نایەمەوە بۆ ماڵی دڵ؛ سرووتە رۆحییەکانی دڵشکان

لوقمان مستەفا – هه‌ولێر

“نایەمەوە بۆ ماڵی دڵ” ناونیشانی کتێبێکی شیعریی شاعیر (چنوور نامیق)ـە، کە کۆمەڵێک تێکستی شیعریی شاعیریی لە خۆگرتووە، تێکستەکان هەوڵێکن بۆ نووسینەوەی خود، خودێک کە لەنێو کۆمەڵگەدا دڵشکاوە، خودێک کە رۆژانە لەلایەن ئەوانی دیکەوە بەر نەفرەت دەکەوێت. کاتێک خوێنەر بەر دەقەکانی ئەم شاعیرە دەکەوێت هەست بە هەناسەیەکی تەنگ و گیراو دەکەوێت، مرۆڤێک کە نووزەی دێت. واتە دێڕەکان گوزارشتن لە نووزەی مرۆڤێک کە مێینەیەکە و دەچەوسێنرێتەوە. شاعیرە لە جێگەیەکدا دەنووسێت:

“لێرەوە مەڕۆ بۆ دۆزینەوەی ئینجانەکانی ژیان
لێرە و لەوێ
رۆژانە ئینجانەی گوڵان بە دەستی یارەوە دەشکێ
عەشقت بەخێر ئەی “دڵدارە” تیژڕەوتەکە
لێرەوە مەیەوە بۆ سۆراغی نیشتیمان
تازە ڕێی نیشتیمان ونە و
ئێمەش بێ ماڵ”
وێرانبوونی ماڵی عەشق، یەکێکە لە تێمە سەرەکییەکانی بەشێکی زۆری دەقەکانی ئەم شاعیرە، ئەو دەنگە ونبوو و کپەی پێشتر ئاماژەمان پێدا شاعیرە لەنێو دێڕەکانی ئەم کتێبەدا ئاماژەی وردی بۆ کردووە. سەردەمێک کە ماڵی عەشق بەرەو وێرانە دەڕوات و هەر وێران دەکرێت. هەموان پشت لە عەشقی ڕاستەقینە دەکەن و ژیانێکی ساختە و عاشقبوونێک بە دەمامکەوە جێگەی هەموو شتێک دەگرێتەوە. ئەوەی لەم دەقانەدا و لەو نموونەیەی سەرەوە دەیبینینەوە شکاندنی گوڵەکانی عەشق نییە بە تەنها، بەڵکو شکاندنی ژیان و بوونە لە هەموو ڕووەکانەوە، یان هەرەسهێنانی مرۆڤە لە سەردەمێکدا کە سەردەمی کەوتنی بەهاکانە. شکاندنی ئینجانەی گوڵەکانی دەستی یار، نیشانەی کۆتایی پەیوەندییەکە کە ئیدی بەرەو کۆتایی دەڕوات و مرۆڤەکان لە یەکتری دوور دوور دەکەونەوە و چیدی ئەگەر پێکەوەبوونیان نییە.
شاعیرە هەر لەو کۆپلەیەی سەرەوەدا ئاماژە بە تیژڕەوتی یار دەکات، کە دەشێ ئێمە ئەوەی تێدا بخوێنینەوە لە سەردەمێدا کە هەموو شتێک تیژڕەوتە عەشقیش بووەتە گەمەیەکی تیژڕەوتانە. هاوکات ئەوەی ئەم سەردەمە لە سەردەمانی دیکە جیا دەکاتەوە خێرایی و بێمانابوونی هەموو شتێکە. زەمەن خێرابووە، هەموو شت بە خێرایی دەڕوات، بۆیە مرۆڤەکانیش هەر خێران و زوو بریار دەدەن و هەر زووش پەشیمان دەبنەوە.
خاڵێکی کە لەم کتێبەدا هەستی پێ دەکەین ئەوەیە کە بڵندی دەنگی شاعیر و بوێریی ئەم شاعیرەیە، ئێمە لەسەرەتادا گوتمان شاعیر دەنگە کپەکان دەخاتەڕوو، بەڵام دەنگی شیعریی دەنگێکی دلێر و یاخی و بوێرە. واتە ئەم شاعیرە توانیویەتی دوالیزمێکی دژیەک لە نێوان وشە و دەنگی شیعریی خۆیدا کۆ بکاتەوە کە هەم بوێری لە دەقەکانەوە دیار بێت، هەم سەدای دەنگە کپکراوەکانیش بێت. شاعیران هەمیشە بوونەوەری ڕامنەکراون و دەنگی خۆیان و چەوساوەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر گەیاندووە و سڵیان لە هیچ شتێک نەکردووەتەوە و گوزارشتیان لە خەم ئازارەکان کردووە.
بەر لەوەی دواخاڵێک بۆ ئەم نووسینە دابنێم لە سەرنجێکی کورتدا دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە (نایەمەوە بۆ ماڵی دڵ)؛ کتێبی سرووتە رۆحییەکانی دڵشکانە لە سەردەمێکدا کە جگە لە دڵشکان مرۆڤ ناتوانێت هیچی دیکە کۆ بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر