ماری کۆین؛ ڕۆمانێک لە بێدەنگیدا

زۆرجار بێدەنگی دەبێتە چەکێکی کوشندە بۆ کوشتنی شتێک، بەتایبەت ئەگەر ئەو شتە کتێبێک بێت و کتێبەکەش شایستەی ئەوە بێت بخوێنرێتەوە، بەڵام بێدەنگی بەرامبەری هەڵبژێردرابێت. وەکو ئەوە وەهایە کە باخچەیەکی جوان بە پەردەیەکی ئەستوور جوانییەکەی شاردرابێتەوە و کەس ڕووکاری باخچەکە نەبینێت. بێدەنگی بەرامبەر کتێب (کە لە وتارێکی پێشووتریشمدا باسم کردووە) یەکێکە لە خراپترین بێدەنگییەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان کتێب دەکوژێت، یان هەوڵە بۆ کوشتنی.

دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کوشتنی کتێب بە نەخوێندنەوە و بێدەنگی لێکردنییەتی. هەر کاتێک بەرامبەر دونیای داهێنان بێدەنگییەکی کوشندە هەبووە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە لە مەترسییەکی گەورەی کولتوورییدا دەژی.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاوم بە کتێبخانەکەمدا گێڕاو و سەیری بەشی رۆمانەکانم کرد تا بزانم چی تێدایە نەمخوێندبێتەوە یەکێک لەو رۆمانانەی چاوم چووەسەری رۆمانی “ماری کۆین”ی ماریسا سیلڤەرە و عەلی عوسمان یاقووب کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئەندێشەیە. رۆمانەکە رۆمانێکی قەبارە مامناوەندی 470 لاپەڕییە، ئەگەرچی کەمێک درێژە، بەڵام سەرنجڕاکێشی چیرۆکەکە هەر زوو خوێنەرە بەرەو لای خۆی دەبات و ئاوێتەی چیرۆکەکەی دەبیت.
رۆمانەکە لە چیرۆکێکی واقیعییەوە وەرگیراوە و ڕەگەزێکی مێژوویی هەیە بەو پێیەی دەخوازێت مێژووی چەندان سەدە لە ڕێی قۆناغێکی دیاریکراو و ڕووداوێکی دیارەوە باس بکات.
خوێنه‌ر له‌ ڕۆمانی ماری کۆین له‌به‌رامبه‌ر کاره‌کته‌ری ژنێك دایه‌، به‌ناوی “ماری”، که‌ خۆشی و شادی و خه‌م و خه‌فه‌ت و ته‌نانه‌ت که‌موکووڕیه‌کانیشی ڕاسته‌قینه‌ن. ئەو ژنێکی بەهێزە بەو مانایەی دەیەوێت خۆی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و هەر خودی خۆیشی بەرەنگاری کێشە و نەهامەتییەکان دەبێتەوە. بە هه‌مان شێوەش کاره‌کته‌ری “ڤێرا ده‌یر”یش هەمان چارەنووس و نەهامەتی و شادی بەسەریدا جێبه‌جێ ده‌بێ، که‌ وه‌کوو له‌ ڕۆمانه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ، هونه‌رمه‌ندێکی وێنه‌گری ئازاد و دژه‌باوی ساڵانی سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌ و‌ ڕۆماننووس نایه‌وێ، وه‌کوو که‌سێکی جوان و دڵفڕێن یا کاره‌کته‌رێك، که‌ به‌ هه‌موو شتێك ده‌زانێ، پیشانی بدا.
چیرۆکی رۆمانەکە خولانەوەیە بەدەوری کێشەی ئەم دوو ژنەدا لەگەڵ چەند کاراکتەرێکی دیکەدا، بەڵام هه‌ردوو ژنه‌که‌ش دوو کاراکتەری گەلێک سەرنجڕاکێش و ناوازه‌ن. ڤێرا ده‌یر، دوای وشکه‌ساڵی و نه‌هامەتییه‌کانی ساڵانی سییه‌کان له‌ ژیاندا مابووه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی تریشیان، ماری کۆین، به‌ره‌نگاری هه‌موو زه‌بروزه‌نگه چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ پاشکەوتووە چه‌سپاوه‌کان ده‌بێته‌وه‌. کاتێك ڕۆماننووس ئاوڕ هه‌ر یه‌ك له‌م دوو کاره‌کته‌ره‌ دەدکاته‌وه‌، تێمەکە وه‌ك ئه‌وه‌ی جێگه‌ی بڕوا نه‌بێ، ناخاته‌ ڕوو. ژیانی جیاوازی ئه‌م دوو ژنه‌ و‌ بابه‌ته‌کانی ژیان، مه‌رگ، چینه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌روه‌ها سیاسه‌ت به‌پێی نه‌خشه‌ و ته‌کنیکێکی سه‌رنجڕاکێشی هونه‌ری ڕۆماننووسینه‌وه دەخرێنەڕوو و ئەمەش تەنها خوێنەر ورد و جیدی هەستی پێ دەکات.
لەم رۆمانەدا جیا لە زۆر رۆمانی هاوشێوەی دیکەی مێژووی و واقیعی ڕۆماننووس دونیایه‌ك دروست ده‌کا، تیادا فیگۆ‌ره‌کان، سه‌ره‌ڕای ئەوەی لە دوو زەمەنی جیاوازدا ژیاون، بەڵام ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵ هه‌مان مێژوو هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌یان له‌ دیوێکی جیا له‌ چاره‌نووسی ئه‌وه‌ی تره‌وه.
رۆمانەکە چەندین کاراکتەری دیکەی تێدایە، کە من لێرەدا ناخوازم باسیان بکەم و سەفەر و چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم، بەڵام دەستخۆشی لە وەرگێڕی ئەم رۆمانە دەکەم کە هەمیشە هەڵبژاردنەکانی جێگەی سەرنجن و تێکستگەلی تایبەت و ناوازە هەڵدەبژێرێت کە پێویستی کتێبخانەی کوردین.

ھەواڵی زیاتر