ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال

“ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال” ناونیشانی کتێبێکی دوو بەرگی قەبارە گەورەی مامۆستا “عەبدوڵڵا کەریم مەحمود”ە. ئەم کتێبە کە زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕەیە و چاپی یەکەمی بەرگی یەکەم لەسەرەتای دووهەزاردا بڵاوکراوە و دواتریش چاپی بەرگی دووەمی ئەم کتێبە ساڵی 2004 چاپ و بڵاوکرایەوە. دواتریش لەگەڵ بەرگی یەکەمدا بە چاپێکی قەشەنگتر چاپێکی دیکەی لێ کرا.

ئەم کتێبە هەوڵێکی گرنگ و دانسەقەیە لە بواری بەڵگەنامەیی سەبارەت بە هەردوو تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. لە هەردوو بەرگی ئەم کتێبەدا بە سەدان بەڵگەی جۆراوجۆر هەر لە وێنە و ناو و ناونیشانەوە تا کیتابی سەردەمی بەعس و چەندین بەڵگەی دیکە خراونەتەڕوو، کە خوێنەر لە ڕێی ئەم کتێبەوە هەموو ڕووکارەکانی چۆنێتی ڕوودانی کارەساتەکان ئاشنا دەبێت.
ئەگەرچی 34 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارنکردن و ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت. بەڵام تا ئێستاش قۆناغی بە بەڵگەنامەکردنی ئەم کارەساتانەمان تێنەپەڕاندووە. ئەم کتێبەی مامۆستا عەبدوڵڵا نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بەرگی یەکەمی چاپ و بڵاوکراوەتەوە و تا هەنووکەش دووجار چاپ کراوە و سەدان وێنە و بەڵگەنامەی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە، بەڵام تا هەنووکە نەتوانراوە ئەم بەڵگەنامانە بە نێودەوڵەتی بکرێن. لە چەند نووسینێکی پێشووتردا پێشنیاری ئەوەم کرد کە پێویستە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەوڵی ئەوە بدات ئەم بەڵگەنامانە لە بەڵگەی وشەییەوە بکاتە بەڵگەی ڤیدیۆیی و لەوێشەوە لە کەناڵ و سایتی تایبەت لە ئینتەرنێتدا بڵاوی بکاتەوە، تا دەنگی نەبیستراوی ئێمە بە جیهان بگات. لانی کەم دەنگی ئێمە بە ناوەندە هونەریی و سینەماییەکانی جیهان بگات، چونکە لەسەر هەر فیگۆرێکی ڕزگاربوو لە کارەساتی ئەنفال، یان هەڵەبجە دەتوانرێت جوانترین فیلمی سینەمایی لێ دروست بکرێت. وەک چۆن سەدان فیلم لەسەر کارەساتی هۆلۆکۆست دروست کراوە
“ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال” دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کارکردن لەسەری و وەرگێڕان و ئەرشیفکردنی بە شێوەی ئەلیکترۆنی. دەمەوێت بڵێم لەم سەردەمەدا کە سەردەمی شاشەیە و مرۆڤی ئەمڕۆ مرۆڤی بەردەم شاشەیە باشترین خاڵێک بتوانرێت دەنگی نەبیستراوی ئێمە و قوربانییەکانمان بە جیهان بگەیەنێت بە ئەلیکترۆنکردنی ئەم بەڵگەنامانەیە. دەکرێت ئەم خاڵە هەنگاوێک کارەساتەکانمان بباتە پێشەوە و بە جیهانی بناسێنێت.
ئێستا دوای 34 ساڵ پێویستمان بە پەڕینەوە هەیە لە قۆناغی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەوە بۆ قۆناغی سوودوەرگرتن لە بەڵگەنامە و ناساندنی دۆزەکەمان لە ڕێی بەڵگەنامەوە. تاکە ڕێگەی ئەمەش ئەوەیە لەڕێی تیمێکی تایبەتی حکوومی و بە ئەجێندایەکی نیشتیمانییەوە ئەم کارە بکرێت. کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە هیچی لە هێرۆشیمان و هۆلۆکۆست کەمتر نییە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا کەمتەرخەمە خودی خۆمانین، کە نەماتوانیوە کار لەسەر بە جینۆسایدناساندنی ئەم کەیسانە لە ئاستێکی گەورەی نێونەتەوەیدا بکەین. بێگومان ئاگاداری ئەو هەوڵانەم کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم و بەشێک لە چالاکوانانی کورد لە ئەوروپا دەستیان پێ کردووە. بەڵام پەرتەوازەیی هەوڵەکان سەنگی کارەساتەکەی کەم کردووەتەوە. هەموو هەوڵێک بۆ ناساندنی ئەم کارەساتانە ئەگەر هەوڵێکی تۆکمە نەبێت بە ئەجێندایەکی نیشتمانییەوە بە دڵنیاییەوە جێگەی خۆی ناگرێت. کەواتە گرنگە لە ئێستاوە دەست بەو هەوڵە بکەین و ئەم کتێبەی مامۆستا عەبدوڵڵا “ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال” دەکرێت دەستپێکی چالاکی و کارکردنێکی نیشتمانی بێت لەسەر هەردوو کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە.
دەستخۆشی هەمیشەییم بۆ خەمخۆری کارەساتەکانمان مامۆستا “عەبدوڵڵا کەریم مەحمود” و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە.

ھەواڵی زیاتر