ئارام كۆشكی – سلێمانی
نزیکەی 35 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا تێدەپەڕێت، بەڵام دوای ئەو 35 ساڵە هێشتا قۆناغی دۆکۆمێنتکردنی کارەساتێکی وەکو ئەنفالمان تێنەپەڕاندووە و هێشتا هەوڵەکان لەم بوارەدا ناڵێم کەمن، بەڵام لە ئاستی گەورەیی کارەساتەکەدا نین.
ئەوەی تا ئێستا کراوە تەنها هەوڵی تاکەکەسین و ئەوانەش جێگەی دەستخۆشین. بەڵام تا هەنووکەش هەوڵی گەورەی نیشتیمانی بۆ ئەرشیفکردنی تەواوی کارەساتەکە و چیرۆکی ئەوانەی لەوێ ڕزگارکراون و نەدراوە، کە باش لە هەوڵی نیشتیمانی دەکەم مەبەستم لەوەیە کە قۆناغی ئەرشیفکردنی ئەم کارەساتە تەنها لە لۆکاڵدا نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە چەشنی کارەساتی هۆلۆکۆست، بکرێتە کارەساتێکی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی دونیا بە زمانە جیاجیاکان لە گەلەریی و شوێنە دیارەکانی دونیادا بناسێنرێت.
ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە تا هەنووکەش نەمانتوانیوە بەشێوەیەکی دروست و زانستی تەواوی کارەساتەکە بە شێوەیەکی گەنجاو و لەلای خۆمان ئەریشف بکەین، بە جۆرێک بتوانین چیرۆکی هەموو ئەوانەی لەو کارەساتە ڕزگاربوون بنووسینەوە و چیرۆکەکان تەنها چیرۆکی وشەیی و دەنگی نەبن، بەڵکو هەوڵی بە ڤیدیۆییکردنی چیرۆکەکان و هاوکات لەوێوە ژێرنووسکردنی بە ئینگلیزی بدرێت و پاشانیش لە تۆڕێکی ئینتەرنێتیدا تەواوی ئەو چیرۆکانە بخرێنەڕوو. بەڵام ئایا ئەمە کراوە؟ بێگومان ئەوەی من ئاگاداربم بەم شێوە سیستماتیکییەی لە هزر و خەیاڵی مندایە نەخێر، کە تەنها ئەمەشە کە بتوانێت خزمەتێک هەم بە دۆزی کورد بکات و هەم کارەساتەکەش لە لۆکاڵەوە بەرەو نێونەتەوەی بەرێت.
هەوڵە تاکەکەسییەکانی ئەریشفکردنی کارەساتی ئەنفال لە 10 بۆ 15 ساڵی ڕابردوودا جێگەی دەستخۆشین، ناکرێت باس لە هەوڵەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا کەریم مەحمود نەکەین کە لە دووبەرگی ناوازە و گرنگدا بەناوی “ڕەشەبای ژەهر و ئەنفال” خستییەڕوو. هەروەها هەوڵەکانی عارف قوربانی کە لە ڕێگەی دیداری ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕزگاربوانی کارەساتی ئەنفال ئەویش کاری جیدیی کردووە و ئەوەندەی من ئاگاداربم بەشێک لەوانە بۆ زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسیش وەرگێڕدراون، کە ئەمە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام سنووری بڵاوکردنەوەیان فراوان نەبووە و دەخوازین ئەم هەوڵانە بە بەرنامەیەکی نیشتیمانی فراوانەوە بکرێنەوە. هاوکات هەوڵە گرنگ و بەبایەخەکانی مامۆستا “عومەر محەمەد”، کە من ساڵانێکی زۆرە لە دوورەوە ئاگاداری کارەکانیم و تا دواجار دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەشێک لە دیدار و بەدواداچوونەکانی لە شێوەی کتێبێکی سێ بەرگی قەبارە گەورەدا و لەژێر ناونیشانی “گەشتەکانی ئەنفالستان”، کە نزیکەی سێ هەزار لاپەڕەیە چاپ و بڵاوکردەوە.
بێگومان چاپکردنی ئەم بەرهەمە دەکرێت سەرەتای پرۆژەیەکی گەورەی نیشتیمانی بێت بۆ کۆکردنەوە تەواوی ئەو چاوپێکەوتن و بەڵگەنامانەی دیکە کە کەسانی دیکەی خەمخۆری دۆزی ئەنفال لە ساڵانی ڕابردوو و تا هەنووکەش پێی هەستاون و کاریان تێدا کردووە. گرنگی ئەم پرۆژەیە تەنها لەوەدا خۆی نابینێتەوە، کە چاوپێکەوتن و بەداوداچوونە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئەو کەسانەی لە کارەساتی ئەنفال ڕزگاربوون. بەڵکو گرنگییەکەی ئەوەیە کە کۆکردنەوەکەی دەشێ ببێتە ماددەیەکی خام بۆ نووسەران و وەرگێڕکاران و سینەماکاران بۆ کارکردن لەسەر ئەم دۆزە. نووسەران دەتوانن لەڕێی چیرۆکی ژیانی هەر یەکێک لەم کەسە رزگاربوانەی لەم کتێبەدا حیکایەتیان گێڕدراوەتەوە چیرۆک و رۆمانی لەسەر بنووسن و ئەمانە ماددەیەکی خامی گرنگن کە لەوێوە نەمری زیاتر بە کارەساتەکە دەبەخشن.
ئەگەر بەراوردێکی کارەساتی ئەنفال بە کارەساتی هۆلۆکۆست بکەین. دەبینین کارەساتی ئەنفال هیچی لە کارەساتی هۆلۆکۆست کەمتر نییە، بەڵام خزمەتکردنی کارەساتی هۆلۆکۆست کارێک دەکات هەر زوو ببێتە کارەساتێکی نێونەتەوەیی و دواتریش بە سەدان و چیرۆک و ڕۆمان و فیلمی جۆراوجۆری لەسەر بنووسرێت و بەرهەم بهێنرێت، کە ئەمە خاڵێکی دیکە بوو کە وایکرد هۆلۆکۆست لە کارەساتێکی ناوچەییەوە ببێتە کارەساتێکی جیهانی و هەمووان بەزووی بیناسن. بەدەر لە نووسەران و چیرۆکنووسانی کورد وەرگڕکارانیش دەتوانن لە ڕێی وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانەوە دەستیان لە ناساندنی ئەم کارەساتەدا هەبێت بە گەلانی دیکە و زمانئاخێوەرانی دیکە. ئەمە بێجگە لەوەی فیلمسازانیش دەتوانن لە دەیان گۆشەنیگاوە فیلمی جۆراوجۆر لەسەر ئەم کارەساتە دروست بکەن. لەوێوە لەگەڵ پیشاندانی مەزڵوومیەتی کورد. هاوکات ئەوەش پیشان بدەن کە گەلێک هەیە دوای ئەو هەموو کارەساتە، هێشتا هەر بە پێوە ماوە و درێژە بە ژیان و مانەوەی دەدات.
دەشێ “گەشتەکانی ئەنفالستان”ی مامۆستا عومەر سەرەتای قۆناغێکی نوێی ناسینی ئەنفال و ناساندنی ئەم کارەساتە بێت بە ناوەوە و دەرەوەی خۆمان. هاوکات هەوڵی ناسینی دووبارەی خۆمان بێت، لەپێناو بەخۆداچوونەوە و بیرکەوتنەوەی ئەوەی ئێمە لە کوێوە هاتووین و ئێستا لە کوێداین.
“گەشتەکانی ئەنفالستان” دەشێ سەرەتای دامەزراندنی سەنتەرێکی نیشتیمانی بێت بۆ خزمەتکردنی ئەم کارەساتە لەپێناو گەیاندنی دۆزی کورد بە قۆناغێکی نوێ و هەوڵدان بۆ ئەوەی چیتر بەر بە کارەساتی دیکەی لەم شێوەیە بگرین کە ئەگەری هەیە لە هەرساتێکدا و لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان بێت ڕووبەڕوومان ببێتەوە.
“گەشتەکانی ئەنفالستان” دەشێ سەرەتا مێژوویەکی نوێ بێت بۆ نووسینەوەی ئەنفال و وەرگێڕانی چیرۆکی ڕزگاربووانی بۆ سەرزمانانی دیکە لەپێناو ئەوەی لەم سەردەمی بێبەهاییەی هەموو شتێکدا بەهایەک بۆ مێژوو و قوربانییەکانمان بگێڕینەوە و چمکێک لە مەزڵوومیەت و خۆڕاگریمان بکەینە دەروازەیەک بۆ پارستنی ئەو کیانەی هەمانە.
بۆ ئەم هەوڵەی مامۆستا عومەر محەمەد و “گەشتەکانی ئەنفالستان” تەنها دەستخۆشی کەمە، چونکە ئەوەی لەم کتێبەدا دەبینرێت زیاترە لەوەی هەوڵی تاکەکەسێک بێت، بەڵکو زیاتر لەوە لە ئیشی دەزگایەک دەچێت، بەڵام من دڵنیام ئەم تاکەکەسە “مامۆستا عومەر”ـە کە وەکو زۆر خەمخۆری تری دۆزی کورد بەتەنیا ئیشی دەزگایەکی کردووە و جێگەی دەستخۆشی و ستایشە. هاوکات جێگەی دەستخۆشیشە بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم کە شاکاریکی لەم چەشنەیان پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، کە شانازییەکی گەورەیە بۆ دەزگاکەیان کە لە ساڵیادی ئەنفالدا قوربانیان و ڕزگاربوانی ئەنفالیان لەیاد بووە.