شۆڕش غەفووری – هەولێر
“هەنار و فریشتەى مردن” لە نووسینى عەتا محەمەد و بە وەرگێڕانى ڕەزا کەریم بۆ فارسى، ڕۆمانى کەسانێکە کە لە سەرزەوینێکى نەفرەتلێکراو لەدایک بوونە، لەدایکبووانى جیهانى سێیەم کە بۆ دۆزینەوەى ژیانێکى باشتر دەست دەدەنە شتگەلێک کە بەر لەوەى بژاردە بێت ناچارییە. ڕەنگە کۆچ، دیارترینیان بێت و “سەربەست”، کەسایەتى سەرەکى هەنار و فریشتەى مردن، یەکێک لەم کەسانەیە، کۆچەرێک کە ڕەنجى غەریبى لەگەڵ خۆى هەڵگرتووە، تەنانەت لە دەمى گەڕانەوە بۆ نیشتمان.
کەسایەتییە سەرەکییەکەى ڕۆمانە خەریکى نووسینى گەڵاڵەى ڕۆمانێکە و کەمێک دواى دەستپێکردنى چیرۆکەکەى لەسەر پێشنیارى هاوڕێیەکى، دەگەڕێتەوە بۆ زێدەکەى سلێمانى تا بەشێک لە چیرۆکێکى ونبوو بدۆزێتەوە.
“سەربەست” کە نووسەرێکى کۆچەر و دانیشتووى ستۆکهۆڵمە، بڕیار دەدات ڕۆمانێک بنووسێت و بە دواى وەڵامى ئەو پرسیارانە بکەوێت کە چەندین ساڵە زەین و فکرى لێ داگیر کردووە، بەڵام نەخوازراو و لەسەر پێشنیارى هاوڕێیەکى، پاش چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەیان واتە سلێمانى تا پارچەیەک لە چیرۆکێکى ونبوو بدۆزێتەوە، سلێمانییەک کە ئیتر ئێستا وەک چارەنووسى زۆرێک لە هاووڵاتییەکانى، گیرخواردووى بازنەیەکە لە تۆز و غوبار و خۆڵەمێش.
لەم نێوەندەدا، ڕووداوێکى چاوەڕواننەکراو ڕوو دەدات و نووسین و بەڵگە و ئارگۆمێنتى نووسەرێکى دەست دەکەوێت کە دەبێتە هۆى ئەوەى لەگەڵ کچێت ئاشنا بێت بە ناوى “هەنار” کە خەریکى ڕێکخستنى دایرەتولمەعارفێکى (تێز) سەیرە، دایرەتولمەعارفێک کە بڕیارە پێرستى “کوژراوەیل”ـێک بێت تا ناویان لە ونبوون بپارێزێت و تۆماریان بکات. ئەم ئاشنابوونە خاڵى دەستپێکێکە بۆ ئاشنابوونى ڕەمز و نهێنییەک کە زیاتر لە هەمیشە سەربەست تووشى سەرلێشێوان و سەرلێونبوون دەکەن.
گەڕانەوەى سەربەست بۆ سلێمانى، گەڕانەوەى هاوشێوىى ئۆلیسە بۆ نیشتمان، نیشتمانێک کە پڕە لە چیرۆکى مرۆڤگەلى مردوو. ئەوانەى کە بێ ناوونیشانییان تەنانەت کاریگەرى مەرگی کەم کردوونەتەوە.
نها، ئەم سەرزەمینە کە وەک ئاوێنەیەکە بەرامبەر هەموو سەرزەمینەکانى دونیاى سێیەم، پێویستى بە گێڕەرەوە و ڕاویگەلێکە لە ڕەگەزى سەربەست و خەباتگێڕانێک لە ڕەگەزى هەنار و هاوڕێکانى تا بە تۆمارکردن و گێڕانەوە و نووسینەوەى چیرۆکى مردووەکان دژى فەرامۆشى و لەبیرچوونەوە بجەنگن، دژى بێناوى و دژى گەندەڵیی سیستماتیک بجەنگن.
“هەنار و فریشتەى مردن”، ڕۆمانێکى قووڵە بە فۆرمێکى هاوڕا و هاومانا لەگەڵ توێ و ناوەرۆکى بەرهەمەکە، گێڕانەوەیەک لە ژیان یا لاساییکردنەوەى زیندبوون لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست.
چیرۆکەکە، تەکنیکێکى و ئاڵۆزە و بەردەوام لە نێوان خەیاڵ و هەقیقەتدا دەست بەدەست دەبێت. فرەگێڕانەوەیەکە کە تەژییە لە وردیلە گێڕانەوەى سەرنجڕاکێش و لە هەمان کاتیشدا بەردەنگ و خوێنەرەوە لە ڕاستاى پێشڤەچوونى سەرەکى چیرۆکەکە سەرى لێ ناشێوێت.
نووسەر، چیرۆکەکە بە دوو گێڕەرەوەى هەمووشتزان و کەسى یەکەم دەباتە پێشەوە و فۆڕم و گێڕانەوەکە پێکڕا و بە جووتە دەخاتە خزمەت یەکترەوە. ڕاڕایی و دڵەڕاوکێیە فەلسەفى و کۆمەڵایەتییەکانى “عەتا محەمەد”، دڵەڕاوکێىەکی چیرۆکئەودەرە و ئەمەش لە چەندین شوێنى ڕۆمانەکەدا هەستی پێ دەکەین، چونکە ژیانى ئەو وەک کۆچەڕ یا بە قەولى خۆى “پەنابەر”، زەینى تێکەڵ بە بابەتگەل و پرسیارگەلێک کردووە کە زۆرینەیان غەریب و سەیر و بێ وەڵامن.
لە دنیایەک کە تەنانەت ئێستا، منداڵێکى کۆچەرى سوورى، تەنیا بە مەرگى خۆى دەتوانێت بۆ چەند ڕۆژێک ببێتە تایتڵ و مانشێتى هەواڵەکانى دنیا و وەک ئەوەى تەنیا بەو سوژدەیەى مەرگە لە لێوارى دەریا کە دەبینرێت، ئایا ئێمە دانیشتووانى ئەمبەرى دنیا، ڕێگەیەکی دیکەمان جگە لە شەڕکردن دژ بە لەبیرچوونەوە لەبەردەم ماوە؟!