زمان و وێنەی دەق

خوێندنەوە لە بارەی قەسیدەی (سەفەری گندۆرەکان)ی ئەحمەد مستەفا
ڕۆلان بارت دەڵێت: لە تەماشاکردنی نووسەردا، ڕاستەوخۆ ئەو کەسەمان دێتە خەیاڵ کە لە نیشتمانی زمان نیشتەجێیە.
سەفەری گندۆرەکان لە رێکەوتی ٧\٧\١٩٩٧ نووسراوە، بەشێکی شیعرەکە لە گۆڤاری شیعرستان بڵاو کراوەتەوە، لە گۆڤاری ئاوێنەش کە لە دیوی ڕۆژهەڵات دەردەچێت، تەواوی دەقەکە بڵاو کراوەتەوە، دواجار شاعیر لە دووتوێی کتێبێکدا ئەم قەسیدەیەی لەگەڵ هەندێک لە شیعرەکانی تریدا له ‌كۆمه‌ڵه‌شیعری (كه‌پری به‌ربا) لەساڵی ٢٠٢٢ لە ڕێگەی ماڵی کتێب بە چاپ گەیاند.
قسە کردن لە بارەی ئەم قەسیدەیە، تێپەرین نییە بەسەر وێنە و هونەری زمانی شیعری، ئەم قەسیدەیە دوای پتر لە بیستوپێنج ساڵ تەمەنی، هەست دەکەی زمانێک لەبەردەمت دایە، هێشتان کاریگەری هەیە، چەندین وێنەی زمانی لە نێو ئاماژەکانی زمانی شاعیردا، پرۆسەی فیکر و جەدەلیەتی میژوویی و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و…چەندین بابەت و سەرنجی تریش بوونەتە هەوێنی شیعری، دواجار هەموو پرسێک ڕێکەوتی شیعری نیین، بەڵکو واقیعی کۆمەڵایەتی و ژینگەیین زمانی شاعیر لەسەری دەکەوێتە هۆنینەوەی دەق و داڕشتنی ڕووداوەکان.کەواتە زمان ستوونی مانەوە و زیندوو هێشتنەوەی دەقی ئەدەبییە، چۆن بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ لە جوانکاریدا دەخرێتە ڕوو، قوڵتر لەمە زمان وێنەی دەق بە ڕەنگی هەمە جۆر دەخاتە ڕوو.
شاعیر لە زەمەنێکدا ئەم قەسیدەیەی نووسیوە، کە نیشتمان بۆنی خوێنی لێ دەهات، کۆڵانەکان بە هەناسەی بۆگەن تەنرا بوون، ئازار مرۆڤی هەنجن هەنجن دەکرد، ئەم زەمەنە ئاشێک بوو، بە خوێنی هاووڵاتی و داماوی کورد دەگێردرا، ئەو ڕۆژگارە براکوژی بوو، خوێن بنەوانی بۆ هەڵبەسترابوو.
ژینگەی نیشتمان جێخەوێکی نەبوو بۆ ئارامی، هیچ مرۆڤێک هەستێکی خۆشی نەدەکرد کاتێک بە سەر زەویدا دەڕۆیشت، هیزێکت لەبەر نەدەگەڕا کاتێک باسی ژیان و ئەزموونی جیاوازی فکری دەکرا، ژینگە بەشێک نەبوو لە ژیان، تەنها بەشێک بوو زاکیرەی مرۆڤی کوردی ئازار ئەدا، زەمەن و ژینگەی ئەو ڕۆژگارە مرۆڤی لاواز و ترسەنۆکی بەرهەم هێنا، چونکە ئازارەکان بەردەوامن، بەجۆرێکی تر ئازار هەیە، خوێن لە زاکیرەمان قەتیس بووە، برین هێندە گەورەیە بۆتە ماک بە تەوێڵی قەدەری مێژووەوە.
ئەم قەسیدەیە قسە دەکات، تونێلە تاریکەکان ڕووناک دەکاتەوە، ئەم دەقە زۆر پرسی لەخۆدا هەڵگرتووە، لە ڕێگەی هونەری نواندنی قسەوە وەک پەیام بۆ ئازیزەکەی دەچێتە نێو دەقەکە و بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی پرسەکان لەگەڵ ئازاری دەروون، یان وەک بڵێین پرسی خۆشەویستی بۆ یارەکەی هاوتەریب دەکات و ڕۆح دەخاتە بەر چەندین وێنەی جوان و قەشەنگ.

ھەواڵی زیاتر