یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی سیستمی پەروەردەی خوێندن فەرامۆشکردنی وانەی هونەرە. ئەم وانەیە ئەگەرچی تا هەنووکەش لە زۆربەی قۆناغەکانی خوێندندا وانەیەکی فەرامۆشکراو و پەراوێزخراوە، بەڵام لە سیستمی پەروەردەی هاوچەرخ و نوێگەردا، یەکێکە لە پیایەکانی فێربوون و بزواندنی هەستی فێربوون و خۆشویستنی وانەکانی دیکە. ئەوەی تا ئێستا ئەم وانەیە لە فەرامۆشیدایە نیشانەیەکی زەقی خراپی سیستمی پەروەردەی ئێمەیە و دەکرێت کاتێک باس لە ڕیفۆرمی پەروەردە دەکەین لەم خاڵەوە دەست پێ بکەین.
کاتێک قۆناغەکانی خوێندنم تەواوکرد بە دەگمەن نەبێت وانەی هونەرم نەخوێند، یان ئەوەشی لە وانەی هونەردا خوێندوومە هیچی ئەوتۆ نەبووە، کە شایانی ئەو کاتکوشتنە بێت، کە لە وانەیەکدا فێرخوازان پێوەی سەرقاڵ دەکرێن. هەتا لە ماوەی ئەو 12 ساڵەی خوێندندا تەنها بە پێناسەی هونەر ئاشنا نەبووم. لقە جیا جیاکانی هونەرم پێ نەناسێنرا، بەڵکو ئەوە هەوڵی خۆم و چەند هاوڕێیەک بووم، کە وای لێکردین ئاشنای هونەر بین و زانیارییەکی گەلێک سەرەتایی لەسەر هونەر و لقەکانی کۆبکەینەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک لەو هەوڵانەی کە بەرچاوم کەوت، دوو هەوڵی پەروەردەیی مامۆستا “خەلیل عەلی” بوو سەبارەت بە “پەروەردەی پراکتیک” و “پەروەردەی هونەر”، کە هەردووکیان بۆ من جێگەی سەرنج بوون، ئەم دوو کتێبە لە ڕیزی ئەو کتێبانەدان کە جێگەیان بەتاڵە لە کتێبخانەی کوردیدا و من لەم نووسینەدا تەنها ڕانانێکی کورت سەبارەت بە کتێبی “پەروەردەی پراکتیک” دەخەمەڕوو و ئەوەی دیکە لە دەرفەتی تردا هەڵوەستەی لەسەر دەکەم.
“پەروەردەی پراکتیک”، هەوڵێکە یان دەتوانم بڵێم ڕێبەرێکە بۆ مامۆستایانی وانەی هونەر، کە بتوانن بە شێوەیەکی دروست وانەیەکی دروست و شیاوی هونەریی پڕ زانیاریی و سوودمەند بە فێرخواز بڵێنەوە. کتێبەکە لە کۆمەڵێک بابەت و چالاکیی هونەریی گرنگ و هەستیاری پەروەردەیی بە پراکتیکی لە وانەی هونەردا لە خۆ دەگرێت. ئەم ڕێبەرە دەتوانێت هەوێنێک بێت بۆ ئاشناکردنێکی سەرەتایی فێرخواز بە هونەر، یان پەروەردەکردنێکی هونەریی، کە وانەکە بە شتی ناسوودمەندەوە تێنەپەڕێت. سەبارەت بە گرنگی کتێبەکە مامۆستا هەورامان وریا قانیع لە نووسینێکدا پێشنیاری ئەوەی کردووە، کە کتێبەکە بگەیەنرێتە وەزیری پەروەردە و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی پەروەردە و تا ئەم هەوڵە گرنگە لە فەرامۆشیدا نەکوژرێت و ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە سیستمی پەروەردەدا، منیش پشتگیریی بۆچوونەکەی ئەم مامۆستایە دەکەم و بە کارێکی گرنگی دەزانم.
وەک لەسەرەتادا گوتم کتێبەکە ڕێبەرێکە بۆ هەر پەروەردەکارێک کە وانەی هونەر بڵێتەوە و نووسەر بە وردبینییەکی زۆرەوە تەواوی ئەو پێداویستیانەی بۆ مامۆستایەکی هونەر پێویستە لەم کتێبەدا خستوویەتییەڕوو ئەمە بێجگە لەوەی بە وردەکارییەکی تەواوەوە پلانی ساڵانە و هەنگاوە فێرکارییەکان و ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی دیاریکردووە، کە پێویستە پەروەردەکار ئەنجامی بدات. بێگومان نووسەر دەرگای لەبەردەم مامۆستایان و پەروەردەکارانیشدا دانەخستووە و ئەوانیش دەتوانن خۆیان بە پێشنیاری نوێ و چالاکی نوێ وانەکە دەوڵەمەندتر بکەن، واتە هەموو ئەوەی لەم کتێبەدایە جۆرێک لە بەرچاوڕوونی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێیە لەبەردەم مامۆستادا تا بتوانێت چۆن پەروەردەیەکی هونەریی بە پراکتیکی و بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدات، کە دواجار فێرخوازێکی ئارەزموومەندی هونەریی بە سەلیقەیەکی بەرزی هونەرییەوە کۆتایی بە ساڵی خوێندنەکەی بهێنێت، کە هەر ئەمەشە ئامانجە سەرەکییەکەی هەر پەروەردەیەکی ڕاستەقینە.
“پهروهردهی پراكتیك” لە نووسینی مامۆستا “خەلیل عەلی”یە و لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتوێی 250 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دەستخۆشی بۆ نووسەر و هەموو ئەو کەسانەی دیکە کە هاوکاربوون بۆ لەچاپدانی ئەم بەرهەمە ناوازە و سەرچاوە پێویستەی کتێبخانەی کوردی.