ئایا نمرە پێوەری زیرەکییە؟

لە چەند رۆژی ڕابردوودا و لە سەروبەندی کۆتایی ئەمساڵی خوێندندا و وەرگرتنی نمرەی کۆتایی ساڵ لەلایەن قوتابی و قوتابیانەوە سەرنجی بەشێک لە نمرەکانی چەند فێرخوازێکم لە چەند قۆناغێکی جیا جیای خوێندندا . ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو کە نمرە پێوەری سەرەکی هەموو یەکەم بوونێکی نێو سەرجەم قوتابخانەكان بوو، ئەمە بێجگە لەوەی کە لە دانانی نمرەدا هەستم بە شتی سەیروسەمەرە دەکرد. بۆ نموونە ناکرێت فێرخوازێک لە وانەی بیرکاری و زۆربەی وانەکاندا نمرەی تەواو کە 100 وەربگرێت، بەڵام لە وەرزش 98 وەربگرێت. ئایا لەسەر چ بنەمایەک نمرەی ئەم وانەیە بۆ ئەم خوێندکارە دانراوە. ئەم خوێندکارە نزمترین نمرەی نمرەی وانەی وەرزشە کە 98 بوو، ئایا کێشەیەک لێرەدا نییە؟

ساڵانێکی زۆرە لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا باس لە بوونی دەیان کێشەی پەروەردەیی دەکرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەشێک لەم کێشانەی دەستکاری کراون و هەندێکی کەمی چارەسەر کراوە، بەڵام هیچ کێشەیەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەدا چارەسەر نەکراوە بەتایبەت پەیوەست بە مەسەلەی نمرە و بنەماکانی دانانی نمرەوە. ئەوەی سیستمێکی پەروەردەی وڵاتێک دەکاتە سیستمێکی پەروەردەی دواکەوتوو پشتبەستنی تەواوەتی سیستمەکەیە بە نمرە. هەرگیز نمرە پێوەری سەرەکی زیرەکی نییە، بەڵکو ئەوەی پێوەری سەرەکی زیرەکییە توانا و لێهاتوویی و سلۆکی مرۆڤبوونی قوتابیەكەیە، یان دورستتر بڵێم پەروەردەکردنییەتی. ئایا لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا ئەمە ڕەچاو دەکرێت؟ من ناتوانم بەڕەهایی بڵێم ئەمە ڕەچاو ناکرێت، بەڵام دڵنیام لە زۆرەبەی خوێندنگەکاندا ڕەچاو ناکرێت.
بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە لە سیستمێکی چەقبەستووی کلاسیک ڕزگار بکەین، پێویستە لەپاڵ هەڵسەنگاندن بە نمرەدا هەڵسەنگانێکی دیکەش هەبێت ئەویش دیاریکردنی خوێندکاری نموونەییە لەنێو خوێندنگەکاندا. دەشێ ئەم خوێندکارە نموونەییە نمرەی وانەی “کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان”ی لەبەرچاو بگیرێت دواتر لەسەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتنی نێو خوێندنگەکەی (نموونەییبوون)ـی دیاری بکرێت. واتە ئەگەر لە خوێندنگەیەکدا 10 خوێندکاری یەکەم هەبوون لە هەموو ئاستەکاندا زۆر گرنگە 10 قوتابی نموونەیش لەسەر بەها و ڕەوشتە مرۆییەکان هەڵبژێردرێن دەشێ لەنێوان ئەم دوو 10 یەکەمەدا چەند دانەیەک هاوبەش هەبێت، یان زۆربەیان هاوبەش بێت، ئەمە ئاساییە، چونکە دەشێ خوێندکارێکی زیرەک و نمرە بەرز، هاوکات ڕەوشت و کاری مرۆیشی بەرز بێت.
کورتەی قسەی من ئەوەیە کە گرنگە تەنها نمرە پێوەری زیرەکی فێرخواز نەبێت، بەڵکو دەشێ وەزارەتی پەروەردە، یان مامۆستایانی خوێندنگەکان ساڵانە بەهایەک دابنێن بۆ خوێندنگەکەیان و بزانن چ فێرخوازێک پەیڕەوی تەواوەتی ئەو بەهایەی کردووە. بۆ نموونە دەشێت خاوێنی جلوبەرگ یەکێک بێت لە بەهاکان. یان بەشداری چالاکانە خوێندکار لە بۆنە نیشتیمانییەکاندا، یان چالاکی خوێندکار لە بۆنە ژینگەدۆستی و خزمەتکردنی باخچەی قوتابخانەکەیدا، زۆر لایەنی دیکە کە من نامەوێت لیستەکە درێژتر بکەمەوە. کەواتە بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی سەرکەوتوومان هەبێت گرنگە نمرە پێوەرە سەرەکییەکە نەبێت، بەڵکو گرنگە یەکێک بێت لە پێوەرەکان و بەبێ ئەمە سیستمی پەروەردەی هیچ شوێنێک ناتوانێت بانگەشەی هاوچەرخبوون و پێشکەوتنبوونی بکات.

ھەواڵی زیاتر