پەروەردەی هونەر، یان پەروەردەی جوانیناسی

پەروەردەی هونەر چییە؟ گرنگی خوێندنی پەروەردەی هونەر لە چیدایە؟ ئەوەی لەم پەروەردەیەدا دەستمان دەکەوێت چییە؟ ئایا نەوەیەک کە دوور بێت لە پەروەردەیەکی هونەریی ڕاستەقینە چ نەوەیەکە؟ ئەگەر بایەخ بە پەروەردەیەکی هونەریی جیدی بدرێت چیمان دەست دەکەوێت؟ بێگومان ئەم پرسیارە و چەندین پرسیاری دیکە ناوە ناوە لە ناوەندە پەروەردەیی و هونەرییەکاندا دەوروژێنرێت، بەڵام هەمیشە بە شێوەیەکی شەرمنانە وەڵام دەدرێنەوە و زۆرجاریش وەڵامەکان کاڵوکرچن. بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری کۆکن ئەوەیە تا ئێستاش لەنێو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی شایستە بە پەروەردەی هونەر نادرێت. هەر ئەمەشە لێشاوێک لە بەرهەمی هونەری ئاستنزم، جێگەی بە بەرهەمە هونەرییە جیدییەکان لێژکردووە و خەریکە مەزاجی هەموان دەشێوێنێت.

لە هەفتەی پێشوودا ڕانانێکی کورتم سەبارەت بە کتێبی “په‌روه‌رده‌ی پراكتیك”ی مامۆستا خەلیل عەلی بڵاوکردەوە، لەوێدا سەبارەت بە گرنگی وانەی هونەر و کتێبەکەی ئەم مامۆستایە دوام کە دەشێ ببێتە ڕێبەرێک بۆ مامۆستایان تا وانەی هونەر بە گرنگییەوە بوترێتەوە. لە ڕانانی ئەمجارەدا کتێبێکی دیکەی هەمان نووسەر و مامۆستا دەخەمە بەرباس ئەمەیان سەبارەت بە “پەروەردەی هونەر”ـە. دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوەی پێشوو دوو کتێبی تەواوکەری یەکترین، دوو کتێبێکن کە دەکرێت هەموو مامۆستایەکی هونەر، یان هەموو کەسێک کە خولیای فێربوون و ئاشنابوونی هونەری هەیە بیخوێنێتەوە، بەڵام لە سەرچاوە دەگمەن و پێویستەکانە بۆ مامۆستایانی هونەر.
پەروەردەی هونەر، لە نووسینی مامۆستا “خەلیل عەلی” و لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتویی 475 لاپەڕەدا لە چاپێکی قەشەنگدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە؛ کتێبێکە، یان دروستتر بڵێم ڕێبەرێکە بۆ جوانیناسی و هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە دونیای منداڵ و لەوێوە دانانی بناغەیەک بۆ ئەوەی چاوێکی دیکەی بدەینێ بۆ بینینی هونەر و جوانی، گوێیەکی دیکەی بدەینێ بۆ بیستنی دەنگی تایبەت و ناسینەوەی سەدا هونەرییەکان. رۆحێکی بدەینێ کە ئارەزوومەندی هونەر بێت و بە هونەر پاراوبێت و دووربێت لە هەموو دەمارگیریی و شەڕەنگێزییەک. بێگومان نزیکبوون لە هونەر و کایە هونەرییەکان سەرەتای وشیارییەکن کە مرۆڤ لە کۆیلەبوون و بینینی دونیا لە یەک ئاراستەوە دوور دەخاتەوە. مرۆڤی هونەرمەند، یان ئارەزوومەندی راستەقینەی هونەر ئەو کەسەیە کە خاوەنی رۆحێکی پاکژە و سروشتپەروەر و ژینگەدۆست و مرۆڤدۆستە. ئەوەی ئەم مرۆڤە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە گۆی زەوی بە ماڵی خۆی دەزانێت، نەک ئەوەی تەنها گەڕەک، کۆڵان، یان شارەکەی بە شوێنی خۆی بزانێت.
کتێبی “پەروەردەی هونەر” ئەزموونی 26 ساڵ کارکردنی پەروەردەکارێکە کە بە شێوەی پراکتیکی لە کایەی هونەردا سەروکاری لەگەڵ وانەکانی هونەر و جوانیناسیدا هەبووە، کتێبەکە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی کۆمەڵێک ئەزموون کە لە کێشەکانی هونەر و چۆنێتی وتنەوەی وانەکەی و هاوکات کۆمەڵێک پێشنیار و باسی دیکەش دەکۆڵێتەوە. هاوکات گرنگی پرۆگرامی هونەریش لە جیهاندا ئەو بایەخەی دوای هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمی سەدەی ڕابردوو، کە بایەخی زیاتری پێدرا خراوەتەڕوو، چونکە پەروەردەی هونەر وەکو یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پەروەردەی هاوچەرخ ئەژمار دەکرێت.
دەستخۆشی بۆ مامۆستا خەلیل عەلی و هەوڵە گرنگ و بەردەوامەکانی لە کایەی پەروەردەی هونەردا، کە زیادەڕەوی نییە، بڵێین هەوڵەکانی لە هەوڵە دەگمەن و گرنگەکانە.

ھەواڵی زیاتر