فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی

دەوڵەمەندی زمانێک بە ژمارەی ئەو کەسانە ناپێورێت، کە قسەی پێ دەکەن، بەڵکو بەوە دەپێورێت تا چەند لە دونیادا بەربڵاوە و تا چەندە لە وشەدا دەوڵەمەندە. ئەوەی زمانی ئینگلیزی دەوڵەمەند کردووە، ئەو گەشە بەردەوام و بەربڵاوەیەتی کە لە سەرانسەری جیهاندا بە دەیان و سەدان پەیمانگە و کۆلیژی جۆراوجۆر بۆ خزمەتکردنی کراونەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی ساڵانە وشەی نوێ لەم زمانەدا لە دایک دەبێت و لە ڕێی فەرهەنگی تایبەتەوە بۆ زمانەکە زیاد دەکرێت. کەواتە بوونی فەرهەنگ لەهەر بوار و تایبەتمەندییەکدا بێت گرنگی بۆ ئەو زمانە هەیە کە فەرهەنگەکەی بۆ ئامادە دەکرێت و هەنگاوێکە بۆ دەوڵەمەندی ئەو زمانە و توانای گەشەکردنی لەو بوارەدا بەرەو پیشەوە دەبات.

ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینەیە قسەکردنە لەسەر “فەرهەنگی زاراوەی ڕەخنەیی” کە د. بەختیار سەجادی نووسیوەیەتی و ماڵی وەفایی بە چاپێکی قەشەنگ و لە دوتوێی نزیکەی 600 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم چاپە وەکو لە کتێبەکەدا نووسەراوە چاپی سێیەم و پێداچوونەوەی سێیەمە ئەم فەرهەنگە فەرهەنگێکی (ئینگلیزی، کوردی، فارسی)یە. کە دەیان زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی تێدا خراوەتەڕوو، کە دەتوانم بڵێم ئەمە دەشێت هەنگاوێک بێت بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان و ئەو گەشە بەرچاوانە دەکرێت لەڕێی خەمخۆرانی زمانی کوردییەوە زمانەکەمان پێی بگات.
زمانی کوردی لەو زمانانەیە کە خاوەنی توانایەکی زۆری تیۆری و ئەدەبی و زانستییە و ئەوەی ئەم زمانە وەکو زمانێکی هەژار دەردەکەوێت ئەوەیە کە بەکار نەهێنراوە هەموو ئەو گەشەکردنانەی لەم زمانەدا (بەتایبەت ئەم شێوەزارەی من پێی دەنووسم) ڕوویداوە لە دوای بەیانی 11ی مارتی 1970 ەوە گەشەیەکی بەرچاوە و ئەگەر وردتریش لەم گەشەیە بڕوانین دەتوانین بڵێین لە دوای ڕاپەڕینەوە گەشەکردنەکە هەم خێراتر بووە و هەم بەرچاوترە. ئەم فەرهەنگەی د. سەجادیش دەچێتە خانەی ئەو هەوڵانەی کە خزمەت بە بواری زمانەوانی و هاوکات زاراوەسازی کوردی دەکەن، چونکە دەخوازێت ئاسۆی ڕوانین و چەمکسازی کوردی گەورەتر و فراوانتر بکەن.
ئەوەی گرنگی ئەم کتێبەی د. سەجادی زیاتر کردووە ئەو توێژینەوە و پێشەکییەی نووسەرە سەبارەت بە کورتە مێژووی زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا و ئەو ئاستەنگانەی لەکاتی کارکردن لەم فەرهەنگەدا هاتوونەتە ڕێی ئەمە بێجگە لەوەی باسی لەو ڕێبازی کارەش کردووە کە پەیڕەوی کردووە. هاوکات هەوڵی ساغکردنەوە و یەکلاییکردنەوە چەند چەمکێکی بەهەڵەبەکارهێنراوی داوە و بۆ ئەمەش هەست بە تەقەلایەکی زۆری نووسەر دەکرێت کە جێگەی دەستخۆشییە.
هەموو فەرهەنگێک لەهەناوی خۆیدا بەشێک لە بەرپرسیارێتی و ئەرکی خزمەتکردنی زمانی لەسەرشانە. ئەوان ڕێنیشاندەری نووسەران و زمانەوانان و توێژەرانن بۆ ئەوەی باشتر بتوانن گوزارشت لەو شتانە بکەن، کە دەیخوازن. ئەوەی ئەم فەرهەنگە دەیەوێت بیکات خستنەڕووی بەشێک لەو چەمکانەیە کە هەوڵی ساغکردنەوە و ڕیشەکەی داون لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسیدا. د. بەختیار سەجادی بە حوکمی ئەوەی پسپۆڕی زمانی ئینگلیزییە و هاوکات پاشخانێکی باشی زمانی فارسیش شارەزایە بۆیە باشتر توانیویەتی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەم بابەتەدا دەربڕێت. ئەم هەوڵەی د. سەجادی بەپێی هەموو پێوەرە رۆشنبیریی و ئەکادیمییەکان جێگەی دەستخۆشییە و هیوای سەرکەوتنی بۆ ماڵی وەفایی کە لە هەوڵە گرنگەکانیان بۆ خزمەتی زمانی کوردی بەردەوامن.

ئارام کۆشکی_سلێمانی

ھەواڵی زیاتر