“کتێب نیشتیمانە”، ئەمە قسەیەکی هێنری هاینەیە. ئەگەر کتێب نیشتیمانێک بێت، لاموایە دەتوانین بڵێین کتێب نیشتیمانی نهێنییەکانە. ئەوەی لە کتێبدا هەیە تا نەخوێنرێتەوە هەر نهێنییە. زۆرجار ئەوەی پێمانوایە لە کتێبێکدا کەشفمان کردووە و نهێنییەکەیمان ئاشکرا کردووە بەو شێوەیە نییە، چونکە کتێب تەنها یەک توێی نهێنی نییە، بەڵکو ژمارەی توێیە نهێنییەکانی کتێبێک دەشێ زۆر بن، بۆیە زۆرجار کتێبێک بە یەکجار خوێندنەوە تەنها بەشێک لە نهێنییەکەی بۆ خوێنەر کەشف دەکات، بۆ جاری دووەم بەشێکی دیکە و بۆ سێیەم و چوارەم تا کۆتایی هەر جارەی توێیەکی دیکەی نهێنی لای خوێنەر ئاشکرا دەبێت.
بەڵام هەمیشە هەندێک کتێب هەن، کە هەموو نهێنییەکانیان ئاشکرا ناکرێن. مەحاڵە خوێنەرێک بتوانێت لافی ئەوە لێ بدات کە تەواوی نهێینییەکانی نێو کتێبێکی ئاشکرا کردووە، چونکە کتێب خاوەنی هێزێکی گەلێک سرک و ڕامنەکراوە و لە هەموو کتێبێکدا جێگەیەک، پنتێک، ڕووبەرێک هەیە کە خوێنەر ناتوانێت دەستی پێی بگات و بیخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە.
لەو ساڵانەوەی لە کتێبەوە نزیکم و بەشێکی ژیانمم بۆ خوێندنەوە تەرخان کردووە بەتەواوی هەستم بەوە کردووە، کە هەر کتێبێکم خوێندبێتەوە نهێنییەکم دۆزیوەتەوە. هەتا ئەگەر کتێبەکە لە ئاستێکی مەعریفی نزمیشدا بووبێت. زۆر کتێب هەن نەمتوانیوە بە یەکجار خوێندنەوە تەواوی نهێنییەکەی کەشف بکەم و ناچاربووم جاری دووەم بیخوێنمەوە، یان زیاتر لە دووجار بیخوێنمەوە. هەندێک کتێبی دیکە هەبوون کە جاری یەکەم خوێندوومەتەوە وام هەست کردووە ئیدی جارێکی دیکە نایخوێنمەوە و ئەوەی ویستوومە لێیەوە دەستم کەوتووە. بەڵام دوای چەند ساڵێک دووبارە حەزی خوێندنەوەی ئەو کتێبە تێمدا سەوز بووەتەوە و جارێکی دیکە دەستم بە خوێندنەوە کردووەتەوە و بەر کۆمەڵێک نهێنی و نەزانراوی دیکە کەوتووم کە لە خوێندنەوەی یەکەمجاردا بەری نەکەوتووم. یەکێک لەو کتێبانەی کە هەر جارێک دەیخوێنمەوە نهێنی نوێی تێدا کەشف دەکەم کتێبی “وەهای گوت زەردەشت”ی فریدریش نیتچەیە. ئەم کتێبە بۆ یەکەمجار ساڵی 2002 خوێندمەوە و دانی پێدا دەنێم زۆر کەمی لێ حاڵی بووم، هەرچەندە بۆ تێگەیشتن لێی ڕاوێژم بە هاوڕێکانم دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆرم کەمم لەسەر ژیانی و بیرکردنەوەی ئەم بیرمەندە دەزانی، بۆیە نەمتوانی بەباشی لە بەشی زۆری ئەو چەمک و موفرەدانە تێبگەم، کە بەکاری هێناوە. ئیدی دوای چەند ساڵێکی دیکە جارێکی دیکە خوێندمەوە و کاتێکیش وەرگێڕانی نوێی بڵاوکرایەوە دیسان دەستم بە خوێنمەوە کردەوە. بەڵام هەر جارێک ئەم کتێبەی نیتچەم خوێندبێتەوە هەستم بە تازەیی و نوێبوونی ئەم تێکستە کردووە و ئێستا ناوە ناوە بەشێکی یان چەند پەرەگرافێکی لێ دەخوێنمەوە و هەمیشەش بۆم نوێیە.
ئەگەر لێرەوە بپەڕینەوە بۆ باسکردن لە تێکستی نەمر ڕەنگە نهێنی هەرە دیاری هەموو تێکستێکی نەمر ئەوە بێت کە بەشێکی لە ئاڵۆزی و سرکی و ڕامنەکردن لە بونیادیاندا بێت، بە جۆرێک کە خوێنەران نەتوانن بە یەکجار خوێندنەوە هەموو، یان بەشێکی زۆری ئایدیاکانی نێوی ڕام بکەن، یان دەشێت نهێنی تێکستی نەمر ئەوە بێت کە لە هەر سەردەم و زەمانێکدا دیوێکی بۆ خوێنەر کەش دەبێت و چەشنی مار لە هەموو سەردەمێکدا خۆی نوێ بکاتەوە، یان ئەگەر نوێبوونەوەی لە هەناویدا هەڵگرتبێت.
نموونەی دووەم قەسیدەی “دەربەندی پەپوولە”ی شێرکۆ بێکەسە، لەو کتێبە شیعرییانەیە کە ژمارەی ئەو جارانەی خوێندوومەتەوە زۆر زۆرە، هەر جارێکیش خوێندبێتمەوە دیسان سەرسامی کردووم و بەر دیوێکی نوێی ئەو قەسیدەیە کەوتووم، هەستم بە هەندێک وشە و ڕستە کردووە وەکو ئەوە وا بووە یەکمجاری ژنەفتنم بوبێتن. نموونەیەکی دیکە قەسیدەی عەشق-ی بەختیار عەلییە لەو دەقە شیعریانەیە ژمارەی ئەو جارانەی خوێندوومەتەوە، یان گوێم لێگرتووە گەلێک زۆرە، بەڵام هەمیشە هێز و نهێنییەکی تێدایە بۆ خۆی ڕامدەکێشێت. دەمبا تا سنوورێک کە ئیدی دەستکاری بیرکردنەوە و ڕوانینم دەکات. نهێنی ئەم قەسیدەیە لە چڕی زمان و ئەو میتافۆڕانەدایە کە نووسەر بەکاری بردووە، کە خوێنەر دەخاتە بەرهەم فرەمانایی و فرەڕوانینەوە، کە لە هەر ئاستێکدا لێی وردبیتەوە پێویستت بە تێڕامانی نوێ و ڕوانینی قووڵ هەیە بۆی.
نهێنی هەر کتێبێک، یان دەقێک دەشێ لە قۆناغێکی تەمەندا بۆ ئەو خوێنەرە کەشف بێت، بۆیە زۆرجار ئاشکرا نەبوونی نهێنی کتێب، یان تێکستێک بۆ خوێنەرێک پەیوەندی بە کەمئەزموونی خوێندنەوە و لاوازی پاشخانی مەعریفییەوە هەیە. تازە دەستم بە خوێندنەوە کردبوو زۆر بە کەمی لە شیعریی شاعیرە کلاسیکییەکان تێدەگەیشتم بەتایبەت “مەحوی” بۆ منێکی نەوجەوان گەلێک سەخت بوو. عەسرێک گوێم لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی هاوڕێیەکی شاعیر گرتبوو کە باسی شیعری دەکرد لەوێدا چەند شیعرێکی مەحوی شیکردەوە و نایشارمەوە گەلێک سەرسام بووم و سەرسامییەکەم گەیشتە ئاستی ئەوەی ئیرەیی پێ ببەم کە لە شیعریی مەحوی تێگەیشتووە. ئەو بەرنامەیە بووە هاندەرم بۆ ئەوەی ئیدی زۆربەی کاتەکانم بۆ خوێندنەوەی شیعر و تێگەیشتن لە شیعر تەرخان بکەم. بۆ ئەوەی بە بەشێک لە نهێنی شیعر ئاشنابم. هەر لەو تەمەندا بوو کە ناوە ناوە شیعرم دەنووسی، بەڵام کە لە دونیای شیعردا قووڵبوومەوە و بە هەندێک لە نهێنییەکانی ئاشنابووم ئیدی سڵم لە نووسینی شیعر کردەوە و نەچوومەوە بەلایدا. ئێستا دوای ساڵانێکی زۆر هەر لە گەڕان و تێگەیشتن لە شیعر بەردەوامم، لە خوێندنەوەی هەر شیعرێک و لێکۆڵینەوەیەکی تیۆریی و ڕەخنەیی لەبارەی ئەم هونەرەوە ئاسۆی دیکەم لەبەردەم دەکرێتەوە و زیاتر لە نهێنییەکانی شارەزا دەبم.
لە سەرەتاوە گوتمان “کتێب نیشتیمانی نهێنییەکانە” ئێستا کتێبخانەکەم بەتایبەت ئەو کتێبانەی خوێندوومنەتەوە نیشتیمانی نهێنییەکانی منن. لە هەموو کتێبەکاندا پەراوێز و هێڵ بە ژێرداهێنان و خستنە نێو کەوانە و زۆر شتی دیکەی تێدان. زۆر کتێب هەن، کە دە ساڵ لەمەوبەر خوێندوومەنەتەوە کاتێک بۆ نووسێنێک ڕێم تێیان دەکەوێتەوە و دەچم دەیانگرم بە دەستمەوە، سەیر دەکەم گەلێک نهێنی لە نێو دێڕەکانیاندا خۆیان حەشارداوە. چ ئەو نهێنیانەی من وەکو خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا پێی گەیشتووم و دیاریم کردوون. چ ئەو نهێنانەی خۆم وەکو پەراوێز لەو سەردەم کاتەدا نووسیومن. هەموو کتێبێکم کاتی خوێندنەوەییم لێ نووسیوە، وەکو ئەوەی لەو سەردەمە خوێنراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر لە زەمەنێکی دیکەدا خوێندمەوە بزانم چی دیکەی تێدا کەشف دەکەم. هەندێک کتێبم هەن دوو بۆ سێ جار خوێندراونەتەوە و کاتی خوێندنەوەی هەر دوو سێ جارەکەم لەسەر دوا لاپەڕەی یادداشت کردووە، کە بۆ من سوودی ئەوەی هەیە بزانم گەشەی فیکرییم لەنێوان خوێندنەوەی یەکەم و ئەوانی دیکەدا بە کوێ گەیشتووە؟
خاڵێک کە لێرەدا پێی گەیشتین ئەوەیە، کە خوێنەر پێویستە هەمیشە تاقیکردنەوەی خۆی بکات، یان چاودێری گەشە فیکریی و مەعریفییەکانی خۆی بکات. هەر خوێنەرێک بە درێژایی لانی کەم دە ساڵ لە یەک ئاستدا بوو دەبێت گومان لە توانا و بیرکردنەوە و درککردنی خۆی بکات. مەحاڵە مرۆڤ ئەگەر هەفتەی کتێبێک بخوێنێتەوە دوای پێنج ساڵ، یان زیاتر هەست بە گۆڕانێکی جەوهەری نەکات لە ڕوانین و دیدگایدا بۆ ژیان و شتەکانی دەوروبەری. هەر لەمبارەیەوە “ئەمبێرتۆ ئەكاباڵ” قسەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەڵێت “ئەو كاتەی لە خوێندنەوەی كتێبێك تەواو دەبیت، هەرگیز نابیتەوە بۆ ئەو كەسەی پێش خوێندنەوەی کتێبەکە” کاباڵ لێرەدا پێداگریی لەسەر ئەوەی دەکات کە دەشێ هەموو کتێبێک دەروازەیەک بێت بۆ ئەوەی گۆڕانێک لە ئێمەدا بخولقێنێت، یان خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە بیرکردنەوەی ئێمەدا. بەڵام ئایا کتێب بۆ هەموو خوێنەران بەم شێوەیەیە؟