمانە ئەمە بێجگە لەوەی لە بواری پەروەردە و وەرگێڕانیشدا خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە.

ھەواڵی زیاتر