گشتگیریی پەتای کۆرۆنا دەریخست کە شتێکمان نییە بە ناوی کۆمەڵگە

ئەلیف شەفەق، ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی تورکە. له ‌نێو به‌رهه‌مه‌كانیدا دەکرێت ئاماژە بە کتێبی “نەته‌وه‌ی عەشق” بکەین کە ١٠٠ جار زیاتر چاپ و بڵاو کراوەتەوە و وەرگێڕدراوەتە سەر چەندین زمانی دونیا.

سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە دنیا، چەند چاپەرێکی نێودەوڵەتی (بە نیازپاکی) هەندێ تویتیان بڵاو کردەوە کە کەرەنتینە کاریگەریی لەسەر چیرۆکنووسەکان نابێت چون بە گشتی کەسانی گۆشەگیر و خووگیرن بە تەنیایی و مانەوە لە ماڵ.
گریمانەکە ئەوە بوو: لەبەر ئەوەی ڕۆماننووسەکان غەریبەن بە کارکردن لە بەڕێوەبەرایەتی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەکۆمەڵ، بە کۆرۆنا و کەرەنتینە کەمتر کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات، بەڵام بە ئەزموونی من، تەواو پێچەوانە بوو. پەتای کۆرۆنا ئەو ژیانەی سەراوبن کرد کە ئێمە دەمانناسی. هونەرمەندان و نووسەرانیش بەدەر نەبوون لەو کێشانەی کە هەموو کۆمەڵگە تووشی بووەوە. پرسی ئەوەی ئێمە دەروونگەراین، بەو مانایە نەبوو کە لەگەڵ خەڵک فڕێ نەدراوینەتە نێو دونیایەکی ڕەوانەوە.
ئێستا هەموومان لە حاڵی گوزەرداین بە خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان کە نەک تەنها لەگەڵ پەتای جیهانیی کۆرۆنا بەڵکو لەگەڵ دۆخی خراپی گۆڕانکارییە هەرێمی و نایەکسانییە بەربڵاو و شەڕەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی دونیا فۆرموولە بووە و ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەیدەین، کاریگەرییان لەسەر کوالێتی ژیانی نەوەکانی ئایندە دەبێت. هیچ کام لە ئێمە دەرفەتی خۆهەڵاواردن و خۆجیاکردنەوە و گوێنەدان بە یەکتریمان نییە.
لە نوێترین ڕۆمانمدا بە ناوی “دوورگەی دارە ونبووەکان”، یەکێک لە کارەکتەرەکان قسە دەکات کە بەردەوام لە زەینمدا دووبارەی دەکەمەوە: “لە ژیاندا ساتگەلێک هەن کە تیایاندا دەبێت هەموو کەس بە جۆرێک ببێتە پاڵەوان. ئەگەر شاعیر بیت، بە پەیڤەکانت دەجەنگیت. ئەگەر نیگارکێش بیت، بە تابلۆکانت..، بەڵام ناتوانیت بڵەیت من شاعیرم، لە من ببوێرن. کاتێک تا ئەم ئاستە ئازار و نایەکسانی و نادادپەروەری لە دونیادا هەیە، ناتوانی شتێکی وەها بهێنێتە سەر زمانت”.
سەردەمەکەی ئێمە سەردەمی تەشویش و دڵەڕاوکێیە و زۆرێکمان ڕووبەڕووی هەستی نەرێنی (هەر لە توڕەییەوە بگرە تا ترس، داماوی و سەرلێشێوان) بووینەتەوە، ئێمە باری ئیحساسێکی قورسمان لەسەر شانە، بەڵام ئەگەر ئەم سەدەیە بگۆڕێت بۆ سەدەی گوێپێنەدان و بێباکی، جیهانیش دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی زۆر تاریکتر و سەختتر بۆ ژیان.
لە چەقی گرنگترین گفتوگۆکانی ئەمڕۆ، کۆمەڵێک چەمکی بنەڕەتی هەن کە لەمێژە فەرزمان کردوون، وەک چەمکگەلی دیموکراسی و کۆمەڵگە و بنەماڵە و ئازادی، بەڵام ئاخۆ بەڕاستی ئەم چەمکانە مانایان چییە؟ نها، کاتی ئەوەیە پێناسە و دووبارە پێناسەی زاراوە بنەڕەتییەکانمان بکەینەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی تاچەر و ڕیگان و هاوکارە نێودەوڵەتییە کاریگەر بە “ڕاستی نوێ” بانگەشەیان بۆ دەکرد، شتێک هەیە بە ناوی “کۆمەڵگە”.
گشتگیری پەتای کۆرۆنا ئەمەی ئاشکرا کرد ئێمە تاکی جیا نین لە یەکتر کە هەر یەکەمان فڕێ درابینە گۆشەیەکی ئەم دونیا گەورەیە. وشەی “کۆمەڵگە” لە ڕیشەی لاتینیsocietasو sociusـیەوە هاتووە کە بە واتای “پێکەوەژیان” دێت. کاتێک پێناسەی کۆمەڵگە دەکەین، هاوکات دیارییش دەکەین کە چ کەسانێک لە “ئێمە”ن و چ کەسانێکیش بەشێک نین لە “ئێمە”.
ئێستا کاتی ئەوەیە جارێک و بۆ هەمیشە، ئەفسانەگەلی پۆپۆلیستیی ناسنامە بخەینە لاوە کە بوونەتە هۆی پۆلێنبەندی و کوتلەکاری و جیاکاری مرۆڤەکان لە یەکتری. ئەم دونیا دوو جەمسەرییە و هەڵکشانی بەردەوامی کێشەکانمان، هەڵمان نانێت بۆ ڕەنگاڵەیی و زۆرگەرایی و هەمەجۆری. ئێمە بەردەوام بچووک کراوینەتەوە و پاڵەپەستۆمان خراوەتە سەر تا لە نێو قاڵبی تایبەت جێگەمان ببێتەوە. وشەی “ناسنامە”، پەیوەندییەکی قووڵ و ئاڵۆزی لەگەڵ هاوڕایی و هاوشێوەیی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا شووناس زیاتر لەوەی جێگیر بێت، جووڵاوە و زیاتر لەوەی یەک جۆر بێت، فرەچەشنە. نابێت شوناس بە کەم بگرین، دەکرێت گەشە بکات و پەرە بستێنێت ڕێک وەک شەپۆلەکانی بازنەیەکی بچووکی نێو ئاو کە بەردەوام زیاد و زیاد دەبن. هێرکۆلیس، لە یەکەم فەیلەسوفەکانی ڕەواقی ((Zeno of Citium) ) بوو کە بیرۆکەی ئۆیکیۆسیسoikeiôsisیا تیۆریی پەیوەستبوونی لەسەر بنەمای بازنەی یەکانگیری پێشنیار کرد. لەم بۆچوونەدا بچوکترین بازنە کە لە ناوەڕاستی بازنەکانە، هێمای تاکە و بازنەکانی دەوریشی سیمبولی بنەماڵەی ناوکی و بنەماڵەی گەورە و هاوشاریان و هاووڵاتیان و لە کۆتاییدا هەموو مرۆڤایەتین.
سەردەمی گشتگیریی کۆرۆنا، کاتێکی باش بوو بۆ قبوڵکردنی ئەم بیرۆکەیە. لە ڕاستیدا لە ناو مەرگ و نەخۆشی، بواری ئەوە هەبوو بتوانین درک بە مرۆڤایەتی هاوبەش و پێکەوەبەستراوی بکەین بە شێوەیەک کە پێشتر هەرگیز مومکین نەبوو. هەرچەندە لەم ڕووەوە تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووین، بەڵام لەم دواییانەدا لەگەڵ ململانێیەکی دیکە بەرەوڕوو بووین: نیشتمانگەرایی ڤاکسین. وڵاتانی دەوڵەمەند لە کاتێکدا خەریکی بەرهەمهێنانی ڤاکسین و کەڵەکەکردنی ڤاکسین بوون، کە لە زۆر شوێنی دونیا خەڵک وەها کەرەستەیەکیان نەبوو بۆ خۆپاراێزی.
دواتر لە ئەوروپا شەڕ دەستی پێ کرد و دوای ئەوەش پۆتین هێرشی کردە سەر ئۆکراین، بەمەش شاهیدی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک بووینەوە. جارێکی دیکە سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستە فریودەرەکان، لەبری ئەوەی خەڵک بەرەو ئاشتەوایی و ئارامی ببەن و لە دەور بەها هاوبەشەکان کۆیان بکەنەوە، سەرقاڵی دروستکردنی دووبەرەکی و جیاکارین. بۆ من، کاردانەوەی خەڵکی ئەوروپا بۆ ئاوارە و پەنابەرە ئۆکراینییەکان هیوابەخش بوو، بەڵام ئەگەر نەتوانین لە ئایندەدا هەمان ئاستی هاودەنگی و هەستیاری بەرامبەر بە ئاوارە سوری و ئەفغانییەکان یان پەنابەرانی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان دەرببڕین، ئەوا پەند و وانەمان بە باشی لە زەمانە وەرناگرتووە.
وانەی زەمانەی ئێمە ئەوەیە کە یەک بنەماڵەین، بنەماڵەیەک کە ئایین و ڕەگەز و نزیکی و دووری جوگرافی نابێتە هۆی دروستبوونی کینە و دووبەرەکی. ئێمە کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتین. ئەمە چەمکی بنەماڵەی مرۆڤایەتییە کە نها هێرشی کراوەتە سەر هەر لە کچان و ژنانی ترساو و تۆقیوی نێو پەناگە ژێرزەمینییەکانی شارەکانی ئۆکراینەوە بگرە تا ژنە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان، لە چالاکانی مافی مرۆڤی سوریەوە بگرە تا چالاکانی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان لە بەڕازیل و چالاکانی کەمینە ڕەگەزییەکانی بەنگلادش.
ئێمە هەنگاومان ناوەتە نێو سەدە و سەردەمێکی نوێوە کە چاڵێنجگەلێکی گەورە و زۆر هاتووەتە بەردەممان. ناتوانین بە گەڕانەوە بۆ گۆشەگیری، عەشیرەگەری و ئەو ڕوانگەیەی کە خۆمان باڵاتر دەنوێنێ بەرامبەر ئەوانی تر، ڕووبەڕووی ئەم چاڵێنجانە ببینەوە. هەروەها ناتوانین بە دووی تاقە حەسرەتێکی تایبەت بکەوین: ئەگەر نادادپەروەری هەرێمی بۆتان گرنگە ئەوا دەبێت حەسرەتی نادادپەروەریی جێندەریشمان هەبێت. لەنێوچوونی ژینگە، ژنان و کچانی زۆر خستووەتە بن کاریگەریی خۆیەوە و لە هەر شوێنێک کە ئاوارەیی بە شێوەیەکی بەربڵاو دروست دەبێت، هەڵاواردنی جێندەری و توندوتیژی ڕەگەزیش بە شێوەیەکی سەیر زیاد دەبێت. ئەگەر حەسرەتی نایەکسانی جێندەری دەخۆن، ئەوا دەبێت گرنگی بدەن بە نایەکسانی نژادی و چینایەتی و ناوچەیی و نایەکسانییەکانی دیکە. مادام کە ناتوانین پارچە جیاوازەکانی وێنەیەک بخەینە تەنیشت یەکترەوە، ئەوا هیچ شتێک باشتر نابێت.
من بێزارم لە شەڕە کولتوورییەکان و ئەو شێوازەی کە سیاسەتمەدارەکان لە دەسەڵات زیندوو دەیانهێڵنەوە. لە سەردەمی شەڕی ڕاستەقینە، نابێت بە جیاوازی و تاقمکاری هێزمان بە فیڕۆ بدەین. زۆر شت لە بەردەم لەنێوچووندان. نها کاتی ئەوەیە یەک جار و بۆ هەمیشە ئەو ئەفسانە پۆپۆلیستییانەی ناسنامە کە دەبنە هۆی پەرتەوازەیی و چەوساندوەی خەڵکی، وەلایان بنێین.
پەتای جیهانیی کۆرۆنا نیشاندەری بەهای سەرنجدانە کاروباری نامادیی ژیانە: خێزان، هاوڕێیەتی و خۆشەویستی. ئێستا دەبێت ئاسۆکانمان فراوانتر بکەین: خێزان واتە مرۆڤایەتی، دەبێت هاوڕێیەتی لە سنوورە نیشتمانییەکان واوەتر بچێت و خۆشەویستیش ئەگەر لە ئاستی جیهانی نەبێت، بێواتایە.

ھەواڵی زیاتر