ئەو کتێبەی کە تا ٩٣ ساڵی دیکە ناخوێنرێتەوە

و: شۆڕش غەفووری – هەولێر

(تسیێتسی دانگارمبگا ـ TsitsiDangarembga)، نووسەری زیمبابوەیی، لەگەڵ نووسەرگەلێکی وەک مارگارت ئاتوود و ئۆشن وۆنگ کەوت و ڕازی بوو بەوەی کە بەرهەمە نوێیەکەی بچێتە نێو پڕۆژەی (کتێخانەی ئایندە ـ Future Library). بەرهەمی ئەمە نووسەرانە تا ساڵی ٢١١٤ لەبەر دەست نابێت و خوێنەر ناتوانێت بیخوێنێتەوە. ڕۆژنامەی گاردیەن ڕێکەوتی ٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢١، ئەم هەواڵەی چاپ و بڵاو کردەوە.

تسیێتسی، نووسەرێکە کە لەبەر ڕۆمانە نوێیەکەی “ئەم لاشە تازیەبارە”، چیرۆکی کچێک کە هەوڵ دەدات لە زیمبابوەی دوای ئیستیعماری بژیت، چووە نێو پێرستی کۆتایی خەڵاتی بوکەر و کتێبەکەی بە “شکۆدار” و “باڵا” وەسف کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، کتێبی ئایندەی ئەم نووسەرە کەمتر ستایش دەکرێت، چونکە کتێبێکە تا ساڵی ٢١١٤ ناخرێتە ڕوو و ناکەوێتە بەردەم خوێنەران.
ئەم نووسەرە، هەشتەمین نووسەرە کە بۆ پڕۆژەی “کتێبخانەی ئایندە” هەڵبژێردراوە. پڕۆژەی کتێبخانەی ئایندە، پڕۆژەیەکی هونەرییە بۆ پشتیوانیکردن لە زەوی کە لە لایەن هونەرمەندی سکۆتلەندی “کیتی پیترسۆن ـ “ـەوە داهێنراوە. ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی و بە چاندنی ١٠٠٠ سنۆبەری نۆروێژی لە بەشێکی درستانێک لە نزیک ئۆسلۆ دەستی پێ کرد. پیترسۆن هەموو ساڵێک داوا لە نووسەرێک دەکات کە بەرهەمێکی پێشکەش بە پڕۆژەکە بکات. ئەو دەڵێت: “قەبارەی بەرهەمەکە ڕێک بە پێی خواستی نووسەرەکەیە”.
مارگارت ئاتوود، ئۆشن وۆنگ و کارڵ ئۆوە کناسگۆر تا ئێستا بەشدارییان لە پڕۆژەکە کردووە. ئەم بەرهەمانە هیچ کەس جگە لە خودی نووسەرەکەیان نەیبینیون و لە ژوورێکی دەورگیراو بە داری دارشتان لە نێو کتێبخانەی داچمەن لە ئۆسلۆ دەپارێزرێن. ١٠٠ ساڵ دوای دەستپێکی پڕۆژەکە، واتە لە ساڵی ٢١١٤، دارەکان دەبڕدرێنەوە و بەرهەمی نووسەرەکانە بۆ یەکەم جار چاپ دەکرێن.
دانگارمبگا لەم بارەوە گوتی: “ئەم بەرهەمە هونەرییە تەواو حەز و خواستی منی سەبارەت بە فەرهەنگی مرۆڤتەوەری بەیان دەکات کە سەرنجی لەسەر هێشتنەوە و پاکڕاگرتنی زەوییە. من و زۆرێکی دیکەی دانیشتوو لەم هەسارە جوانەمان، تەواو نیگەرانی سەلامەتی ماڵەکەمانین. پەیوەندیی دروستکردن لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە لەگەڵ کەسانێک کە ١٠٠ ساڵ دواتر دێنە سەر دونیا، هەیەجاناوی و ئیمتیازێکی تایبەتە”.
تسیێتسی دانگارمبگا کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆمانێک بوو بە ناوی “دۆخی تووڕەیی” و لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاو بووەوە و یەکەمین ڕۆمان بوو کە لە لایەن ژنێکی ڕەشپێستی زیمبابوەیی بە ئینگلیزی چاپ بوو، باس لەوە دەکات کە ئەو ئێستا دەزانێت چ چیرۆکێک دەنووسێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە نیگەران نابێت لەو ڕاستییەی کە هەرگیز نازانێت چۆن پێشوازی لە نووسینەکانی دەکرێت.
ئەم نووسەرە دەڵێت: “من هەمیشە یەکەمین خوێنەری خۆمم. بۆیە وا بیر دەکەمەوە کە تا ئەو کاتەی لە خۆم ڕازیم، دەتوانم ڕێگە بدەم کە چیرۆکەکەم بچێتە پێشەوە. ماوەیەکی زۆرە لەبارەی شتگەلی زۆر دەنووسم بێ ئەوەی کە زۆر گوێ لە بەردەنگەکان بگرم. کاتێک کە بەردەنگێک ڕووبەڕووم دەبێتەوە، بۆ نمونە لەمەڕ (لاشەی تازیەبار)، سەرنجڕاکێش و جوانە، بەڵام بەشێکی زۆر لە ژیانم خەریکیی نووسینەبوومە بێ بەردەنگ. بۆیە خووم گرتووە بە نووسین بێ بەردەنگ”.
پیترسۆن باسی لەوە کرد کە “کتێبخانەی ئایندە ـ Future Library”، شانازمەندە کە دانگارمبگا لەو نووسەرانێکی وەک دەیڤید میچل، هان کۆنگ، سیگوورجۆن بێگێر و ئەلیف شەفەق بێت. هەروەها گوتی: “وشەکانی تسیێتسی دانگارمبگا، کاریگەرییان لەسەر دونیا داناوە. ئەم نووسەرە زیمبابوەییە لەبەر تواناییەکەی لە وێناکردن و بەیانکردنی ڕاستییە بنەماییەکان پێدا هەڵگوتراوە و لە هەموو دونیا وەک دەنگی هیوا ستایش کراوە. ئەو، زوڵم و هەڵاواردن و ڕەگەزپەرەستیی سیستماتیکی لە نووسینەکان زۆر بوێرانە و لەبیرنەکراو خستووەتە بەر نەشتەر”.
تسیێتسی دانگارمبگا، لەم بارەوە دەڵێت: “زۆر شۆکاوییە، چونکە دەزانن کە من خۆم بە نووسەرێکی وەها نازانم. دڵنیام کە نووسەرانێک هەن دەزانن نووسەرگەلێک بەم سیفاتەوە هەن، بەڵام من خۆم بە وەها نووسەرێک نازانم. شانازییەکی گەورەیە و من لەم بارەوە زۆر دڵخۆشم”.
“دۆخی تووڕەیی”، کە “لاشەی تازیەبار” درێژەدەریەتی، لە لایەن (BBC)ـیەوە وەک یەکێک لەو ١٠٠ کتێبە دانراوە کە کاریگەرییان لەسەر دونیا داناوە. ئەم نووسەرە کە ئێستا لە هەرارەی پایتەختی زیمبابوەی دەژیت، خەریکی نووسینی کتێبێکی ناچیرۆکی و ڕۆمانێکە بۆ “گەورەساڵانی لاو ـ young adult “. ئەو خانمە نووسەرە، بە هۆی دەستبەسەرکرانی لە خۆپێشاندانی ساڵی ڕابردووی هەرارە دژی گەندەڵی، تۆمەتبار کراوە بە هەڵنان و دنەدانی توندوتیژیی گشتی و چاوەڕوانی ڕێکەوتی دادگاییەکەیەتی. نووسەران و ڕێکخراوەکانی ئازادی ڕاگەیاندن و بەیان، خوازیاری لابردنی تۆمەتەکانی سەر ئەم ژنەنە نووسەرەن و ئەمە بە بێ حورمەتی بەم کەڵە نووسەرە دەزانن.

ھەواڵی زیاتر