كتێبی نووسەر و ڕۆژنامەنووس (سمكۆ محەمەد) بە ناونیشانی (دەوڵەت – چەمك و تیۆر) كەوتە بەر دیدی خوێنەرانەوە؛ ئەم كتێبە شرۆڤە و پێناسەی چەمكی دەوڵەتە هەروەها بەر مەبنای میتۆدی جیاوازەكان مشتومڕی چەمكی دەوڵەت كراوە ئەم كتێبە لە (435) لاپەڕە پێك دێت و تیراژەكەی (500) دانەیە.
نووسەر لەم كتێبەدا بە شیكاریەكی زانستیانە بە زمانێكی پاك و پاراو و بێگرێوگۆل دەنووسێ و باس لە چەمكی دەوڵەت و دەوڵەت هەم قەوارەی جوگرافیا و هەم شوناس و هەم سەربەخۆیی ئابووری و هەم مانایەكە بۆ بوون، بۆیە مەسەلەی دەوڵەت بەدرێژایی مێژوو هەم لەرووی مەعریفیەوە بۆتە جێگەی بایەخی میتۆدی كۆمەڵناسی سیاسی و لە زانكۆكانی جیهاندا دەخوێنرێ، هەم لەرووی تیۆری سیاسیەوە بایەخی پێ دەدرێت كە هەریەك لە تۆماس هۆبز و ژان ژاك ڕۆسۆ و هیگڵ و ماركس و هتد، بەزانستیانە شیكاریان بۆ كردووە و ڕەخنەشیان لێ گرتووە، هەم لە ڕووی جوگرافی و نەتەوەیی و قەوارەییەوە بۆ كۆمەڵگەیەك، یان ئایینەكان یان نەریتە جیاوازەكان كە لە ڕووی مێژووییەوە لە ڕێگەی هێزو سوپاوە وەدەستهاتووە، مشتومڕی ئەوەش كراوە كە مافی هەر نەتەوەیەك، یان كۆمەڵگەیەكە ئەگەر داوا بكات خاوەن قەوارەیەكی سیاسی و جوگرافی لەو شێوەیە بێت، ئەمەش بۆ كردنەوەی ئەو گرێ سایكۆلۆژیە سیاسییە بێت كە بۆماوەی پشتاوپشتە، چونكە هەر ئەم لایەنەیە كە تائێستاش هەمان كەشوهەوای سیاسیی پێوە دیارە كە بەئاسانی بۆ نەتەوەكان بەدەست نایەت، بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی كە تائێستا فرەستیان بۆ نەڕەخساوە ببن بە دەوڵەت و نوێنەریان هەبێت لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ هێزە گەورە و خاوەن دەسەڵاتەكانیش ئاسان نییە دەستبەرداری ئەو هەژموونە جوگرافیە بن كە چێژی لێ دەبینن.
ئەم كتێبە لە مانای تێرمەكەوە بگرە تا دەگاتە هەموو ستایلەكانی دەوڵەتی لێک داوەتەوە، بەڵام فۆكس خراوەتە سەر دەوڵەتی نەتەوەیی كە پێشتر داواكارییەكی گشتی بوو، لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە ڕەوایەتی سیاسی وەرگرتبوو، بەڵام ئەم ستایلە زیاتر دوای شكستی سۆڤیەت و نەمانی دووجەمسەری و نەمانی چەمكی ناسیۆنالیزم بوو بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت لەلایەن نەتەوەوە، باشترین سەلمێنەریش ئەوەیە كە ویستەكە بۆتە مەسەلەیەكی لاوەكی و چۆتە دەرەوەی ئامانجی نەتەوەكانی ڕۆژئاوا، تەنها بۆ ئەو نەتەوانە بایەخی ماوە كە گرێی سایكۆلۆژیان هەیە و نەبوونی ئەو قەوارە جوگرافییە بەكەموكورتی سیاسی دەزانن، چونكە نەمانی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی، جگە لەوەی هیچ بەهایەكی نەماوە دوای ئەوەی ڕۆژئاوا گەیشتە قۆناغی دەوڵەتی فرەیی لە مەزهەب و ئاین و نەتەوە و كولتوور، لێرەوە ئەم قەوارەیە بەخاتری ئەوانی دیكە كە لەپەنای نەتەوە بێ دەوڵەتەكانن تاكو نەبنە پەراوێز و جارێكی تر نەتەوەی سەردەست و ژێردەست درووست نەبێت، ناو و شوناسی دەوڵەتی نەتەوەیی گۆڕا، نموونەش ئەوەیە كە داواكاری دەوڵەتی كوردی گۆڕا بۆ دەوڵەتی كوردستان، چونكە لە پەنا كورد، سریانی و كلدانی و توركمان و پاشماوەكانی عەرەب، كولتووری غەیرە كوردی لە كوردستان هەن، بۆیە ئەو پێشنیارە قەبووڵ كرا كە دەوڵەت بە ناونیشانێكی دیاریكراوی نەتەوەییەوە نەمێنێت، بەڵام شوناسی نەتەوە لەدەست نەدات.
هەرچۆنێک بێ ئێمە لەم توێژینەوەیەدا مشتومڕی هەموو لایەنە میتۆدی و سیاسی و مێژووییەكانی ئەم چەمكەمان كردووە بەپێی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان، بەڵام ئامانجەكە خودی ئەو مانا نوێیەیە كە لەدوای هاتنی چەمكی جیهانگەرایی هاتە ئاراوە، بۆیە مانایەكی دیكەی لێکدانەوەی نوێ بۆ دەوڵەت، لەفەزای ئابووری كراوەدا خۆی مانیفێست كردۆتەوە، ئەویش لەجیاتی ئەوەی وەكو جاران دەوڵەتی گەورە كۆمپانیا بەڕێوە ببات، ئێستا بەپێچەوانەوە بۆ ڕزگاربوونی دەوڵەت لە ئەركە قورسەكانی، هەروەها بۆ گۆڕینی گرێبەستی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت كە دیاریكردنی ئەرك و ماف بوو لەنێو دەستووردا، پێچەوانە بۆتەوە بۆ گرێبەستی نێوان هاوڵاتی و كۆمپانیاكان، لەباشترین حاڵەتیشدا هەندێكجار دەوڵەت بۆ نەتەوە ژێر دەستەكان درووست دەكرێت، تاكو لەرێگەی ئەو سامانەی كە هەیەتی وەكو كۆنیالیالێكی ناڕاستەوخۆ بمێنێتەوە بۆ زلهێزەكان، نمونەش هاتنە پێشەوەی بەدەوڵەتبوونی ئەمازیغی و سكۆتلەند و كوردستان و كەتەلۆنیا و قرمی ئۆكراینا و هتد. هەروەها ئەو دەوڵەتۆچكانەی كە لەنەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناویان هاتووە كە لەرووی جوگرافیاوە، سەر بەدەوڵەتی گەورەی وەكو ئێران و توركیا و سعودیە و لیبیا و جەزائیر او تەواوی وڵاتانی عەرەبیین و كەیسەكانیان بۆ كاتی نادیار داخراون.
ئامانج لەم كتێبە لەسەرەتاوە ئەوە بوو كە كورد بەگشتی ئەم چەمكەی وەكو ویستی سیاسی و وەكو ویستی نەتەوەیی لەسەر زار بوو، بەڵام كە سەری نەگرت بەهەر هۆیەكەوە بووبێت لەكاتی خۆیدا، لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو ئەو نەتەوانەی وەكو كوردن و هەمیشە ستراتیژی سیاسیان بەئاڕاستەی دەوڵەتە، بەڵام ئیرادەی سیاسی سەربەخۆیان نیە، چونكە درەنگ فریای ئەوە كەوتن بچنە نێو هاوكێشەی سیاسی و ببن بە لۆگۆیەك و لەرێگەی ئەو لۆگۆ سیاسیەوە بناسرێن، ئەم بۆچوونەش ئەگەر نیگەتیڤ نەكەوێتەوە، ئەوەیە كە دەوڵەت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتە سیاسی و ئابووریەكەی هێندە سنووردار كراوە، تائەو جێگەیەی كە دەوڵەتی نەتەوەیی بەهای جارانی نەمێنێ، چ لەناو مەحفەلی نێودەوڵەتی و چ لەئاستی نێوخۆ، چونكە بەگشتی ئەو ویستە گشتیەی جاران هەبوو بۆ درووستكردنی دەوڵەت لەرێگەی ئامانجێكی سیاسی و سەركردەكانیەوە، ئێستا ئەو دەنگە بەشێوەیەك لەشێوەكان كزبووە، چونكە سیاسەت بەهۆی میدیا و سۆشیالمیدیاوە، تارادەیەك شەفاف بووە و بووەتە كردەیەكی ناشیرین و شوناسە جوگرافیاكەشی بەهۆی دەسەڵاتە سیاسیەكەوە ناشیرین بووە، چونكە ویستی خەڵك بەگشتی بۆ خۆشگوزەرانی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئاینەكان زیاترە، ئەمە كاریگەری لەسەر بوونی فكری ناسیونالیزمیش كردووە بەرامبەر بەوانی تر، بەوپێیەی كە زۆربەی نەتەوەكان دوای ئەوەی شایەتی ئەوە بوون سیاسەت ڕادەستی بازاڕ و ئابووری كرا، ئیدی نەتەوەخوازی بووە ئامانجی لاوەكی بۆ دەوڵەت.
ئێمە لێرەدا تائەو جێگەیەی فریای چەمكە سیاسیەكانی پەیوەست بە تێرمی دەوڵەت كەوتووین، هەروەها دەستكاری هەندێك كۆنتێكست و وشە و بابەتی زمانەوانی بووینە كە لە چاپی پێشووی هەڵە و كەموكورتی تێدا بوو، فریای ئەوەش كەوتووین هەموو لایەنەكان مشتومڕ بكەین، چ بەپێی لایەنە فەلسەفیەكە بێت چ لایەنە مێژووییەكە بێت، چ ئەو ستایلە نوێیەی كە پێناسەیەكی نوێی بە چەمكی دەوڵەت بەخشیوە، بەهیوای ئەوەی ئەم كتێبە بتوانێ مشتومڕێکی فكری بەرهەم بهێنێ و وەكو لێكۆڵینەوەیەكی جددی تەماشای بكرێت و كتێبخانەی كوردیش دەوڵەمەند بكات.